گۆڤەند رەجەب
ئەگەر چاوێك بە رابردوودا بخشێنینەوە، دڵنیا دەبین كە بەڵێ یەكێتی هێزە، هێزێكە بەرگەی چەندینجار ترازانی ناوخۆیی گرتووە و هێشتا لەسەرپێیە.
لە روانگەی لێدوانی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی، بە كورسی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكەدا كردووە بە بەراورد بە رابردوو، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، سەرۆكی پێشووی حكومەت بێمنەتانە بەرامبەر لایەنگرانیان بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: پارتی لەگەڵ چینیش هەڵبژاردن بكات هەر دەیباتەوە.
ئەم دێڕە زۆر قسە هەڵدەگرێ و سەلمێنەری ئەوەیە كە هیچكات كورسییەكان حەقی خۆیان نەبوون و چەند كورسییەكی مسۆگەریان هەبووە، بۆیە بە تەنزەوە لە زیادبوون و كەمبوونی كورسی حزبەكانی دیكە دەڕوانن.
لە راستیدا ئەوە مومارەسەی راستی ئازادی و هەڵبژاردنە، كە كورسی كەم و زیاد بكات.
بۆیە یەكێتی، بەو ژمارە كورسییەوە كە بەڕێزیان بە تەنزەوە باسی دەكات، توانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەستبهێنێت و هێندەی پارتیش پۆستی وەزارەت وەربگرێت، یەكێتی بەو سەنگەی بەڕێزیان باسی دەكات، لە دوایین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا توانی عیراق لە لێواری جەنگێكی ناوخۆیی و تایفی گەورە و مەترسیدار بگەڕێنێتەوە.
بۆیە ئەگەر دەنگ و كورسی یەكێتی كەمی كردووە، نیگەران نین و نامە و مەسجی هاووڵاتیانە بۆ بەخۆداچوونەوەی نێو حزب، بۆئەوەی یەكێتی وەك ئێستا بكەوێتە سەر رێڕەوە راستەكە كە لە رابردوودا بەهەر هۆكارێك بووبێت، دۆخەكە لەبار نەبووە، بۆیە یەكێتی ئەگەر كورسی کەمیشی هەبێت، ركابەریی ئەم حزبە دەكات.
بۆیە بەڵێ یەكێتی هێزە.