پەیوەندیی ئێران و میسر بەرەو کوێ؟

10:42 - 2023-06-26
رەمزی سەعید
395 خوێندراوەتەوە

گفتوگۆی نێوان میسر و ئێران نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بوو، لە رێگەی نێوەندگیری عومانەوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی عیراق بۆ لێکنزیککردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات. بەپێی هەواڵەکان لە مانگی ئازاری رابردووەوە، چەندین دانیشتن لە نێوان بەرپرسانی میسر و ئێران، لە بەغدا بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان کراوە. 
جگە لەوەش وەزیری دەرەوەی ئێران، گەشبینیی خۆی سەبارەت بە ئاسۆکانی باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر دەربڕی و جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر هەردوو وڵات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە.
باسیش لە ئەگەری دیداری هەردوو سەرۆکی میسر و ئێران دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان بەرەوپێش بچێت.
هەروا سەید عەلی خامنەئیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، 29 ی گوڵان، لە دیداری رابردوویدا لەگەڵ سوڵتانی عومان لە تاران، پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسر کرد.
میسر و ئێران هۆکاری تایبەت بە خۆیان هەیە و دەیانەوێت پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان باشتر بکەن. بۆ قاهیرە، ئاسایی بوونەوە لەگەڵ تاران گرنگییەکی زۆری هەیە، بەو پێیەی دەتوانێت دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنێت، کە رەنگە گرنگترینیان پاراستنی رێڕەوی ئاوی گرنگی کەناڵی سوێس و دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بێت لە بابالەوە - گەرووی مەندەب، کە بەهۆی دۆخی یەمەنەوە کاریگەری لەسەر بووە.جگە لەوەش هەوڵدەدات هاوکارییە ستراتژیکییەکان لەگەڵ تاران لەسەر پرسە جۆربەجۆرەکان، لەوانەی پەیوەستن بە سوریا، عیراق، یەمەن و فەلەستین، پەرەپێبدات. 
بۆ نموونە، خواستی میسر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە کەرتی غەززە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە نزیکەکانی ئێران لەگەڵ زۆرێک لە لایەنەکانی فەلەستین، وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی، پاڵنەرێکی گرنگە. 
قاهیرە ئارەزووی پاراستنی سەقامگیریی و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ململانێی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات. 
جگە لەوەش میسر لە پڕۆسەی ئاشتەوایی فەلەستین رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت.
پەرەسەندنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان میسر و ئێران گرنگە، سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی کە میسر رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی سەخت بۆتەوە کە بە رێژەی بەرزی هەڵاوسان و قەرزی دەرەکی تایبەتمەندە.
گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسانکاری دەکات بۆ رۆیشتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ میسر، کە دەتوانێت دراوی رەقی زۆر پێویست بۆ وڵاتەکە بەدەستبێنێ. 
میسر سوودێکی زۆری دەبێت لە فراوانکردنی هەناردەکردنی کاڵاکانی بۆ بازاڕی ئێران.
بۆ تارانیش بەرژەوەندیی زۆر لەمەدایە لەوانە:
گەڕاندنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر، ئەو هەوڵە گۆشەگیرانە پووچەڵ دەکاتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی سەپاندنی بەسەر ئێراندا دەدەن. 
لەو شوێنەی کە تەلئەبیب چالاکانە کاردەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تاران و ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی. نزیکبوونەوەی ئەوان تەحەدایەکی گەورە بۆ ئەم هەوڵانەی ئیسرائیل دروست دەکات. لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی پتەوکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە کەنداو و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوانیان قووڵتر ببێتەوە. 
بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، چونکە میسر وەک هاوپەیمانیی ئەو وڵاتانە پێگەیەکی گرنگی هەیە.
جگە لەوەش، دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ میسر، رێگە خۆش دەکات بۆ بەرزبوونەوەی هاوکارییە ئابوورییەکان و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی بەرفراوانی میسر کە بۆ بەرهەمە ئێرانییەکانی دابین دەکات. ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات بۆ ئێران و یارمەتی کەمکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکەی دەدات.

 

لە ئەگەری نزیکبوونەوەی زیاتری هەردوو وڵات، ئەگەری کۆبوونەوەی لووتکەش لەئارادایە

وتارەکانی نوسەر