کورد نەبێتە هەوێنی ململانێکان

09:58 - 2023-05-30
هیوا محەمەد
219 خوێندراوەتەوە

لە چەند قۆناغی جیاوازدا لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا، پەیوەندیی ئێران و سعودیە بە باش و خراپدا تێپەڕیوە، لە هەموو دۆخە خراپەکانیشدا کاریگەریی خراپیان هەبووە بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە لەهەر جێیەکی جیهان بەتایبەتی لە ناوچەکە.
نزیکبوونەوەی ئەوان و گەیشتن بە کڵێشەیەک بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان و دنە نەدانی ئەم و ئەو بۆ خۆشکردنی ئاگری ململانێ، ئارامی زیاتر دەهێنێتە ئەم ناوچەیەوە و بەتایبەتی عیراق سەقامگیرتر دەبێت.
کێشەی کورد دوای مەزهەبی
کێشەی ئەم ناوچەیە کە عیراق چەقەکەیەتی، جگە لە درێژەی ناکۆکییەکانی سەدان ساڵەی نێوانی دوو مەزهەبی سەرەکی شیعە و سوننە، کێشەی کوردە کە پەیوەستە بە وڵاتێک و زیاترەوە و دابەشبووی هەردوو مەزهەبیشە و دەکرێت لەدوای کەمبوونەوەی ململانێکانی هەردوو لووتکەی سعودیە و ئێران، بە تەنها کێشە هەژمار بکرێت کە ئەگەری هەیە قووڵتر ببێتەوە، چونکە زلهێزەکان لەوانەی لە بەرژەوەندییان نییە ئاشتی و ئارامی لەم ناوچەیەدا سەقامگیر ببێت، هەوڵدەدەن ئاشووبێکی تر بنێنەوە کە جێگەی ناکۆکی و ململانێ مەزهەبییەکە بگرێتەوە، دیارە باشترین هەوێنیش بۆ ئەوان دنەدانی کوردە.
 ئیسرائیل ئارامی ناوێت
رەنگە ئیسرائیل زەرەرمەندی یەکەمی  نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە بێت، چونکە هیوایەکی زۆری بە سعودیە هەبووە کە بتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر وڵاتانی کەنداو و عەرەبی بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و دوور خستنەوەیان لە ئێرانێک کە بە ئاشکرا هەڕەشەی سڕینەوەیان دەکات. 
جا لێرەوە لەگەڵ هەر هەنگاوێکی لێکنزیکبوونەوەی ئەم دوو وڵاتە، دوور نییە ئیسرائیلیش هەنگاوێک خۆی لە کورد نزیکبکاتەوە، ئەگەر راستەوخۆش ئەمە نەکات ئەوە لە رێگەی یەکێک لە زلهێزە دۆستەکانییەوە دەیکات.
بە رای ئیسرائیل، ئەم ناوچەیە نابێت ئارامیی تێدابێت هەتا کێشەی فەلەستین مابێت و ئێرانیش لە بەهێزیدا بێت، ئەمە خواست و بەرنامەی ئیسرائیلە، جا دەبێت دڵسۆزانی ئەم وڵاتانە باشتر هەنگاو بنێن بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکانی خۆیان و ملنان بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵیان و قووڵکردنەوەی پێکەوە ژیانی برایانە و لابردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە وادەکات کورد هەست بەوە بکات وەک نەتەوەی ژێردەست تەماشای دەکرێت. هەڵبەتە ئەمە زیاتر دەکەوێتە سەر شانی لایەنە سیاسییەکانی غەیرە کورد لە بەغدا بۆ ملنان بە گەیشتن بە رێکەوتنێکی بنبڕ لەگەڵ کورد تا بۆشایی دەستوەردان لە رێگەی کوردەوە دروستنەبێت.

 

کێشەی ئەم ناوچەیە کە عیراق چەقەکەیەتی، جگە لە درێژەی ناکۆکییەکانی سەدان ساڵەی نێوان دوو مەزهەبی سەرەکی شیعە و سوننە، کێشەی کوردە کە پەیوەستە بە وڵاتێک و زیاترەوە و دابەشبووی هەردوو مەزهەبیشە 

گوێ قوڵاغی فیکەی ئەوانە
کورد بە درێژایی مێژوو ئاشتی و ئارامیی ویستووە، بەڵام لەبری ئەوەی نەتەوەکانی ناوچەکە پێشوازیی لەم خواستە بکەن، ستەمیان لێکردووە، ئەمەش کوردی هانداوە بەرەو ئەو فیکەیە گوێقوڵاخ بێت کە زلهێزەکان بۆیان کردووە و دواتر بۆ چەند ساڵێک کوشتن و خوێنی لێکەوتۆتەوە.
ئەگەر تەنها بۆ عیراق 60 ساڵی رابردوو وەربگرین، دەبینین مێژووەکەی پڕیەتی لە شەڕی خوێناوی نێوان کورد و حکومەتە عەرەبییەکان کە بەدوای یەکدا هاتوون، لە هەمووشیاندا وڵاتێکی زلهێز لە رێگەی وڵاتێکی ناوچەکەوە کوردیان بەکارهێناوە و خۆیان وەک دۆستی دێرین پیشان داوە و هاندەری شەڕ بوون لەگەڵ عیراق و دواتریش هاوشێوەی رێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 پشتیان تێکردووە.
ئێران دەبێت چی بکات؟
پێویستە ئێران وەک دەستپێشخەر بۆ هێنانەدی سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا، سیاسەتی هێورکردنەوەی ناوچەکە بگرێتەبەر کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە لەبەرامبەر کورد هەڵوێستێکی دۆستانەی هەبێت، زیاتر لە 10 ملیۆن کورد لە ئێراندا هەن و چەندین نمایندەیان لە ئەنجومەنی شورادا(پەرلەمان)دا هەیە، ئەمانە لە ئێراندا ئێرانین، بە سیاسەتی نەرمی نواندن، دەتوانێت دووریان بخاتەوە لە پشی پشی ئەو زلهێزانەی کە دەیانەوێت کورد بکەنە مەقاشی دەستیان بۆ گەیاندنی زیان بە ئێران، بەمە گرەوەکە دەباتەوە و بەرەی ناوخۆی ئێران بەهێزتر دەکات.
کورد کێشەی مەزهەبیی نییە
مانەوەی کێشەی کورد لەم ناوچەیە بێ چارەسەریی ناوخۆیی وڵاتەکان، واتا مانەوەی ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی ئابووریی ناوچەکە لەپێناوی بەدەستهێنانی چەک بۆ بردنەوەی شەڕەکان، کە بە شەڕیش کۆتایی نەهاتووە و نایەت، هەمیشەش ئیسرائیل و زلهێزەکان لە ناوچەکە سوودیان پێگەیشتووە و دەگات و کورد و نەتەوەکانی تر زیانیان پێگەیشتووە.
پێویستە کورد خۆی نەخزێنێتە ناو کێشە مەزهەبییەکان، چونکە کێشەی ئەو نەتەوەییە نەک ئایینی، ئەگەر ئەمە نەکات دەبێتە داردەستی بەشە دەسترۆیشتووەکەی مەزهەبێک لە دژی ئەوی تر و کێشە سەرەکییەکەی دەبێتە قوربانیی ئەو ململانێ مەزهەبییە.
هەموو کوردێک هەست بە ئازارەکانی نەتەوەکەی ناکات، چونکە لەژێر کاریگەریی ئاییندان، لەوێشەوە دەخزێنە ژێر کاریگەریی مەزهەبی و کاتێک خۆیان دەبیننەوە لەبری ئەوەی وەک کوردێک داکۆکی لە مافەکانیان بکەن، دەچنە شەڕی مەزهەبییەوە و داکۆکی لە کەسایەتییەکی مەزهەبی دەکەن لە دژی ئەوی تر.
ئەگەر زۆرینەی کورد سەر بە ئایینی ئیسلام بێت، پێویستە وای بۆ بڕوانێت کە ئەو ئایینە یەک خودا و یەک نێردراویان هەیە و یەک کتێبیش پەیڕەو دەکەن بەمەش جیاوازی نێوان ئیمامەکان نییە تا شەڕ لەسەر ناوی عەلی و عوسمان بکەن، ئیتر بۆچی خۆی خەریک بکات بە شەڕە مەزهەبییەکانەوە لە لە راستیدا شەڕێکی خۆخۆرییە و لە لاوازبوونی ئایینەکەیان زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت.
ئایین لە رۆحی مرۆڤەکاندایە، کێشەی نەتەوەیی خەبات و هەوڵ و داکۆکیکردنی دەوێت، دەتوانن وێڕای پەیڕەوکردنی ئایین، داکۆکیکاری سەرسەختییش بن لە مافەکانی نەتەوەکەیان، ئەمە عەیب نییە، ئەردۆغان لەژێر پەردەی ئاییندا پێگەی نەتەوەی تورک بەهێز دەکات، خۆشی بە مسوڵمانی سوننی عەیار 24 دەزانێت، سەدامیش دروشمی عروبەی هەڵگرتبوو، لەولاشەوە حەملەی ئیمانی رادەگەیاند.

وتارەکانی نوسەر