شانۆیی بووکەڵە لە باخچەی منداڵاندا

09:57 - 2023-07-09
چرۆ رەشید
299 خوێندراوەتەوە

شێوازەکانی فێرکردن لە باخچەی منداڵاندا گرنگترین پێکهاتەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان، لەبەرئەوەی منداڵ خواستی لاسایکردنەوە و نواندنی هەیە، لەم رێگەیەوە وێنای ناخی خۆی دەکات، شانۆیی بووکەڵە گرنگترین شێوازی فێربوونی منداڵە، چونکە زۆر حەزی لێیەتی و جوڵە و نمایشکارانەیە لە رووی زانستییەوە دەتوانین هۆکارەکەی بگێڕینەوە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا چەند هەستێکی تێدا بەشداری پێ دەکات، بینین، بیستن و بەرکەوتن ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی زیاتر لە هزریدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی کاراکتەرێکی جوڵاوە و دەنگی تایبەت بەخۆی هەیە. منداڵان  چێژی لێدەبینن شانۆیی بووکەڵە جۆرێکە لە لاسایکردنەوەی هەڵوێستی رۆژان شێوازێکی پەروەردەیی ئامانجدار و چێژ بەخشە، بە ژینگەیەکی فێربوونی سەرنجڕاکێش دادەنرێت، چونکە منداڵان رەفتارەکان بەشێوازێکی سادە و ساکار فێردەبن.
شارەزایان پێیان وایە پەیوەندییەکی رۆحی هەیە لە نێوان بووکەڵە شانۆییەکان و منداڵاندا، باشترین رێگایە بۆ فێربوون و پەروەردەکردنی منداڵان، لێیەوە منداڵ فێری کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت هەستی خۆشەویستی و چاکە و پێزانین لە ناخی منداڵاندا گەشە پێدەدات، دەرفەت دەدات بۆ ئاشنابوون بەڕای کەسانی تر و چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە منداڵان هەمیشە تێبینی کەسەکانی دەوروبەریان دەکەن و حەزی چاولێکردنیان هەیە، یارمەتیدەری منداڵە لە پێشخستنی رەفتارە تاکە کەسییەکاندا وەک پابەندبوون، متمانە بەخۆبوون، هاوکاری، هاوسۆزی، دەستپاکی، رێز و لێبووردەیی. ئەم خەسڵەتانە بەشداری راستەوخۆ دەکەن لە بنیاتنانی کەسایەتی منداڵدا، لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە بایەخ بدرێت بەشێوازی جۆرا و جۆری فێربوون نەک تەنها لە رێگەی قسەکردنەوە بەڵکو بە رێگەی نواندن و لاسایکردنەوە منداڵ ئاسانتر فێردەبێت.
لاسایکردنەوە و نواندن لەگەڵ ئەوەی پێداویستی منداڵە، گوزارشت لە خواست و ئارەزووەکانی دەکات، لە هەمانکاتدا هۆکاری بەرەوپێشچوونی گەشەی منداڵە لە قۆناغی باخچەدا.
لەو پێناوەدا پێشنیاز دەکەم، مامۆستایان لە باخچەکاندا، گرنگی زیاتر بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان و گەیاندنی وانە فێرکارییەکان بدەن، لە رێگەی شانۆیی بووکەڵەکانەوە، هەروەها داوا لە نووسەر و چالاکوانانی بواری منداڵان دەكەم شێوازی نووسین و چیرۆکەکان لەسەر شێوازی  بووکەڵەکان دابڕێژنەوە، لەم رێگەیەشەوە دەتوانین خەیاڵی داهێنەرانە بۆ منداڵان فەراهەم بکەین.

وتارەکانی نوسەر