هێمنی هۆڵی تاقیکردنەوەکان

09:47 - 2023-06-04
سمکۆ چنارەیی
198 خوێندراوەتەوە

بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی تاقیکردنەوەکان، رۆژی شەممەی داهاتوو رێکەوتی 3/6/2023 تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12 ئامادەیی خوێندن بە تێکڕای بەش و لقەکانیەوە دەست پێدەکات و هەر بەپێی ئەو خشتەیەی بۆ وانەکان دیاریکراوە هەفتانە دوو تاقیکردنەوە دەکرێت.
رێنمایی گرنگ و پێویست سەبارەت بە کات و ماوەی تاقیکردنەوە و رۆژانی پشوو چەندین بواری تر دراوە بە خوێندکار و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، ئەوانەش خاڵی باش و جێگەی دەستخۆشین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر و بە بایەختر کە پەیوەستە بەهزر و بیرکردنەوەی خوێندکارانەوە هێمنی ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەیە، چونکە گەر تێبینی بکرێت ساڵانە لە چەندین هۆڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیار و تەنانەت بەرپرسە کارگێڕییەکان بە مەبەستی ئاشنابوون لە شێوازی ئەزموونەکان دەچنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و چەندین جاریش لە پەیجە فەرمی و تەنانەت تیڤی یەکان ئەو وێنە و گفتوگۆیانە دەبینرێن و دەبیسترێن کە ئەو کەسانەی سەردانی کەرت و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکەن لە تەنیشت خوێندکارێک یان چەند خوێندکارێک دەوەستن و پرسیاری ئاسان و گرانی پرسیارەکان و شێوازی تری رێکخستنی هۆڵەکە دەکەن، بەوەش دەنگە دەنگ دروست دەبێت و هەموو ئەو پرسیار و دەورەدانە لە خوێندکار ئیدی بە هەر مەبەستێک بێت دەبێتە هۆی پچڕاندنی بیرکردنەوەی خوێندکار و کارێکی نادروستە و بەو هیوایەی چیتر ئەو دیاردانەی دەبنە هۆی خوڵقاندنی ئەو کەشە نەرێنییانە نەبینرێن و بنەبڕ بکرێن، چونکە جگە لە زیان گەیاندن بە خوێندکاران هیچ سوودێکی تریان نییە.

وتارەکانی نوسەر