لەناو رووداوەکاندا

رۆژئاڤای كوردستان لە جامیعەی عەرەبیدا

10:00 - 2023-05-22
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
318 خوێندراوەتەوە

ئەندامانی رێکخراوی جامیعەی وڵاتانی عەرەبی لە دوای دامەزراندنی ئەو رێکخراوەوە لە ساڵی 1945ەوە بە هۆکاری جیاواز ئەندامێتی هەریەكە لە میسر لە ساڵی 1979 و عیراق لە ساڵی 1990 و لیبیا لە 2011 سوریاش لە هەمان ساڵدا واتە 2011 هەڵپەسارد. 
هەروەها ئەندامێتیانی بەم شێوەیە گەڕاندەوە میسری لە 1987 و عیراق لە 2003 و لیبیا هەر لە 2011 ، بەڵام سوریا هەڵوەشاندنەوەی هەڵپەساردنەکەی کەوتە 2023 ، میسر لەسەر رێکەوتننامەی کامپ دەیڤد و دەرچوون لە ئیجماعی عەرەبی و رێکەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل و عیراق لەبەر داگیرکردنی کوێت و سوریا و لیبیاش بەهۆی شۆڕشەکانی «بەهاری عەرەبی»، ئەمەش بەپێی بڕگەی 18ی پەیماننامەی رێکخراوەکەوە كە تێیدا هاتووە «هەر وڵاتێك ئەركەكانی جێبەجێ نەكات، بەكۆی دەنگ لە رێکخراوەکە جیادەكرێتەوە».
لەماوەكانی رابردوودا، بەهۆی ناكۆكیی وڵاتانی ئەندامیشەوە لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆبوونەوەی لوتكەی رێکخراوەکە و دوای 12 ساڵ دابڕانی سوریا لە جامیعەی عەرەبی، جارێكی دیكە بەشار ئەسەد گەڕایەوە و كورسییەكەی لەو رێکخراوەدا وەرگرتەوە.
 لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا سوریا وەك دەوڵەتەكەی پێش 2011 گەڕاوەتەوە، یان ئەمجارە بە نەخشەیەكی نوێوە گەڕاوەتەوە كە ئێستا لە سوریادا هەیە و بەشێکی ناوی رۆژئاڤای كوردستانە و ئەمریكا پشتیوانی لێ دەكات؟ 
راست و دروست ئەم گەڕانەوەیە بۆ كورد بە باش ناشكێتەوە و هەر بەهێزبوون و پشتیوانییەكی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا، زیانە بۆ رۆژئاڤای كوردستان.
بەشار ئەسەد لە لوتكەی 32ی جەدەدا رایگەیاند «ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئاسایشی سوریا»، بەڵام ئەحمەد ئەبوغیت ئەمینداری جامیعەی عەرەبی رایگەیاند: «بەشداریی سوریا لە لوتكەی جەدەدا بە مانای كۆتایی قەیرانەكانی سوریا نایەت»، ئەمەش واتا سوریا وەك خۆی دەمێنێتەوە.
 لەم لوتكەیەدا بەشار ئەسەد هیچ قسەیەكی لەسەر ئەوە نەكرد كە چ جۆرە ئاسایشێكی دەوێت؟ ئایا ئاسایشی خۆرهەڵاتی فورات و ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان كە زۆرینەیان كوردن، بۆ ئەو هیچ گرنگییەكی هەیە؟ هەموو ئەمانە خاڵی شاراوەن کە ئەسەد دەیەوێت بەسەریدا تێپەڕێت.
ئەگەرچی بەشار ئەسەد گەڕانەوەی بۆ ناو وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی و وەرگرتنەوەی كورسییەكەی بە سەركەوتنی خۆی نیشاندەدات و پێداگرییەكانی لە لوتكەی مۆسكۆی چوارقۆڵیی «ئێران، سوریا، توركیا و روسیا» بە جۆرێك لە خۆڕاوەشاندن لە هەموو ئەو كۆتوبەندانە دەزانێت كە 12 ساڵە پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام هەرگیز سوریا وڵاتە تۆكمە و یەك نەخشەكەی پێش بەهاری عەرەبی نییە، چونكە ئەمریكا راستەوخۆ دژی ئەو بەشدارییەی سوریایە.
راستە سوریا گەڕاوەتەوە بۆ جامیعەی عەرەبی، بەڵام بەشار ئەسەد سەرۆكە بەهێزەكەی جاران نییە یەك بڕیار لەسەر تەواوی نەخشەی سوریا بدات، بەڵكو كوردەكان بەشێكی گرنگ و كاریگەری نەخشەی ئێستای سوریان، بۆ رۆژئاڤا و دیمەشقیش ئەوە پێیدەوترێت بەهێزی كە هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەنێوانیاندا هەبێت.
كاتێك كە دەڵێین رۆژئاڤای كوردستان لە جامیعەی عەرەبیدا، ئامادەبوونی رۆژئاڤا ئامادەبوونێكی مادیی نییە، بەڵكو ئامادەبوونێكی مەعنەوییە. چونکە ئێستا پرسی كورد لە سوریادا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە و دیمەشق ناتوانێت لە چوارچێوەی خۆیدا نکۆڵی لێبكات و ئاوتی بكات.
 هەر ئەمەشە وایكردووە كە دیمەشق ناتوانێت دۆخی ئەمنی بگێڕێتەوە بۆ پێش رووداوەكانی 2011 و 2014ی سوریا بەبێ هاوكاریی و پێكەوە كاركردن لەگەڵ هێزی سیاسی و سەربازیی و ئیداریی رۆژئاڤادا.

وتارەکانی نوسەر