لە دوای سەردانەکەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی

10:34 - 2023-07-05
سەروەر کەمال رەسوڵ
654 خوێندراوەتەوە

رۆژی14-06-2023 هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و یەكە ئیدارییەكانی ئیدارەی راپەڕین كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا داوایكرد پەلە بكرێت لە تەواوكردنی پڕۆژەكانی دەڤەرەکە، لەهەمان كاتدا بەڵێنی ئەوە درا كە دەرگای پڕۆژەكان بە رووی ناوچەكەدا بكرێتەوە.
لێرەوە لەم سەكۆیەوە داوا لەهەڤاڵ قوباد تاڵەبانی دەكەین كاربكەن بۆ ئاوڕدانەوە لە كەرتی تەندروستی راپەڕین.
لە ئیدارەی ناوچەكە نەخۆشخانەیەكی 391 قەرەوێڵەیی نزیكەی 10 ساڵە بە تەواونەكراوی بەجێهێڵراوە.
ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و پڕ بایەخەكان، ئەگەر بێتو ئەوەی ماوە تەواو كرێت، بەدڵنیاییەوە خزمەتێكی زۆر گەورە بە ئیدارەی راپەڕین دەكات بە گشتی.
لەم كاتە ئەم پڕۆژەیە لە هەموو پڕۆژەكانی دەڤەرەكە گرنگترە بۆ خەڵكی ناوچەكە.
وەك ئاشكرایە ئەمڕۆ كەرتی تەندروستی بۆ هەموو هەرێم و ناوچەیەك بناغەیەكی گەورەیە كە وادەكات کۆمەڵگەیەكی تەندروست بهێنێتە ئاراوە.
تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە سەرەڕای ئەوەی خزمەتێكی گەورە دەكات، لۆدێكی گەورەش لەسەر نەخۆشخانەی گشتی سلێمانی لا دەبات كە رۆژانە رێژەیەكی زۆر خەڵك لە دەڤەرەكەوە رووی تێدەکەن.
جیاواز لە هەموو ئەوانە دەرفەتێكی گەورەی كاریش دەڕەخسێنێت بۆ دەرچوانی كەرتی تەندروستی كە ئەمەش خزمەتێكی گەورەی ترە بۆ دەڤەرەكە.
جارێكی تر داوا لەهەڤاڵ قوباد تاڵەبانی دەكەین لە داهاتوودا تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە بەهەند وەربگرێت. خەڵكی ناوچەكەش چاومان لە هەوڵ و كۆششەكانی بەڕێزیانە بۆ خەم خۆریی ئیدارەی ناوچەكە.
پڕۆژەكە پێویستی بە تێچوویەكی زۆرە ، بۆ تەواو كردنی ئەو بەشەی كەماوە. ئەگەر بەچەند قۆناغێکیش تەواوكرێت خەڵكی ناوچەكە هەر چاوەڕێ دەبن گرنگ ئەوەیە كار لە پڕۆژەكەدا دەست پێبكاتەوە.

نەخۆشخانەی رانیە 10 ساڵە بە ناتەواوی ماوەتەوە

وتارەکانی نوسەر