هێڵی سەوز

10:52 - 2023-05-25
هاشم غەمگین
387 خوێندراوەتەوە

هێڵی سەوز یان (Green line) پڕۆگرامێكی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بۆ گوێگرتن لە گازاندە و سكاڵا و داواكاریی و وەرگرتنی بۆچوونی هاووڵاتیان لە هەر شوێنێك بێت، بە مەبەستی بەدواداچوون و چارسەركردنی، کە بەبێ رەچاوکردنی ئینتیما و بیروباوەڕی سیاسی و ئاینی، هەموو كەسێك لە كوردستان و دەرەوەش دەتوانێت پەیوەندی بەو سەنتەرەوە بكات و هەموان دەتوانن پەیامی خۆیان بگەیەنن و وەڵامیش وەربگرنەوە.
 كردنەوەی ئەم كۆڵ سەنتەرە، كارێكە جێی نرخاندن و ستایشە، ئەم هەنگاوە وادەكات خودی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی راستەوخۆ ئاگای  لە مەینەتی و گازاندە و داواكاریی خەڵك بێت و دەرەفەت بۆ هیچ بەرپرسێك ناهێڵێتەوە کە ناحەقی و زوڵم بەرامبەر هاووڵاتیان بكات و رەفتار و كرداری نادروستی بەرامبەریان هەبێت و دژی بەرنامەی یەكێتی بجووڵێنەوە و كار بكەن، لەبەرامبەردا رێوشوێنی حزبی و یاساییان   بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
كردنەوەی كۆڵ سەنتەرەکە كاریگەریی و قورسایی هەیە لەبەرئەوەی لەلایەن خودی سەرۆکی یەکێتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆیە سەنتەرەكە دەبێتە جێی ئومێدی هاووڵاتیان و وێستگەیەك بۆ پاراستنیان لە ستەم و وەرگرتنەوەی مافەكانیان لەوانەی ستەمیان لێ دەکەن.
هیوادارین ئەم سەنتەرە وەرگرتنی پەیوەندییەكانی تەنها بۆ سەنتەری شاری سلێمانی نەبێت، بەڵكو تۆڕێكی فراوان بێت و کەرکوکیش و هەموو پارێزگاکانی تری باشووری کوردسیان بە قەزا و ناحیە و گوندەكانیشەوە بگرێتەوە بەتایبەتیش پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەو حوكمەی یەكێتی لە سنووری ئەو دوو پارێزگایەدا زۆرترین هەژموونی سیاسی و ئیداریی هەیە.
پێكهێنانی ئەم کۆڵ سەنتەرە دەبێتە كردنەوەی دەرگایەكی باش بۆ كادرانی ئۆرگانەکانی خوارەوەی یەكێتیش کە دەنگیان نەدەگەیشتە سەرۆک بافڵ تا كێشەكانیان بخەنەڕوو.
بەگشتی ئەم پڕۆگرامە وادەكات ناڕێكی و خراپەكاری نەمێنێت و لانیکەم سنووردار بکرێت و گەمارۆبدرێت و سەرۆکی یەکێتی خۆی لەنزیکەوە ئاگاداری مەینەتی و كێشە و گرفتەكانی خەڵك بێت، هەروەها ئامرازێك دەبێت پردی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و یەكێتی 
پتەوتر دەکات.

وتارەکانی نوسەر