لەپێناوی ئایندەیەکی گەشدا

بۆ کۆمەڵانی خەڵک و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

10:14 - 2023-06-19
عومەر قادر وسو
477 خوێندراوەتەوە

ئەنجامی سەرکەوتنی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پێناو راستەڕێکردنەوەی هێڵی ئابووری هەرێم و دەستەبەرکردن و دابەشکردن و چەسپاندنی دادپەروەری لە داهات و دارایی، پارتی دیموکراتی کوردستانی تووشی شۆک کردووە و هێرش دەکات و بەڕاست و چەپدا توانج و پلار دەهاوێژێ.

زەرورەتێکی مێژووییە ی ن ک جارێکی تر بەفۆڕمێکی نوێوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییە رەسەنەکان رێکبخاتەوە لە پێناوی کاری پێکەوەیی و داڕشتنەوەی نەخشەڕێگایەکی راست و دروست  و پێشخستن و خۆشگوزەرانیی خەڵکدا، یەک گوتار و یەک هەڵوێست بێت

هەڵوێستێکی کوردانە و حەکیمانە
 ئەم هەڵوێستە حەکیمانەیەی یەکێتی و نەبەردییەکانی لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ چارەسەری هەموو ئەو ئاڵنگاری و دەردەسەریانەیە کە رۆژانە و مانگانە پارتی لەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمیان دێنێت، کە یەکێک لەمەبەستەکانی ئەو حزبە هەژار و دیلکردنی کۆمەڵگەی کوردیی و هەوڵەکانی لەو پێناوەدا دیار و درەخشانە و گەرەکیانە لەو رێگایەوە تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی بکەن و خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنن لەناو هەرێمی کوردستان.
لەو مەیدانی شەڕانەدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و هەروەها لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەنها یەکێتی دەردەکەوت بۆ بەرگری کردن لە مافی پارێزکاکانی هەرێم لە دادپەروەری و هەروەها مافی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی پاشەکەوتی مووچەکانیان کە چەندین ساڵە لێیان دەبڕرێت و پێویستە بۆیان بگێڕدرێتەوە، بەداخەوە کە زۆرجار بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەو کاتانەدا بێ هەڵوێست دەمێننەوە .
بۆ داهاتوو پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم  چاو بە هەڵوێستەکانیاندا بگێڕنەوە لەو مەسەلانەی پەیوەستن بە مافە رەواکانی گەلی کوردستان، هەروەها لەوە ئاگاداربن ئەم هەڵوێستانەیان خزمەت بە دۆست و لایەنگرانی خۆیان و وڵاتەکەشیان ناکات، هەروەها پێویستە یەکێتیش وەک خەمخۆری هەمیشەیی و کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکان بێت، متمانە بگێڕێتەوە بۆ لایەنەکان و (رێکەوتنی کۆنکرێتی) لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم واژۆ بکات بەهەر نرخێک بێت، هەر وەکو لەڕابردوودا هەڵوێستەکانی مامی رابەرمان داکۆکیکار و فاکتەری گەشەکردن و بەهێزبوونی لایەنەکان بووە، لە بڕوابوونی تەواوی بە فرە حزبی و یەکێتی ریزەکانی گەل.  

یەکێتی رچەشکێن بووە  لە چارەسەری کێشەکان
یەکێتی هەمیشە رچەشکێن بووە بۆ چارەسەری کێشەکان لە هەرێم و عیراقیش و گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ، پێویستە هەوڵیش بدات لەکۆبونەوەیەکدا جگە لە پارتی و هەندێک لە حزبە بچوکەکان کە دروستکراو و بەندەی پارتین، بەرنامە و ئامادەکاری دروست رێکبخات بە مەبەستی دانانی پلان و داواکارییەکانی هەرێم، ئاراستەکردنیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کە لەمەودوا چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و سەربازی و داراییەکانمان لە بەغدای پایتەختی عیراقی فیدراڵەوەیە .

هەروەکو چۆن رووداوەکانی رۆژانی رابردوو لە ناو پەرلەمانی عیراق فراکسیۆنە ژیر و لەخۆبوردووەکەی یەکێتی، نائومێدی خنکاند و جارێکی تر هیوای بەخشیەوە بە هاووڵاتیانی هەرێم و بەتایبەتیش دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین کە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە لەلایەن پارتییەوە ئابڵوقەو هەروەها سزای سیاسیی دەدران.

ئەرکی بەرگری کردن لە مافە رەواکانی کورد
لەپێناو ئایندەی یەکێتی کە ئەرکی گەورەی پاراستن و بەرگریکردنی مافە رەواکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتە ئەستۆ، کە بارگرانییەکی قورسە ئەگەر بەتەنها بێت، لەبەر ئەوە زەرورەتێکی مێژووییە ی ن ک جارێکی تر بەفۆرمێکی تری نوێوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییە رەسەنەکان رێکبخاتەوە لە پێناوی کاری پێکەوەیی و داڕشتنەوەی نەخشەڕێگایەکی راست و دروست  و پێشخستن و خۆشگوزەرانی هاونیشتمانیانمان، یەک گوتار و یەک 
هەڵوێست بین.

وتارەکانی نوسەر