لە 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و47 ساڵەی شۆڕشی نوێدا

09:58 - 2023-06-04
ئازاد جۆڵا
335 خوێندراوەتەوە

ئازاد جۆڵا

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاتێک خۆی  وەک  هێزێکی نیشتمانیی و بەبیر و هزرێکی  نوێخواز و گرێدراوی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی و دیموکراسی راگەیاند، گەلی کوردستان لە سەر ئاستی  هەر چوار پارچەکە لەو پەڕی بێ ئومێدی و هەژموونی سەپاوی  داگیرکەراندا بوو. 
دامەزراندنی رێکخراوێکی تازە لەم فۆرمەدا، ئومێدبەخشی تەواوی  کوردستانیان و ئازادیخوازان و دیموکراتخوازانی  ناوچەکەش بوو.
تەنها  ساڵێک  دوای دامەزراندن و راگەیاندنی   بەیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟  
وەک مانیفێستی پێناسە و ناساندنی یەکێتی، جاڕی شۆڕشی نوێی داو ئومێدەکان گەشاوەتر و ئاسۆکان رووناکتر دەرکەوتن. 
یەکێتی راستگۆ بوو  لەگەڵ ناوەڕۆکی مانیفێست و جاڕدانی شۆڕشی نوێ و بەگژ مەحاڵدا چۆوە و چرای گەشی لە شەوەزەنگی دەیجوردا  داگیرساند.

روویەکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوێوس
رابەرایەتی شۆڕشی نوێ و جیاواز لە رابردووی کرد و چەندین جار لە هەموو بوارێکدا دوژمنی بەچۆکدا داهێنا و دەستی هاوکاریی و تەنانەت گیان بەخشینیشی گەیاندە پارچەکانی تری نیشتمان و مێژوویەکی پڕ لە سەروەری بۆ خەباتی نەتەوەیی  تۆمار کرد.
رابەرایەتی  یەک هەڵوێستی و کۆدەنگی و راگەیاندنی بەرەی کوردستانی  کرد و هەر خۆی تاکە شاسواری راپەڕین و بەعسیقڕان بوو.
خاوەنی بیرۆکەی یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن و دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی  ئەوکات بوو، پێکهێنەری یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بوو.
پێداگریی مافی  فیدراڵی و لە گۆڕنانی  بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی بوو.
لە دۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسی و ئەمنیدا، پابەندی مووچە و پاراستنی یەکڕیزی و سەرکەوتنی ئەزموونەکە بوو.
تا ئێرە یەکێتی سەرمەشق و هێزی راستەقینەی گەل بوو، بەڵام شەڕی نەگریسی ناوخۆ و پیلانی داگیرکەران و بەرژەوەندی  تەسکی حزبی، دەست بەکاربوون  بۆ لە باربردن و شێواندی ئەم ئەزموونە و بێ هیواکرنی خەڵک  بە دەسەڵاتی خۆیی.

دۆخەکەی ئەمڕۆ هەستیارە
ئەمڕۆ کە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە، گەلەکەمان و ئەزموونە نەتەوەییەکەمان رووبەڕووی دۆخێکی هەستیار و پڕمەترسی و لەکەدارکردنی زیاتری کۆی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دەبینەوە،  ئەمەش ئەو راستییەمان لێ دەخوازێ، یەکێتی وەک هەمیشە کە باوەڕی بە گۆڕانکاری و نۆێ بوونەوە و سەرکەوتن هەیە، پێویستە بگەڕێتەوە سەر هەمان رێچکەوی خەبات و تێکۆشانی گرێدراو بە بیری نیشتمانپەروەری و چینایەتی و راستکردنەوەی هەڵەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان و رابەرایەتیکردنی گەل و نیشتمان. 
بۆ دروستکردنەوە و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک و دووبارە داڕشتنەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندیی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ  لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان و کارکردن بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان سەرجەم چین توێژ و پێکهاتەکانی کوردستان بە یەکێتی و ئەزموونە نەتەوەییەکەمان.
پێداگریی لەسەر قووتی خەڵک و پاراستنی دەستکەوتەکان و رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر بنەمای  مافە دەستوورییەکان و پاراستن و یەکلاییکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان.
رێکخستنەوەی نێوماڵی هەرێم و دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز بۆ روبەڕوبوونەوەی  نادادی و نەبوونی شەفافیەت لە دارایی و چاکسازی راستەقینە، سووربوون و پێداگری لەسەر پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و گردبوونەوە،
ئەمانە و چەندین کاری تری پێویست و ئانی ئەرکە و  دەکەوێتە سەر شانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بە دوورکەوتنەوەی یەکێتی لە رابەرایەتیکرنی  گەلەکەمان، نەتەوە و نیشتمانەکەمان، ئەزموون و دەستکەوتەکانمان  رووبەڕووی مەترسی و کارەسات دەبێتەوە و  بەرەو ئاقار و ئایندەیەکی نادیار  هەنگاو دەنێت. 

وتارەکانی نوسەر