یەکبێژ

یەکێتی گوێدەگرێ، کەم دەڵێ و هەنگاودەنێ

10:08 - 2023-06-01
هیوا محەمەد
158 خوێندراوەتەوە

ئەگەر تێپەڕینی ساڵێک بەسەر تەمەنی حزبێکدا، ئەمساڵی لە پار نەچێت، ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە چالاکە و لە برەودایە. 
یەکێتییەک بۆ زەرورەتێکی مێژوویی و بۆ بەهاناوەهاتنی نەتەوەیەکی دەنگ کپکراوی سەرکوتکراوی هیوا مردوو، لەسەر دەستی چەند کەسێکی کەمتر لە ژمارەی پەنجەکانی هەردوو دەست لە دوورەدەستیی دوژمنە دڕندەکان دروستدەبێت و خۆی دەخزێنێتە نێو ماڵەکان و لەماوەیەکی کەمدا دەکەوێتە سەر زاری هەموو کوردێک و هیوا دەبەخشێتەوە.
ئەمڕۆی ئەم حزبە زۆر جیاوازتر دەبینرێت لەگەڵ سەرەتا و ناوەڕاست و قۆناغی دوای کۆچی رابەر مام جەلال.
ئەگەر سەرۆکی یەکێتی خۆی راستەوخۆ گوێ لە سکاڵا و داخوازی و پێشنیازەکانی خەڵک بگرێت، ئیتر دەبێت سزای کەمتەرخەمی و ناکارایی کادرێک لە ئەرکەکانیدا چیبێت کە بەهۆیەوە خەڵک لە حزبەکەی زویر بکات لەبری ئەوەی هەوادار و لایەنگری بۆ زیاد بکات؟
دەکرێت کادرێک کە لێپرسراوێتییەک وەردەگرێت و پێی دەڵێن (مەسئول) رەفتاری پێچەوانەی سەرۆک بێت و خۆی لە حزب بە گەورەتر بزانێت و پۆستەکەی بۆ پێگەی خۆی بەکاربهێنێت؟
سەرۆکی حزب دێت و بە دوو دانیشتنی چەندین سەعاتی، خۆی تەرخاندەکات بۆ گوێگرتن لە سکاڵاو داخوازییەکانی خوێندکاران، نەک قسەکردن بۆیان، چونکە قسەکردنی سەرۆک بۆ هەر توێژێک ئازایەتی نییە، بەڵکو گوێگرتن لێیان ئازایەتی و پەرۆشییە بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە.
هەڤاڵ بافڵ سواری ئۆتۆمبێلێکی سادە دەبێت و سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی ببوونە سەرچاوەی کار و مامەڵەی نایاسایی و ئاژاوەنانەوە و تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی شار.
سەرۆکی یەکێتی لە بری دانانی سندوقی سکاڵای قفڵ ژەنگ گرتووی سەرۆکەکانی دیکە، لە بری دانانی (مەسافە) بۆ نزیکبوونەوە لە سەرۆک و پێدانی مۆڵەتی تەوقەکردن لەگەڵی، هێڵی گەرماوگەرم دروستدەکات بۆ وەرگرتنی هەر سکاڵایەکی هاووڵاتییان.
ئەو دێت و پێداگریی دەکات لە بەدیهێنانی داخوازییەکانی میللەت و شەڕی سیاسیی لەسەر دەکات، لەگەڵ تیمەکانی حزب لەناو حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بەبەردەوامی کۆدەبێتەوە و بەسەریاندەکاتەوە.
کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی لە سەرکردایەتی حزب بەردەوامە و ناهێڵێت کێشەیەک تێپەڕێت بێ وەرگرتنی بۆچوونی هەڤاڵەکانی لە دەستە باڵاکانی حزب.
یەکێتی ئەمڕۆ، تەنها لەم 48 ساڵەدا هێندەی دوو سەدە لە مێژووی رابردووی نەتەوەی کوردی  تۆمارکردووە، هەمیشە لە برەودایە و گۆڕانکاریی سەردەمیانە بە خۆیەوە دەبینێت (بە بەراورد لەگەڵ رەوشی سیاسی ناوچەکەدا).
کردنەوەی سەنتەری هۆتلاین، تەواوکەری ماڵپەڕی شەفافییەت و هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانییە لە پێداگرییکردنی بۆ حکومڕانییەکی دادپەروەرانەی یەکسان بۆ هەموو هەرێم.
ئامادەبوونی هەڤاڵ قوباد لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی رووداو لە زانکۆی سەلاحەدین و زیاتر لە سێ سەعات گوێگرتن لە سکاڵاو پرسیاری 450 خوێندکار و وەڵامدانەوەیان بێ سانسۆر و هێڵی سوور، ئەمانە و زۆری دیکەش، بەرهەمی کاری جدین بۆ نوێکردنەوەی رووی یەکێتی، تا ساڵێکی دیکەی لەگەڵ ئەم ساڵی جیاواز بێت و سەربەرزانە شانازی بەخۆیەوە بکات.

وتارەکانی نوسەر