کاریگەریی وەرزش لەسەر منداڵ

09:54 - 2023-12-19
چرۆ رەشید
328 خوێندراوەتەوە

چرۆ ڕەشید

 

ڕاهێنانە وەرزشییەکان بەیەکێک لەو ئامرازانە دادەنرێت کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستی و کارامەییە جۆراوجۆرەکانی منداڵان دەبێت و یارمەتییان دەدات بۆ رووبەڕووبونەوەی بەرزی و نزمی و ئاستەنگییەکانی ژیانیان.
هەروەک چۆن لەیارییە وەرزشیەکاندا بردنەوە و دۆڕاندن هەیە، منداڵان لەوەوە فێری زاڵبوون بەسەر نائومێدیدا دەبن و یارمەتییان دەدات تا  کۆنتڕۆڵی هەستەکانیان  بکەن و هەستە نەرێنییەکانیان بەشێوەیەکی تەندروست کۆنترۆڵ بکەن، لەهەمان کاتتدا فێری ئارامگرتنی دەکات و وا لە منداڵان دەکات تێبگەن و هەوڵبدەن بۆ پێشخستنی تواناکانیان.
 بۆئەوەش منداڵان پێویستییان بەمەشق و ڕاهێنانی زیاترە تا کارامەییەکانی کۆڵنەدان و خۆڕاگری لەبوارەکانی تری ژیانیاندا بەکاربهێنن، وەرزش یارمەتی منداڵ دەدات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی کۆمەڵایەتی کە بە درێژایی ژیانیان پێویستیان پێی دەبێت، فێری هاوکاری کردن و یارمەتی دانی بەرامبەر دەبێت و پەیوەندیی هاوڕێیەتی دروست دەکات. بۆ زۆر کەس وەرزش کردن جۆرێکە لە کات بەسەربردن، بەڵام وەرزش چەندین رەهەندی تری هەیە و کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەکات و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەرگری لەش بەرامبەر نەخۆشییەکان و گەشەکردن و پتەوکردنی ئێسک و ماسولکەکان، وەرزشکردن بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان و منداڵ لە کەم خەوی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەپارێزێت، بۆ ئەوەی منداڵ حەزی لەوەرزش بێت و چێژی لێ وەربگرێت، ئەبێت جەخت لە خۆشی و کات بەسەربردن و چالاک بوونی بکەین نەک بردنەوە یان دۆڕان، دەتوانین یارمەتی منداڵ بدەین بە پەرەپێدانی هەڵوێستی وەرزشی ئەرێنی بەستایش کردنی هەوڵەکانی تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش نەبوو گرنگە هانی بدرێت و فێری ئەوەبکرێت بەشداری کردن گرنگە نەک بردنەوەو دۆڕاندن.
بۆئەوەی منداڵ هەوڵەکانی بەردەوام بێت نابێت ڕەخنە لەو منداڵانە بگرین کە هەڵە دەکەن، وەرزش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەپەروەردە و فێرکردندا بەتایبەتی لە باخچەکانی ساوایان کە بە کردنی کۆمەڵێک جوڵەی جەستەیی، ئەو منداڵە سوودمەند دەبێت و ئەو وزە زۆرەی منداڵ هەیەتی دەتوانرێت زۆربەئاسانی بەتاڵبکرێتەوە.
 کەواتە با بە دروشمی دەرونێکی تەندروست لە جەستەیەکی تەندروستدا بۆگەشەو بنیادنانی داهاتووی منداڵانمان بەهاوکاری دایکان و باوکان و پەروەردەکاران و کۆمەڵگا گرنگی بەوەرزشی منداڵان بدەین چونکە وەرزش نەک تەنها کاریگەریی لەسەر لایەنی جەستەیی منداڵ هەیە، بەڵکو بۆبنیاتنانی کەسایەتی و لایەنه جۆراوجۆرەکانی تەندروستی زۆرگرنگ و پێویستە.

وتارەکانی نوسەر