یادێكی مەزن لە رۆژێكی مەزندا

10:04 - 2023-06-05
وتار
270 خوێندراوەتەوە

شێخ فەتاح

سەرجەم گەلانی سەر گۆی زەوی، بە گەورە و بچووكەوە، ئازاد و ژێردەستە، خاوەنی مێژووی تایبەت بە خۆیانن و هەمیشە لە هەوڵدان بۆ لەیادنەكردنی ئەو مێژووەیان و هێشتنەوەی لە یادەوەریی خۆیاندا وەك خۆی و زۆرجار گەورەكردنیشی، لەبەرئەوەی هەر بەسەرهاتێك یان كارەساتێك سەركەوتنی تێدابێت، یاخود بە پێچەوانەوە، بەشێكە لە مێژووەكەیان، بۆیە مافی هەموو گەلانە گرنگی زۆری پێبدەن، لەبەرئەوەی بەشێك لە هەڵسەنگاندن و حساب بۆكردنی گەلان لەلایەن دۆست و دوژمنانیانەوە لەسەر مێژووەكەیانە بە چاك و خراپییەوە.
گەلی كوردیش بە حوكمی دێرینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكەوتنی جیۆپۆلەتێكی نیشتمانەكەی و بۆ بەرگری لە نیشتمان و گەلەكەی. نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی كە لەلایەن دوژمنان و داگیركەرانییەوە. زۆر نامرۆڤانە ئاڕاستەی كراوە، چەندین شۆڕشی بەرپاكردووە و بە هەزارەها رۆڵەی بەخشیوە كە ئێستاش بەشێوەیەكی سەردەمییانە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هەموو ئاواتەكانی.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو ئەو مێژووەدا پانتاییەكی گەورەی داگیركردووە و لە بەرخوداندا، پشكی زۆر گەورەی بەركەوتووە و هەوڵیداوە بەشی هەرە زۆری چین و توێژەكانی كوردەواری لەژێر ئاڵاكەی خۆیدا كۆبكاتەوە و هانیان بدات بۆ بەشداریكردن لە خەباتی چەكداری و  سیاسی و دیپلۆماسی و دڵسۆزییان بۆ گەلەكەیان نیشانبدەن بەرەو گۆڕانكاریی لە كۆمەڵگەدا لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووناكبیرییەوە.

 

راڕەوی زیندانی ئەبوغرێب

زیندان وەك كایەیەكی خەباتی نهێنی
رێكخستن و زیندانیش لەپاڵ بوارەكانی تری خەباتدا، شێوەیەكی خەباتی سەردەمییانەی دیكەی ی.ن.ك بوو، وێستگەیەكی زۆر بەهێز و كاریگەر و پشتیوانی میللەتەكەمان بوو لە سەردەمی خۆیدا، بۆ جۆشدانەوەی شۆڕش و نیشاندانی هەڵوێستی بوێرانە. دەتوانرێت بوترێت بەشێكی گرنگ لە حسابكردن  بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلایەن دۆست و دوژمنانییەوە، خۆڕاگری و بەئەمەكی و چۆكدانەدانی زیندانییە سیاسییەكانی بوو.

یادەوەرییەك لە زیندانەوە
لە زیندانەكاندا هەر یەكەم وەجبەی زیندانیانی سیاسیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دروشمیان «كەم ژیان و كەڵ ژیان» بوو، ئەو تایبەتمەندییە شەهیدانی سەركردە خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر  پێشڕەوایەتیان كرد و دواتر بەشی هەرە زۆری زیندانیانی كۆمەڵە و ی.ن.ك لەسەری رۆیشتن.
لێرەدا دەمەوێت بچمە سەر یادەوەرییەكی زۆر مەزنی لەبیركراو كە دوو جار مەزنە. یەكێكیان بۆ یادی دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كراو ئەوەی تریش لە مێژووی زیندانیاندا یەكەم جار بوو لەژێر دەسەڵاتی دڕندەترین رژێمدا بكرێت كە گەورەبێت یان بچووك دەچێتە خانەی مێژووی گەلەكەمانەوە، ئەویش یادكردنەوەی 17 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵە بوو لە زیندانی ئەبوغریب لە (10/6/1987)دا كە پێشتر لەلایەن چەند هاوڕێیەكی كۆمەڵەوە بەگشتی گەڵاڵەكرا و بڕیاری جێبەجێكردنی درا. 
ناوەكانم لەبیرە، بەڵام ناینووسم، هەم لەبەرئەوەی ئەوەی ئەركێكی نیشتمانی و رێكخراوەیی بوو لەسەر شانی هەموومان كە هاوڕێكانمان گیانی خۆیان لەو پێناوەدا خستبووە سەردەستیان، هەم نەوەك ناوێكم لەبیربچێت و گلەییم لێ بكەن.
بەپێی بڕیارەكە دوای (مەستەری) بەیانی واتە سەرژمێریی بەیانیان، زۆربەی زیندانییە سیاسییەكانی یەكێتی و بەتایبەتی كۆمەڵە ریشیان تاشی بوو، عەتریان لەخۆیان دابوو، زۆربەی تەرمۆسەكان لەجیاتی ئاو، شەربەتیان تێكرابوو، چوكلێت كڕرابوو لەلایەن هەموو سەفەرداشێكەوە (واتە ئەو كەسانەی كە پێكەوە نان دەخۆن) بۆئەوەی هەر كەسێك هات بۆ پیرۆزبایی، شەربەت و چوكلێتیان بدەنێ، لەناو ئەو چەند كەسەی پێكەوە لە خێوەتێكدا بوون یان سەفەرداش بوون.
یەكێكیان مابۆوە لە شوێنەكەی خۆیان و ئەوانی تریش بە كۆمەڵ دەگەڕان بۆ پیرۆزباییكردنی یادەكە، جگەلەوەش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زۆربەی زیندانییەكانی ی.ن.ك ئاگادار كرابوون بۆ دەستپێشخەریی و جێبەجێكردنی.
 پێش چەند رۆژێك زۆربەی زیندانیانی حزبە سەرەكییەكانی ناو ئەبوغرێب لەلایەن كەسە دیارەكانیانەوە لەو هەواڵە ئاگادار كرابوونەوە، وەك حزبی شیوعی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆشیالیست، پاسۆك، پارتی گەل،  حزبی دەعوەی ئیسلامی و حزبی بەعسی چەپی سوری و حزبە ئیسلامییە كوردییەکان و هەندێك كەسی حزبە توركمانییەكانیش.
سەرەتا یادەكە زۆر بەهێمنی دەڕۆیشت، چونكە تەنیا لەلایەن زیندانییەكانی کۆمەڵە و ی.ن.ك-ەوە پیرۆزبایی گەرم لە یەكتریی دەكرا، بەڵام لەدوای چەند سەعاتێك شێوەیەكی رەسمی وەرگرت و لەلایەن سەرجەم حزبەكانی ئەبوغرێبەوە پشتیوانی لێكرا لە چەپ و راستەوە بە كۆمەڵ هەم یەكێتییەكان هەم حزبەكانی تر پیرۆزباییان لەیەكتریی و لە زیندانییەکانی کۆمەڵە و ی.ن.ك دەكرد.
كە هیچ بەهانەیەك نەمابۆوە بۆ شاردنەوەی یادەكە، راستەوخۆ سەرجەم حزبەكان بە كورد و عەرەب و توركمان و عەلمانی و ئیسلامییەوە، بەشدارییان لەگەڵ كردین كە زۆر جێگەی رێز بوو، بەڵام هەندێك حزب و لایەن گەرموگوڕتر بوون بۆ مێژوو، لەوانە هاوڕێیانی حزبی شیوعی هەر چۆن لەكاتی ئەشكەنجەداندا خۆڕاگر و بەهەڵوێست بوون، لەو یادەشدا زۆر جیا نەدەكرانەوە لە زیندانییەكانی ی.ن.ك.
ئەمەش جگەلەوەی بە شاهیدی ئەو زیندانیانە كە زیاتر لە 20 ساڵ بوو لە ئەبوغرێب بوون، بە یەكەم هەڵوێست و بوێرییان لە قەڵەمدا لە مێژووی زیندانیانی سیاسیی كورد و ئەبوغرێبدا و سەروەرییەكی مێژوویی بوو بۆ گەلەكەمان و بۆ کۆمەڵە و یەکێتی.
بەڵام دوای پێنج رۆژ بۆ تۆڵەسەندنەوە و چاوترساندن و دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە هەڵوێستانە، (39) زیندانی سیاسی بەهەڵوێستیان لە رێوڕەسمێكی ترسناك و پڕلەقیندا بێسەروشوێن كرد و بۆ ماوەی (52) رۆژ.
 لە رۆژی (15/6/1987)دا لەپڕ ناوی ئەو 39 زیندانییەیان خوێندەوە و هەتا (5/8/1987)دا لە مەحجەر (زیندانی ناو زیندان) مانەوە. لەبەرئەوەی ئەو زیندانیانە هاوڕێی تەنگانەی خۆمان بوون، زۆر جێگەی نیگەرانیمان بوو، بەڵام لەكاتی هاتنی كەسوكاریاندا بۆ ئەبوغرێب و دیارنەمانیان، ئێمەی تووشی وەڵامێكی ناڕاست و دروست دەكرد، چونكە مێژووی ئەبوغرێب بە جۆرێک بوو هەر كەسێك لەدوای حوكمدانی بانگ بكرێتەوە لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتەوە، لەسێدارە دراون. تەنها ئەو ناوانەم بیرماوە زۆر داوای لێبووردن لەو زیندانیانەی تر دەكەم، حەزیش دەكەم ناوەكانیانم دەست بكەوێت. 
جێی خۆیەتی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان میدالی رێزلێنانیان پێ ببەخشێت لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم حزبە مەزنەدا، چونكە هەندێكیان لە دوای ئازادبوون شەهیدبوون.
ناوی ئەو زیندانیانەی كە لە زینداندا جارێكی تر زیندانی كراونەتەوە:
   
1- شێرزاد یاسین محەمەد- كەركوك-شەهیدبووە.
2-تەحسین حەمە غەریب- سلێمانی- شەهیدبووە.
3- كاروان حەمەسەعید- سلێمانی- شەهیدبووە.
4- سەلام ئەحمەد باوەخان- سلێمانی- كۆچی دوایی كردووە.
5-بێستون عەبدوڵڵا محەمەد/ سلێمانی/ كۆچی دوایی كردووە.
6- نورەدین وەلی رەزا- كەركوك
7- فەرەیدون تاهیر حەمە ئەمین- كەركوك
8- نەبەز جەواد قادر- هەولێر.
9-كەمال عومەر هندی – سلێمانی- كۆچی دوایی كردووە.
10- ئاسۆ جەمال موختار- سلێمانی.
11-فاروق كەریم- سلێمانی.
12- رزگار محەمەد جۆڵا- سلێمانی.
13- محەمەد مەخموری- هەولێر.
14- سەروەر عەبدولكەریم خەلیفە- سلێمانی.
15- نەجات ئەحمەد یابە- هەولێر.
16- عوسمان حەمە ساڵح- سلێمانی.
17- جەزا عەلی رەحیم-سلێمانی.
18- عەباس حەمە فەرەج  غەزێم- سلێمانی.
19-شێخ حەسەن حسێن نەجمەدین- چەمچەماڵ- كۆچی دوایی كردووە.
20-خەسرەو رەشید- سلێمانی.
21-دڵشاد حەمە عەبدوڵڵا- سلێمانی.
22-بەكر سەعید دەلاك- سلێمانی.
23-هێمن سەعید بەگ- سلێمانی.
24- یوسف عەبدوڵڵا خزر- سلێمانی.
25-سەڵاحەدین ساڵح تۆفیق- سلێمانی.
26- حاجی جەمیل حەمە ساڵح- كەركوك.
27- خالید محەمەد فەتاح- سلێمانی.
28- حەسەن سەراوی- سلێمانی- شەهیدبووە.
29- حەمە رەشید سمێڵ-كەركوك-
30-شەماڵ محەمەد بەكر گلی- خورماتوو.
31-خەلیل قەزوین حەمەلاو-خورماتوو
32-محەمەد نوری- خورماتوو.

وتارەکانی نوسەر