لەناو رووداوەکاندا

ناپێویستیی میدیای کوردی

10:03 - 2023-06-05
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
522 خوێندراوەتەوە

میدیای پێویست، تەنها میدیای بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پرۆفیشناڵی و هەڵگری پەیام نییە، تەنانەت میدیای گەیاندنی زانیارییە راست و دروستەکان و پرسیارە شاراوەکانیشە کە هاووڵاتی و وەرگر پێویستیان بە وەڵامە گرنگەکانی هەیە، ئەم جۆرە میدیایە کنەوپشکنینی ورد دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە خاڵی کۆتایی دەستکەوتنی زانیارییە جۆربەجۆرەکان بە خاتری رازیکردنی وەرگر، بە پێچەوانەشەوە کە میدیا بووە میدیای ناپێویست، ئەوا پرسیارەکان و کۆی بابەتەکانیشی، دەبێتە ناپێویست، میدیای ناپێویستیش ئەو میدیایەیە کە ئامانج و ستراتیژیی روونی نییە و کارێکی گەورەی نییە بۆ نەتەوە و نیشتمان.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: بۆچی وەرگری کورد تووشی تۆران بووە لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییە کوردییەکان و بە ئەندازەیەکیش رقی لە میدیای کوردییە؟ چونکە ئەم میدیایانە وەک میدیای پێویستییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەرناکەون و هەڵگری پەیامی گەورە نین، وەک چۆن دەبینین پرسیاری گەورە و وەڵامی قووڵیش لەم میدیا کوردیانەدا مردووە و نییە، یاخود زۆر کەمە بەرامبەر ئەو هەموو پرسە جیاوازانەی کە تایبەتە بە کورد و پێویستییەکانی، جا ئیدی ئەوەش بە کارێکی ئەنقەست بێت و بەهۆی کۆتوبەندەوە بێت یان بەهۆی لاوازیی و بێتوانایی میدیاکارەکانەوە. 
ئەمە جگە لەوەش کە بە راستی میدیای کوردی ئێستا هێندە سادە بۆتەوە لە رووی ئامانج و مەبەستەوە، زۆر کەسی ئاسایی پێیانوایە دەتوانن لەم جۆرە میدیایانەدا کاربکەن.
وێنە گشتییەکە وەهایە، دۆخی میدیای کوردی پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ورد هەیە تاکو وەرگر و پێویستییەکانی وەرگر نزیک بکرێنەوە لەیەکتر و ئەو تۆرانە گەورەیە نەمێنێت کە لەنێوان وەرگر و میدیادا هەیە. 
ئەم زۆربوونەی میدیا و میدیاکار لە زمانەوە بۆ توانای میدیاکاران، هەمووی کەوتۆتە ژێر گومانەوە، میدیاکاری باش لە کەشی میدیایی ئێستای کوردستان رازی نییە و رەخنەی جدی هەیە، میدیای نیشتمانی و نەتەوەییش زۆرترین بەرکەوتەی نەرێنی تووش دەبێت و زیانی پێدەگات لەم دۆخەدا، چونکە ئیدی پێویستیی میدیا دەبێتە شتێکی زۆر هەرزان لەم بازاڕەدا، وەرگریش نازانێت کام زانیاریی لە کام میدیاوە مارکە باش و راست و دروستەکەی زانیارییە و بە سوودی گشتی دەشکێتەوە.
مەترسیی ئەم ناپێویستبوونە زۆرەی میدیا و میدیاکاران، نەک تەنها لەسەر راستی و دروستی زانیاری، یان وردیی و خێرایی لە گەیاندندا دەردەکەوێت، بەڵکو لە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایش و کۆمەڵایەتی کوردستانیشدا هەستی پێدەکرێت، بەجۆرێک لە هەموو بوار و کایە جۆربەجۆرەکاندا یاری بە هەست و دەروونی وەرگر دەکرێت و ئەوەی بەلای زۆرێکی میدیا و میدیاکاری کوردەوە گرنگ و جێی بایەخ نییە، دۆخی دەروونی هاووڵاتیانە.
ئەو میدیایەی بۆ کورد پێویستە و دەبێت هەبێت، هەمان ئەو میدیایە نییە کە ئەمڕۆ هەیە و هەڵگری هیچ پەیام و گوتارێکی نەتەوەیی نییە، ئێستا نەک ئەم میدیایە شەڕی هیچ مافێکی کورد ناکات، تەنانەت پێویستە چاودێرییش بکرێن بۆئەوەی پەیام و خەونی کورد نەشێوێنن و زیان بە دۆزە رەواکەی کورد نەگەیەنن. 

وتارەکانی نوسەر