جارێکی تر خەمی خانەنشینی

09:52 - 2023-05-22
سمکۆ چنارەیی
135 خوێندراوەتەوە

لە ژمارە 8920 ی رۆژی 17/5/2023 و لە لاپەڕەی کەلتوری رۆژنامەی کوردستانی نوێ، نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە ئەزموون و شارەزا مامۆستا عەلی حەمەڕەشید بابەتێکی بە ناونیشانی خەمی خانەنشینی بڵاوکردۆتەوە و زۆر دڵسۆزانە و خەمخۆرانە باسی خزمەتی ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانە دەکات دوای دەیان ساڵ لە کاری پەروەردەیی خانەنشین دەکرێن و هەموو ئەو داهێنان و بۆچوون و زانستەی هەیانە بەجۆرێک لە جۆرەکان خامۆش دەبن و تەنانەت وەک ئەوە وایە رۆژێک ئەو پەروەردەکارە ناخ جوانانە لە کایەیی پەروەردەدا نەبووبن.
بەندەش وێڕای دەستخۆشی بۆ نووسینەکەی مامۆستا عەلی پێشنیاز دەکەم بۆ وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکرێت لەڕێی بەرنامە و پلانێکی وردی پەروەردەییەوە هەوڵی دروستکردنی مەڵبەندێک یاخود سەنتەرێکی گونجاوی پەروەردەیی و رۆشنبیری بدرێت لە هەر شارێکدا و تیایدا کتێبخانە و باخچە و چەند بەشێکی تری پێویستی تێدابێت و وەک خانەیەکی رۆشنبیری فراوان ئەو مامۆستا و کەسە پەروەردەییانەی خانەنشین دەبن بە ئارەزوومەندانە سەردانی بکەن و بەدڵنیایش سوود لەو ئەزموون و داهێنان و کارە جوانانەیان دەبینرێت کە لەماوەی ساڵانی کاری خزمەتکردنیاندا کردویانە.
دەشتوانرێت وەک راوێژکار سەیر بکرێن بۆ پرس و بواری پەروەردە سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگیرێت، چونکە زۆر لەو فێرکارانەی خانەنشین دەبن، لەکاتی دەوام و کارکردنیاندا وەک ئەستێرە ناوی دیار و گەشاوە بوون لە کایەی پەروەردەدا، ناکرێت هەر لەبەرئەوەی خانەنشین بوون ئیتر کۆتاییان پێ بهێنرێت، بەوهیوایەی لایەنی پەیوەندیدار بیرێک لە بەهەدەرنەدانی توانای خانەنشینانی کەسانی بواری پەروەردەی دەکردەوە.

وتارەکانی نوسەر