لەناو رووداوەکاندا

توركیایەكی خۆرهەڵاتی لە دوای هەڵبژاردنەكان

09:53 - 2023-05-29
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
359 خوێندراوەتەوە

دواجار ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی توركیا هەرچۆن بوو، تێپەڕی و كۆتایی هات، بەڵام ئەوەی كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامیش دەبێت، مانەوەی توركیایە لەناو كەشوهەوایەكی خۆرهەڵاتیانەدا، توركیای خۆرهەڵاتیانە ئەو توركیایەیە كە ناچێتە ژێر بەند و یاساكانی خۆرئاوا و توركیایەكی تا ئەندازەیەك ئازادە لە كۆتوبەندی خۆرئاوا، ئەم توركیا خۆرهەڵاتییە، یاسا خۆرئاواییەكانی پێ جێبەجێ ناكرێت. بەم لۆژیكەش بێت، خۆرئاواییبوونی توركیا گەلێك قورسترە لە خۆرهەڵاتیبوونی.
لە راستیدا هەر سێ كاندیدەكەی گەڕی یەكەم لە 14ی ئایار و هەردوو كاندیدی گەڕی دووەم 28ی ئایار، لەپێش هەڵبژاردندا ویستێكی وەهایان نەبووە كە توركیا بەتەواوی لە خۆرهەڵاتەوە بگێڕنەوە ناو کەشێکی خۆرئاوایی، چونكە خۆرئاواییبوونی توركیا و دیدی نەژادپەرستی لەسەر یەك نەخشە كۆنابنەوە و زۆر ئەستەمە هەر سەرۆك كۆمارێكی توركیا بتوانێت دووەمیان تێپەڕێنێت.
خۆرئاواییبوونی توركیا لە یەكێك لەماناكاندا واتە كرانەوەی توركیا بە رووی مافەكانی كورد و تەواوی هاووڵاتیانی توركیادا، ئەمەش بۆ هەر سەرۆكێكی نوێی توركیا، كارێكی نەكردەیە.
لەدوای ئەم هەڵبژاردنە، ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی توركیادا دەیبینین، دراوێكی دوو دیوە، ئاسایشی و ئابووریشە، پرسی ئاسایش دەكاتە هۆكاری هەڵپەهەڵپی ئابووری و بە پێچەوانەشەوە دوای گەیشتنی بە هەر سەرچاوەیەكی ئابووری، ئەویش دەیخاتەوە خزمەتی سوپاكەیەوە لە خۆرهەڵاتدا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت نەخشەی ئایندەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا نەخشەی سفركردنەوەی كێشەكان نییە كە لە ئەتاتوركەوە دەستپێدەكات، بەڵكو ئیدی نەخشەی كاری توركیا زۆر روون و بێ پەردەیە، لە یەك كاتدا نەخشەی راكردنە بەدوای هەم ئابوورییەكی باش و هەم دژایەتی دوژمنێكی راست، یان وەهمی لە خۆرهەڵاتدا، جگە لەم دوو نیشانەیە توركیا هیچ خەونێكی دیكەی نییە بۆ خۆرهەڵات، تەنانەت بە جووڵەكانیشی لەگەڵ ئێران و سوریا و روسیا، دەردەكەوێت توركیا هەمیشە مەیلدارە بۆ خۆرهەڵات.
توركیای خۆرهەڵاتی، واتە پشتتێكردنی توركیا لە تەواوی ئەو فۆڕمە سیاسی و دەوڵەتدارییەی كە لە وڵاتانی خۆرئاوادا هەیە و بنەماكانی یەكسانی تێیدا چەسپیوە.
ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان دوو بژاردەدا ببینرایە: «مانەوەی توركیا لە خۆرهەڵاتدا بۆ دەستكەوتنی نەوت و راونانی ئەو هێز و گروپانەی كە توركیا بە نەیاریان دەزانێت، یان هەڵبژاردنێك كە توركیا بەتەواوی مانا بكات بە توركیایەكی خۆرئاوایی»، ئەوكات رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن شتێكی دیكە بوایە، بەڵام بەهەر جۆرێك بووبێت لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنەكەدا بینیمان وادیارە توركیا دەیەوێت زیاتر بەرەو خۆرهەڵات بكشێت و ئەو نەخشە مێژووییە زیاتر گەورە بكات كە لە 100 ساڵەی توركیادا هەیەتی و دەیەوێت جێبەجێی بكات.
لەم نێوانەدا كە بژاردەی مانەوەی توركیا لە خۆرهەڵاتدا بە روونی دەردەكەوێت، كورد لە باكووری كوردستان لە هەمان ژینگە خۆرهەڵاتییەكەیدا دەبێت و تێڕوانینی دەوڵەت بۆ مافەكانی پێكهاتەیەكی وەك كورد و زمانەكەشی، هەمان تێڕوانینەكەی پێشوو دەبێت و بۆ چەندان ساڵی دیكە ئەم دۆخە خۆرهەڵاتییە بە ناچاری دەسەپێنرێت بەسەریدا و دەبێت قبووڵیشی بێت، لەكاتێكدا كە كوردەكان ویستی ئەوەیان هەبووە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە توركیایەكی دیموكراسی و مۆدێرن بەرهەمبهێنن كە مافەكانیانی تێدا  پارێزراو بێت.

وتارەکانی نوسەر