شاشە ئەلیکترۆنییەکان

10:19 - 2023-11-20
چرۆ رەشید
196 خوێندراوەتەوە


هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و زیادبوونی کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر خێزان و کۆمەڵگە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بوون بە دیاردە و هۆکارێک بۆ بەسەربردنی کاتەکان لەونێوەندەشدا هۆگربوونی منداڵ بە شاشە ئەلیکترۆنییە جۆراوجۆرەکانەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە شێوەیەکە دایبابان ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانەوە بەجۆرێک ئالوودە بوون لەسەر زۆربەی رەهەندەکانی ژیانی منداڵ و بگرە گەورەکانیش کاریگەری نێگەتیڤیان دروستکردووە. لێرەدا ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت ئایا تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵ دروست دەکات؟ ئایا گرفتی هزری و دەروونی و تەندروستی و دابەزینی ئاستی زیرەکی لەلای منداڵ دروست دەکات؟
لە کاتێکدا منداڵ لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەی ئێستادا هەر کە لەدایک دەبێت چاوی بە مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەکان ئاشنا دەبێت. پێشەنگ بوونی دایبابان لە بەکارهێنانی مۆبایل بۆتە هۆی لاسایکردنەوەی منداڵ، هەرچەندە لەوانەیە زۆربەی ئیشوکارەکانی رۆژانەمان لەسەر مۆبایل بێت، بەڵام هیچ کارێک هێندەی منداڵەکانمان گرنگ نییە، لەبەرئەوەی منداڵ حەزی لاسایکردنەوەی دایبابان و هاوڕێ و هاوتەمەن و خزم و دراوسێیان هەیە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە بە کەم سەیرکردن و کاڵبوونەوەی یارییە فۆلکلۆرییەکان، هەندێک کاتیش دایبابان بۆ کپکردنەوە و بێدەنگکردن و  کەمکردنەوەی جوڵەی منداڵەکانیان پەنا بۆ بەکارهێنانی شاشە ئەلیکترۆنییەکان دەبەن لە کاتێکدا کاریگەری نێگەتیڤیان هەیە لەسەر گەشە و پەروەردەی منداڵ و دەبنە هۆی گۆشەگیری منداڵ و لاوازبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و توڕەیی لەبەرئەوەی زۆربەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان توندوتیژییان تێدایە و دەگوازرێنەوە بۆ منداڵان، لە هەمانکاتدا گەشەی مێشک لاواز دەکەن لەو منداڵانەی تەمەنیان، بچووکە، بۆیە شارەزایان ئامۆژگاریمان دەکەن بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک نەکەن، دەکرێت منداڵان لە رێگەی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپادەوە خێرا فێری ناسینی ژمارەکان و رەنگ و شێوەکان ببن ئەگەر دایبابان چاودێرییان بکەن لەکاتی بەکارهێنانیان، بەڵام دەتوانین بڵێین منداڵان دەتوانن زانیاری زیاتر بەدەست بهێنن و درکی پێ بکەن لە جیهانی دەوروبەریان بۆیە بۆئەوەی بگەین بەڕێگە چارەیەک تا خاڵە نێگەتیڤەکان بدۆزینەوە و بە هەموولایەک، بیانگۆڕین بۆ خاڵی پۆزەتیڤ و پەروەردەیی، ئەرکی دایبابان ئەوەیە تەنها دەبێت کاتەکانی بەکارهێنانی شاشە بۆ منداڵان کەمبکەنەوە و سنوورداری بکەن، لەگەڵ ئەوەی ناکرێت منداڵان گۆشەگیر بکرێن و لە جیهانی دەرەوە دایان ببڕن و بەهیچ شتێکی نوێ ئاشنانەبن و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەوروبەرەوە نەمێنێ لەبەرئەوەی ئەمە وادەکات لە هەندێک رووەوە دوابکەون وەک فێربوون و هۆشیارییان.

وتارەکانی نوسەر