وردتر

لە نێوان ئەمریکا و چیندا

10:08 - 2023-06-13
لەشکر حەمە ساڵح
327 خوێندراوەتەوە

ئەمریکا و چین دوو گەورەترین هێزی سیاسی و ئابووری و ستراتیژیی جیهانن، بەڵام پەیوەندییەکانیان رۆژ لە دوای رۆژ و تادێت ئاڵۆزتر و پڕ لە گرژی زیاتر دەبێت. 
کۆمەڵێک بواری ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، لەوانە بازرگانی، تەکنۆلۆجیا، مافی مرۆڤ، ئاسایش... ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا پێیوایە تا 2027 ئەگەری پێکدادانیان زیاتر هەڵدەکشێت.
بازرگانی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مێژە چین تۆمەتبار دەکات بە شێوازی بازرگانیی نادادپەروەرانە، وەک دزینی خاوەندارێتی فیکری و دەستکاریکردنی دراو. 
لە ساڵی 2018 دا ئیدارەی ئەمریکا لە ماوەی حوکمڕانیی دۆناڵد ترەمپدا باجی بەسەر کاڵای چینی بە بەهای ملیارەها دۆلار سەپاند و چینیش بە باجی تایبەتی خۆی تۆڵەی کردەوە. 
بەو جۆرەش شەڕی بازرگانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەردوو زلهێزە ئابوورییەکە هەبووە و تا ئێستاش چارەسەرنەکراوە و چاوەڕوانیش دەکرێت زیاتر بەرەو قووڵبوونەوە و پەرەسەندن بڕوات.
تەکنۆلۆژیا: وەک سیاسەت و ئابووری بە گشتی، ئەمریکا و چین کێبڕکێی باڵادەستی لە کەرتی تەکنۆلۆژیاشدا دەکەن. چین وەبەرهێنانی بەرچاوی لە بواری زیرەکی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەم و تەکنۆلۆژیا سەرهەڵداوەکانی دیکەدا کردووە. 
لە بەرامبەردا ئەمریکا نیگەرانە لەوەی چین ئەم تەکنۆلۆژیایانە بۆ مەبەستی سەربازیی و سیخوڕی بەکاردەهێنێت و هەنگاوی ناوە بۆ سنووردارکردنی هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای هەستیار بۆ چین.
مافی مرۆڤ: ئەمریکا رەخنەی لە بارودۆخی مافی مرۆڤی چین گرتووە، بەتایبەتی مامەڵەی لەگەڵ موسڵمانانی پارێزگای شینجیانگ. 
لە بەرامبەردا چین رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت، هەروەها ئەمریکای بە دووڕوویی تۆمەتبار کردووە.
ئاسایش: ئەمریکا نیگەرانە لە پەرەسەندنی هێزی سەربازی چین و رەفتارە جەختکەرەوەکانی لە دەریای باشووری چین. ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە تەنها بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، هەروەها هۆشداری داوەتە ئەمریکا کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی نەکات.
چاودێران بە دوودڵییەوە دەڕواننە پێشهاتەکانی نێوانی ئەو دوو وڵاتە بە تایبەتی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی چین بكات.
بڕیارە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا 18ی ئەم مانگە سەردانی چین بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا گفتوگۆ لەبارەی ئاڵۆزییەكانی نێوانیانەوە بكات.
لە دوای ساڵی 2018وە، بلینكن یەكەم دیپلۆماتكاری باڵای ئەمریكایە سەردانی چین دەكات ئەوەش دوای سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە.
پێدەچێت ململانێی نێوان ئەمریکا و چین بۆ داهاتوویەکی نزیک بەردەوام بێت. هەردوو وڵات دەسەڵاتدار و خاوەنی ئیرادەن، دیدگا و تێڕوانینیان بۆ داهاتووی جیهان لە دۆسێ و مەلەفە جیاجیاکاندا جیاواز و لە یەک دوورە. دەرئەنجامی ئەم ململانێیە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی و ئاسایشی جیهانی دەبێت، بە تایبەتی لەم ماوەیەدا کە روسیا سەرقاڵە بە جەنگی ئۆکرانیاوە و چینیش بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی مۆسکۆ دەکات و بەهۆی دۆسێی تایوان و سیاسەتی ئەمریکاوە دەربارەی ئەو دوورگەیە، لە نیگەرانییەکان تێدەگات.

وتارەکانی نوسەر