گەشە و سەرکەوتن

خاڵبەندی تەمەن

10:15 - 2023-06-04
ئەرشەد تەحسین
380 خوێندراوەتەوە

تەمەنت بكە بە پەرەگرافێكی جوان، خاڵ بخە سەر پیتەكانی تەمەنت، خاڵبەندیی بۆ وشە و رستەكانی ژیانت دابنێ، بۆ ئەوەی هەر چركە ساتێكی تەمەنت واتای خۆی هەبێت و بتوانیت ژیانت بخوێنیتەوە، رابردوو لەدەست دەرچووە و داهاتوو نەهاتووە، ئەوەی هەیە ئێستایە، ئێستا رستەسازی تەمەنت بۆ داهاتووت بكە، كارێك بکە بتوانی لەداهاتوودا خۆت بخوێنیتەوە و بزانیت چیت كردووە،  نووسینەوەی ئێستات داهاتووت دیاریدەكات، ئەگەر ئێستا فاریزە و خاڵ بۆ تەمەنت دانەنێیت، ناتوانیت لەداهاتوودا ژیانت بخوێنیتەوە و لە نێو دێڕەكانی داهاتووی ژیانت دا سەرگەردان دەبیت.
 بزانە چۆن زنجیرەكانی تەمەنت بە فاریزە پێكەوە گرێ دەدەیت و لە كوێدا خاڵ دادەنێیت، هەركات لەبری خاڵ فاریزەت دانا، یان بە پێچەوانەوە لەبری فاریزە خاڵت دانا، لەبری نیشانەی پرسیار نیشانەی سەرسووڕمان، ئەوا گلەیی لە ژیان مەكە كە رەوتی رووداوەكانی بە دڵی تۆ دانەڕشت، ئەوە خۆتی كە خاڵبەندی ژیانت وەك پێویست دانەناوە و پەرەگرافێكی پەرش و بڵاوت داڕشتووە.
 سەركەوتنی تەمەنت بەندە بەبیركردنەوە و تێڕامان و وردبوونەوەت لە چواردەور و هەڵەوكەموكوڕییەكان، كاتێك بە تێڕامانەوە لە چواردەوورت ورد دەبیتەوە، ئەوا  باشتر دەتوانیت خاڵبەندی بۆ ژیانت بكەیت و جوانتر خاڵ و فاریزە بخەیتە سەر شوێنە پێویستەكانی تەمەنت.
 هەموو ئەوانەی سەرسەكۆی ئەم ژیانە لە بوونیاندا یەكسانن، بەڵام تەمەن بۆ هەریەكەیان بەجۆرێكە، خۆشبەختی و بەدبەختی دەكەوێتە سەر ئەوەی چۆن ئەزموونی ژیان دەكەیت و چۆن خاڵبەندییەكان بۆ ژیان دەكەیت، ئەوانەی بە جوانی خاڵبەندییان بۆ تەمەنیان كردووە، بە مەزنی ژیان بەسەر دەبەن و  دوای مردنیشیان  بە نەمریی دەمێننەوە.
 زۆركات ژیان هەلی گەورە و نایابت پێدەدات، بەڵام كاتێك خاڵبەندیت بە جوانی نەكردووە، ناتوانیت بیانكەیت بە دەست كەوتی مەزن بۆ تەمەنت و ناتوانیت نرخ و بەهای ئەو هەلە نایابانە بزانیت و لە سوود و بەرژەوەندی خۆت وەریان چەرخێنیت، ئەوكاتیش نابیت بە رستەیەكی جوان بە لاپەڕەكانی ژیانەوە و هیچ كەسێك ئارەزووی خوێندنەوەت ناكات.


وتارەکانی نوسەر