گەڕی دووەم کێ دەکات بە سەرۆک؟

09:54 - 2023-05-22
نەوزادی موهەندیس
293 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە 19/5دا ئەنجامی كۆتایی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیای راگەیاند كە ئەردۆغان ریژەی 49,52 % كە 27088000 دەنگی هێنا و كەمال كلیچدار ئۆغڵوش رێژەی 44,88 % و 24568196 دەنگی بەدەستهێنا، بەم شێوەیە هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی ریژەی 50+1 بەدەستبێنن، هەربۆیە ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغڵۆ دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكەوە لە 28/5 دا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەم ئەنجامانە؟ ئەی لە كاتی دەرنەچوونی ئەردۆغاندا یان دەرچوونەوەیدا چی روودەدات لە توركیادا؟

بەراوردێك لە نێوان هەڵبژاردنی پێشو و ئەمجارەدا
ئەگەر بەراوردێك لەنێوان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا و ئەردۆغان لە 2018دا بكەین، ئەوكات ئەردۆغان 52,59 %  بەدەستهێنا لەبەرامبەر پێنج كاندیدی ئۆپۆزسیۆندا، بەمەش دەردەكەوێت ئەردۆغان وەك رێژە لەم هەڵبژاردنەی 2023دا دەنگەكانی كەمی كردووە، بۆیە دەردەكەوێت كە ئەردۆغان نەك سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو شكستیشی هێناوە، بەڵام ئەم شكست و دەنگ كەمبوونەوەیەی لەبەرامبەر بوونی چەند كێشەیەکی تونددایە كە رووبەڕووی ببۆوە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، لەبەر ئەوە دەبێت دان بەو راستییەدا بنرێت، كە ئەردۆغان هێشتا پێگەی جەماوەریی بەهێزە و متمانەی زۆرینەی لەلایە و ناكرێت بە شكستخواردووی تەواو ناوببرێت.
كێشە سیاسی و ئابوورییەکان و مەسەلەی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و برسێتی و هەژاری و بێكاری و پەتای كۆرۆنا و دواتریش جەنگی ئۆكرانیا و روسیا و نوێترینیشیان بوومەلەرزەكەی بەر لە سێ مانگ هەموویان پێكەوە كاریگەرییەكی خراپیان لەسەر دۆخی ئەردۆغان و ئاك پارتی هەبووە.
بۆیە ئەگەر ئەردۆغان و هاوپەیمانەكانی و بەتایبەتیش دەنگدەرانی سینان ئۆغان كە بۆخۆی توندڕەوێكی توركە دەنگەكانی بداتە ئەردۆغان، ئەوا بە ئاسانی لە گەڕی دووەمدا دەبێتەوە سەرۆك كۆماری توركیا. جا لەكاتی دەرچوونەوەیدا پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاری زۆر لە رەوتی كار و بەرنامەی حكومەت و سەرۆكایەتیەكەیدا رووبدات، بەڵام توركیای ئایندەش وەكو توركیای پێش هەڵبژاردن نامێنێتەوە، چونكە بەتەواوەتی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەی تاڕادەیەك یەكسان لە هێز و جەماوەردا، بۆیە دەكرێت ئۆپۆزسیۆن خۆیان توندوتۆڵ بكەنەوە و بتوانن لانیكەم سەرئێشەی بۆ دروستبكەن.

ئەگەر كڵیچدارئۆغڵو سەركەوێت
لەكاتی دەرنەچوونەوەی ئەردۆغان و سەركەوتنی كەمال كڵچیدار ئۆغڵو و هاوبەشیكردنی حزب و سەركردە هاوپەیمانەكانی، كە هەموویان دژایەتی توندی ئاک پارتی و ئەردۆغان دەكەن. ئەوا بەدڵنیاییەوە دەرگای جەهەنەم بەسەر ئەردۆغاندا دەكرێتەوە و بە ئاسانی لێناگەڕێن كە هەموو ئەو كارانەی كردوونی بێ لێپرسینەوە لێی دەربچێت.
ئەو دۆسێ و كێشانەی رەنگە ئەردۆغان روبەڕوویان ببێتەوە بریتین لە:
داڕمان و پاشەكشەی ئابووری و دۆخی دارایی و نزمبوونەوەی نرخی لیرەی توركی، ناجێگیریی پەیوەندییە سیاسیەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیادا، هەڵمەت و هێرشە بەردەوامەكانی بۆسەر خۆرئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان و بەمەش بۆتە هۆی كوشتنی گەنجانی توركیا و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی توركیا، دۆسێی گەندەڵی لە نەوت و وەبەرهێنان و بوومەلەرزەكەی توركیا، بڵاوبوونەوەی برسێتی و هەژاری و بێكاری لە توركیادا، وەرگرتن و مانەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی سوریا و ...هتد، هاوكاری و یارمەتی گروپە توندڕەوەكان و ئەوانی تر لە سوریا، كێشەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نەبوونی ئازادییەكان و گرتن و راوەدوونانی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان، مەسەلەی كورد و گرتنی سەلاحەدین دەمیرتاش و لابردنی سەرۆك شارەوانیەكان و لایەنگرانیان كە نزیكەی 10هەزار كەس دەبن، دەركردن و نانبڕینی سەدان هەزار هاووڵاتی تورك لەدوای «كودەتا!»كەی ساڵی 2016وە.

نەیارەكانی پەنا دەبەنە  بەر دادگاكان
بۆیە بەم شێوەیە رەنگە وەك چۆن ئەردۆغان هەمیشە پەنای دەبردە بەر دادگاكان بۆ سزادانی نەیارەكانی، هەرواش خۆی روبەڕووی سزا و دادگاییكردن ببێتەوە، كە بەم شێوەیە قۆناغی پاش سەردەمی ئەردۆغان دێتە كایەوە.
گریمان كاتێك كلیچدار ئۆغڵوش سەربكەوێت و ببێتە سەرۆكی توركیا، (هەرچەندە سەركەوتنەكەی مسۆگەر نییە)، بەهۆی بوونی چەندین كێشەوە لەوانە:
لەكەمینەی مەزهەبی عەلەویە و بنەچەشی كوردە، كاندیدێكی تەوافوقی بووە، نەك كاندیدێكی كۆنكرێتی حزبە هاوپەیمانەكانی، سەرەڕای عەلمانی بوون و میراتگریی ئەتاتورك، بەڵام توندڕەوە توركەكانی ناو حزبەكەی و ئەوانی تریش دەنگیان پێنەداوە و دەنگەكانیان داوە بە سینان ئۆغانی توندڕەوی كۆنە مەهەپە.
بنكەی جەماوەریی حزبەكانی تر یان دەنگیان نەداوە بە كەمال بای یان هەرنەچوون بۆ دەنگدان، دەنگدانی كوردەكان و هەدەپەش بۆخۆی هۆكارێكی تر بووە كە زۆرێك لە توندڕەوە توركەكان، دەنگ نەدەن بە كەمال بای، چونكە ئەوان كورد و هەدەپە بە تیرۆریست دەزانن. كوردیش لەنێوان هەردووكیاندا زەرەرمەندی یەكەم بووە و کەمتر لە 70 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
بۆیە ئەمجارەش بەهەمان شێوە هەڵوێستیان هەبێت، ئەوا سەركەوتنی كمال بای زۆر زەحمەت دەبێت، بەتایبەتیش كە دەنگدەرانی سینان ئۆغان رووبكەنە ئەردۆغان و دەنگەكانیانی پێبدەن.

گەڕی دووەم توند دەبێت
لەبەر هەموو ئەوانە، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن زۆر توندتر دەبێت بۆ هەردوولایان و ئەنجامەكەشی بۆ هەرلایەكیان بێت، رەنگە گۆڕانكاریی گەورە دروست بكات لەناو توركیا و سیستمە سیاسییەكەیدا.

هاووڵاتیانی تورکیا کێ دەکەن بە سەرۆک؟

وتارەکانی نوسەر