‏‎دارۆی خۆشەویست

10:44 - 2023-05-30
وتار
362 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان

‏‎ئەمڕۆ نۆزدە ساڵی تەواو بەسەر کۆچتدا تێپەڕ دەبێ، نۆزدە ساڵ ئازارەکان وەک گاسنی بێ بەزەیی  ناخم دەکێڵن.
‏‎دارۆ گیان تۆ پیاو و مرۆڤێکی وا بوویت ھەر زۆر زوو دڵ و عەشقی منت کێش کرد، نیگای رۆژانی زانکۆت، خاکێتی و مرۆبوونت، بیروبۆچونت سەر راستی و ئەوینی راستت، دڵسۆزیت بۆ خاک و پێشمەرگە و وەستانەوەت دژی ستەم و زۆرداری، گەورەیی نواندنت لە ئاست خزم و کەسوکار، بەتەنگەوەبوونت بۆ ھەمووان، ھەوێن و ھۆکاری عەشق و دڵنەواییم بووی، هۆکاری بەختەوەریم بووی.
‏‎دارۆی من و ھەمووان،نۆزدە ساڵە بێ تۆین ، بەس دڵ لە دڵ مەدە، نەک لای من، بگرە لای هەموومان بوونت هەیە و قسەکانت رۆژانە دووبارە دەکەینەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا هەست بە بوونت دەکەین. 
دڵت وەک بەهار وابوو بۆیە لە بەهاردا کۆچتکرد، رەوەندێک بووی بەرگەی کەشی قورست نەدەگرت،
‏‎تۆ دڵی منت پڕ کرد لە عەشق، دڵی ھاوڕی و ئارام  و نارینت پڕ کرد لە دڵسۆزی و رێزگرتن و خاکەڕایی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، تۆ ھێندە بێ وێنە بووی، ھەمیشە ئەڵێم بۆ لەم سەر زەمینە ھەر یەک دارۆ ھەبوو.
‏‎دارۆی من، ئازیزە بێ وێنەکەم
‏‎نۆزدە ساڵە تۆ ھەر بە جەستە لێم دووری، دەنا خۆشت ئەزانی بە ھەموو ھەست و ھۆش و رۆح و ژیانمەوە لاتم و لات ئەبم.
‏‎تۆ رۆیشتی،  بەڵام زۆر شتت بۆ بەجێھێشتم، وەفا و راستگۆیی، ئەوین و جوانی، منداڵە نازدارەکانمان، ھاوە و ئارەکۆ و نارە گوڵی، تۆ ئەزانی بە تۆ و ئەوان چەند ئاسوودەم. ئەزانی لە دووری تۆ دوو کوڕ و تاقانە کچەکەمان چەند حەیرانی تۆن و نازی منیش ئەکەن. 
‏‎بنوو دارۆکەم، دارۆی عەشق و خەندە و جوانی و قسە خۆشی، چۆن زوو جێتھێشتین چۆن زوو بێ نازت کردین.؟ نەئەوەندە منداڵبووم بیرم بچێتەوە، نە ئەوەندەش گەورەبووم لەبیرت بکەم، خەونی پیربوونمان بەیەکەوە زوو کوتایت پێهێنا، تەنها خەونێک بوو و هچیتر. 
‏‎ھەم عاشقتم وەکو سەردەمی پێکەوەبوونمان، ھەمیش بیرت ئەکەم چوون باڵندەیەکی باڵشکاو، بیری فڕین دەکات، دەمەوێ هەتا زووە رێگام بکەوێتە لات ژوانێک برەخسێنینم بۆ هەتایە.
ئەی ئەم خاک و گڵە چەند خۆشەویستمان لێدووردەخاتەوە، چەندە بێبەزەییە چەندین روحی جوانی لە باوەش کردووە.

وتارەکانی نوسەر