مێژووی ژان و سەروەریی

09:57 - 2023-06-04
وتار
191 خوێندراوەتەوە

حسێن عەزیز 
یەکێتی ساڵی 1975 لەسەر دەستی سەرکردایەتییەکی تێکۆشەر و پێشکەوتووخواز دامەزرا، کە پێکهاتبوون لە هەڤاڵان مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، د. کەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی، هۆمەری شێخ مووس، لە هەرسێ ئاراستەی فیکریی جیاوازی کۆمەڵە و بزوتنەوەی سۆسیالیست، هێڵی گشتی. 
هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە رووبەڕووی قەیران و ئاڵەنگاری سیاسی و سەربازیی گەورە دەبێتەوە، پارتی(قیادەی موەقەتە)، دژایەتی یەکێتی دەکات و ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستدەکات. 
لە دوای ناردنەوەی یەکەمین مەفرەزەی پێشمەرگە لە مانگی 6- 1976 بۆ کوردستان، ساڵی دواتر نزیکەی 37 پێشمەرگەی یەکێتی لە ئەشکەوتی پاڤی بە دەستی (قیادە موەقەتە) شەهید کران.
لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر زۆراب لە لایەن رژێمی بەعسەوە کارەساتێکی دیکە بوو، ئەگەر چی وانەی نەمری و نەبەزینییان فێری هەزاران ئەندام و دۆستی کۆمەڵە کرد و کردیانە نەریتی بەرزی شۆڕشی نوێ. 
ساڵی 1978 شەهید شاسوار جەلال (ئارام)، لە قەرەداغ گەیشتە کاروانی شەهیدان. 
هەر لەو ساڵەدا کارەساتی هەکاری روویدا و سەدان رۆڵەی خەباتگێڕی ئازا بوونە قوربانی.
جگە لەو شەڕانە و گوشاری پارتی و سوپای عیراق، ساڵی 1979 بزووتنەوەی سۆشیالیست لە یەکێتی جیابوونەوە و نیمچەبەرەکەیان بەجێ هێشت. ئەمەش گورزێکی دیکەی لە یەکێتی دا. 
لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو یەکێتی زۆر بە هێز دەبێت، بە شێوەیەک  مام جەلال دەڵێت: شەڕ بوو لە پشتی باوزێ، لەم دیو لەگەڵ سوپای عیراق، لەو دیو لەگەڵ ئێران، عەزیز محەمەد وتی: مام جەلال بە فیشەکی قاچاخ شەڕی دوو حکومەت  دەکرێت؟
شەڕی گەورەی لە دژی رژێمی عیراق کرد، وەک داستانی قەیوان ماوەت و داستانی رزگاری، کە ناوچەی زۆریان ئازاد کرد و دەسەڵاتی پێشمەرگە بە شەو دەگەیشتە شار و رێگا سەرەکییەکان. 
بە دەستپێشخەریی یەکێتی، بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستانی، مام جەلال لە 22-4-1987 نامەیەک ئاراستەی  مەسعود بەرزانی، رەسوڵ مامەند، ئازاد مستەفا، سامی عەبدولڕەحمان و حزبی شیوعی دەکات و سەرەنجام دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەرەی کوردستانی 12-5-1988 لە خواکوڕک دروستدکرێت. 
ئەنفال کارەساتێکی گەورەی مێژووی گەلەکەمانە، کە بەهۆیەوە سەرچاوەی مرۆیی و ژیانی شۆڕش وشک کرا، بەڵام دیسانەوە یەکێتی بە گیانی رۆڵە ئازاکانی مەفرەزەی پارتیزانی دروستکرد و خاک و خانووی رووخاوی بەجێنەهێشت و رووبەڕووی مەحاڵ بۆوە. 
راپەڕینی 1991 وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی بوو، کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەمکاری بەعس هێنا، بۆ ئەوەش یەکێتی خاوەنی زۆرترین هێزی ئامادە و سوپای رزگاریی کوردستان (سرک) و بە نەخشە و پلانی یەکێتی کرا، بڵێسەی ئاگری ئازادی گەیشته کەرکوکی قودسی کوردستان. 

سڵاو بۆ یادی یەکێتی، بۆ رۆحی هەزاران شەهید، بۆ دایک و باوکی جگەر سووتاو، بۆ زیندانیانی سیاسی و بۆ خوێندنگەی مۆدێڕنی کوردایەتی.

وتارەکانی نوسەر