وردتر

مەترسییەك لە عیراقەوە بۆ كوردستان

10:17 - 2023-06-20
لەشکر حەمە ساڵح
353 خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بڕێكی باشی باران باری و هێشتا بە تەواوەتیش گەرمای هاوین دەستیپێنەكردووە، بەڵام نیشانە و ئاماژەی هاوینێكی وشك و سەخت لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەركەوتووە؛ دۆخەكە لە كوردستان كەمێك باشترە، بەڵام مەترسییە گەورەكە لە ناوچەكەی تری عیراقەوەیە.
د.رەمەزان حەمزە پسپۆڕی ژینگەی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سكای نیوز رایگەیاند، هەموان دۆخەكە بەچاوی خۆیان دەبینن و وێنەكانیش بارودۆخی گشتی، بەتایبەتی دۆخی ئێستا کە رووبار و سەرچاوە ئاوییە وشكبووەكان پێویستیان بە هیچ روونكردنەوە و لێكدانەوەیەك نییە. ئەو پسپۆڕە جەختدەكاتەوە لەسەر ئاگاداركردنەوەی خەڵك لەوەی بارودۆخەكە تا چ رادەیەك مەترسیدارە.
بەشێوەیەكی گشتی ساڵانێكە نیشانەكانی گۆڕانكاریی لە كەشوهەوا و ژینگەی عیراقدا دەركەوتووە و ساڵ بە ساڵیش چڕتر و مەترسیدارتر دەبێت و خەریكە دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئایندە و چارەنووسی وڵاتەکە. ئەوەشی جێگەی مەترسییە دوو خاڵی سەرەكییە؛ یەكەمیان بێباكی و خەمساردیی لایەنی پەیوەندیدار، دووەمیشیان خۆ بەخاوەن نەكردنی كوردستان بۆ ئەو دۆخەی رووبەڕووی عیراق دەبێتەوە، وەك ئەوەی پەیوەندییەكی بەوەوە نەبێت!
نیشانەكانی ئەو دۆخەی لە عیراقدا هەیە لە چەند خاڵێكدا چڕ دەبێتەوە: 
*بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما: عیراق لە چەند دەیەی رابردوودا تێكڕای پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی گەرمای توندتر، كە لە ئێستاوە كاریگەریی وێرانكەری لەسەر خەڵك و ژینگە و ژێرخان هەیە.
*وشكەساڵی: ساڵ بە ساڵ عیراق وشكەساڵی زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێت. ئەمەش كەمكردنەوەی دەرفەتی بەردەستبوونی ئاوی بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە و بەكارهێنانی پیشەسازی لێدەكەوێتەوە.
*كەمی ئاو: كەمی ئاو لە ئێستاوە كێشەیەكی گەورەیە لە عیراق، رۆژ بە رۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێت. وڵاتەكە بۆ ئاو زۆر پشتی بە رووبارەكانی دیجلە و فورات بەستووە، بەڵام سات لە دوای سات ئاوی ئەم رووبارانە كەم دەبنەوە، بەهۆی دروستكردنی بەنداوی زیاتر لە توركیا و ئێران، هەروەها بەهۆی بەهەڵمبوون و بەهەدەردانی فراوانەوە.
*بە بیابانبوون: بیابانبوون كێشەیەكی گەورەیە لە عیراقدا. ساڵ لە دوای ساڵ خاكە فراوانەكانی دەوروبەری شار و گوند و ئاواییەكان دەبنە بیابان؛ واتە ئاوەدانی لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدایە، ئەمەش بەر لە هەرشتێك دەبێتە هۆی زیادبوونی خۆڵبارین و شەپۆلە بەردەوام و فراوانەكان. ئەم شەپۆل و زریانانە دەبنە هۆی كێشەی هەناسەدان و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری و كشتوكاڵ و تەنانەت كۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی ... و هتد.
پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشنیاز و چارەسەری گونجاویان خستۆتەڕوو، بەڵام هێشتا هەر وەك مەرەكەبی سەر كاغەز ماونەتەوە.
*باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو: عیراق پێویستی بە باشتركردنی سیستمی بەڕێوەبردنی ئاوە بۆئەوەی سامانی ئاو بپارێزێت و بە شێوەیەكی كاراتر سوود لەو ئاوە وەربگرێت كە لەبەردەستدایە.
*خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی كەشوهەوا: عیراق پێویستی بە پلان و كارنامەیەكی ستراتیژی بە خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كە لە ئێستاوە بۆ ئایندەی دوور و نزیك روودەدەن.
مەترسییە سەرەكییەكەی ئەو دۆخەی رووبەڕووی عیراق بۆتەوە تەنها لەسەر عیراق خۆی نییە، بەڵكو بۆ سەر كوردستانیشە، چونكە هەم كاریگەری لەسەر ژینگەی ئێرە دروست دەكات، هەمیش نزیكترین و ئاسانترین شوێنە بۆ خەڵكی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كە رووی تێبكەن!

وتارەکانی نوسەر