بیری کەسێک دەکەیت هێشتا لێرەیە؟!

10:22 - 2023-05-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
303 خوێندراوەتەوە

بیرکردن هەستێکە خەم لەناخدا دروست دەکات، بەجۆرێکە نازانیت چارەت چییە بەتایبەتی کاتێک بیری کەسێک دەکەیت دەزانیت تازە لەم ژیانەدا هیچ هیوایەک نییە دووبارە بیبینیتەوە و پێی بڵێیت چەندت بیرکردووە.
- راستە، بەڵام جۆری دیکە لە بیرکردن هەیە کاتێک بیری کەسانێک دەکەیت هەموو رۆژێک دەیانبینیت و لەگەڵتدان!
*تێناگەم شتی وا چۆن دەبێت بیری کەسێک بکەیت هەمیشە بیبینیت و لەبەرچاوتدا بێت؟
- بەڵێ رەنگە بەلاتەوە سەیر بێت، بەڵام زۆرجار بیری کەسێک دەکەیت وەکو جەستە لێرەیە، بەڵام وەکو ئەو دۆخ و کەسێتی و کاراکتەرەی پێشتر ناسیووتە و پێی ئاشنابوویت لێرە نەماوە، بیری کەسێتی جارانی دەکەیت ئێستا هەرچەند تەماشای دەکەیت نایدۆزیتەوە و نایبینیت.
*تێدەگەم مەبەستت چییە، بەڵام لە حاڵەتی وادا باشتر نییە لە کەسەکە خۆی بپرسیت بۆچی و لەکوێیە؟
- بێگومان رەنگە هەندێکجار بپرسیت کوا و لەکوێیە، بەڵام زۆربەیجار ئەو پرسیارە بێ وەڵامە، چونکە یان تۆش تازە وەک جاران نەماویت و زۆر گۆڕاویت و ئەویش ناودۆزێتەوە و کاراکتەر و کەسێتیت بەهۆی تەمەن و ئەزموونی نوێوە گۆڕاوە و چیتر کەسەکەی پێشوو نیت، بۆیە ئەویش وەک جاران نەماوە یان لە خاڵێکدا رێگەکانتان جیابۆتەوە و یەکتان ونکردووە و ژیان وایلێکردون بگۆڕێن و چیتر نەتوانن یەک بدۆزنەوە، بۆیە چەندە هەوڵ بدەن و بۆ یەک بگەڕێن یان یەکێکتان بۆ ئەوی دی بگەڕێت هەر ناتوانێت ئەو کەسە ببینێتەوە کە لە رابردوودا ناسیوێتی.
*راستە تەنانەت هەندێکجار نەک خۆشەویستان و هاوسەران تووشی حاڵەتی وادەبن تەنانەت دوو هاوڕێش کاتێک لەو ژینگەیەی تێیدا بوون بە هاوڕێ و یەکێکیان دوور دەکەوێتەوە، دەبینین چیتر باسوخواس و گرنگیدانەکانیان و ئەوانەی کردوونی بەهاوڕێ وەکو جاران نەماوە و گفتوگۆیەکی هاوبەش نامێنێت کۆیانکاتەوە، بۆیە یەکتریان لێ وندەبێت و یەکێکیان یان هەردووکیان بیری جارانی یەکتری دەکەن.
- تەنانەت هەندێکجار دایک بیری کەسێتی و کاراکتەری منداڵەکەی دەکات کاتێک منداڵ بووە و ئێستا بووە بە گەنج یان هەرزەکار و تاقەتی نییە دوو وشە لەگەڵ دایکیدا بڵێت، وەک جاران نەماوە بەجۆش و خرۆشەوە هەموو رۆژەکەی چی بەسەرهاتووە بۆ دایکی بگێڕێتەوە.
*بەڵام دەزانیت لەم دۆخانەدا ناخۆشترین هەست چییە؟ ئەوەیە دواجار هەست بە تەنیایی دەکەیت و وادەزانیت تەنیاترین مرۆڤی دنیایت، رەنگە رۆژێک بێت دووبارە یەک بگرنەوە، رەنگیشە تازە کات بەسەرچووبێت و لەم ژیانەدا هەرگیز یەک نەدۆزنەوە.

وتارەکانی نوسەر