فێرکردنی منداڵ لە رێگەی یارییەوە لە باخچە

09:48 - 2023-06-05
چرۆ رەشید
768 خوێندراوەتەوە

یاری گرنگترین شێوازە بۆ فێربوونی منداڵ، چونکە کاتێک یاری دەکات ھۆکاری پاڵنەری زیاترە بۆ  بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوون لە رووی گەشەی جەستەیی و ھزرییەوە.
یاری کاردەکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی دەوڵەمەند بە ئامڕازی هەمەجۆر و بە بەکارهێنانی هەستەکان و توانای منداڵ زیاد دەکات بۆ گفتوگۆکردن، قسەکردن، جووڵە، لێکدانەوە و تێڕامان و تێگەیشتن.
لە رێگای یارییەوە ئاشنا دەبێت بە جیهانی دەوروبەر، یاری زمانی منداڵە لە رێگەیەوە درک بە راستەقینەی ئەگەرەکان دەکات و پێداویستییەکانی پڕ دەکاتەوە.
یارییە فێرکارییەکان ئامڕازێکی فێرکردن و پەروەردەیین و کاریگەرییان لەسەر کارامەییەکانی دەبێت و منداڵ حەز دەکات زۆربەی کاتەکانی بە یاریکردن بەسەر ببات، چونکە زۆرترین جووڵە و چالاکی تێدایە بۆی ئەگەر ئەم چالاکی و جووڵەیە نەبوو ئەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەفتاری دروست دەبێت، زۆ جار نەبوونی ئەم چالاکی و وزەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی منداڵەکە نا ئاساییە، چونکە یاری چالاکییەکی سروشتی خۆکردە.
منداڵ لە رێگای یاریکردنەوە دەتوانێت کارامەییەکانی بەدەست بهێنێت بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و تێرکردنی پێداویستییەکانی منداڵ، دەروونی ئاسوودە دەکات، یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی هەندێ کێشەی دەروونی وەکو گۆشەگیریی، شەرمنی و کەم قسەکردن، هانی دەدات بۆ پاراستنی موڵکی گشتی.
هەموو یارییەک ژینگە و ئامڕازی خۆی هەیە پێویستە مامۆستا ئامڕازەکانی جێبەجێکردنی ئامادە بکات و ئاسانکاری بکات بۆ بەشداریکردن دەرفەت بدات بە منداڵان بۆ دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ و یارمەتی بدات .
بۆ ئەمەش گرنگە مامۆستا بایەخ بدات بە دانانی پلانی گونجاو و دروست، مەرجە یاریکردن لە پەروەردەدا ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، هەوڵبدرێت یاری لە گروپی بچووکدا بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەر بۆیە رێگای فێرکردن بە یاریکردن یەکێکە لە رێگا سەرکەوتووەکانی فێربوون بە تایبەتی بۆ تەمەنی منداڵانی باخچە، چونکە هەستی شادی و خۆشی و چێژی پێ دەبەخشێت، زیاتر ھۆگری دەکات بە مانەوە و بەردەوامی لە باخچەدا، ئەم حەزی فێربوونە لە ناخەوە راھێنانێکی سروشتی درێژخایەنی پێ دەبەخشێت و لە قۆناغەکانی خوێندنیدا سەرکەوتووی دەکات.

وتارەکانی نوسەر