بانگەشەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكرا و ئەمڕۆ ئاڵا سیمبولی سەربەخۆیی لەبیركرا بەرامبەر گوژمەی گرێ بەستەكە!!
چەندین ساڵە داوا دەكرێت كە با نەوت لەرێگەی حكومەتی فیدراڵییەوە بفرۆشرێت، بەڵام غرور و خۆبەگەورەزانینی حكومەتی تاكڕەوی رێگەی نەدا قبوڵی ئەم بڕیارە بكەن و خەڵكیش باجی زۆری دا تاوەكو ئەمڕۆ.
چەندین ساڵە پاشەكەوتی مووچە، دواكەوتنی مووچە، نەبوونی هەلی كار، دانەمەزراندنی دەرچوان، كۆچی كۆچبەران، خراپی گوزەرانی تاكی كورد، نەبوونی كار و داهات، كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەری و ئفلیجبوونی ئابووری لەژێر ناوی ئابووریی سەربەخۆدا، هەروەها وەلانانی سەرجەم سەرچاوە ئابوورییەكان كە دەكرا سوودی هەبێت، لە کاتێکدا لە كۆنەوە كشتوكاڵ سەرچاوەی سەرەكی داهات بووە.
خۆنواندن بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئەوەی ئەمڕۆ گوزەرا پێچەوانەی وتەكانی پێشووی دەسەڵاتدارەكانمان بوو، كە هەمووی بەدەستكەوت و پیاوەتی بەگەل دەفرۆشنەوە.
شێركۆی مەزن زۆر جوانی فەرمووە:
ئەم نیشتمانە باوكێكی یەكجار گەوجە
گەر پانتۆڵێك بۆ كوڕەكەی خۆی بكڕێت
ئەبێ لە رۆژناما بینوسێ و
لە تیڤیشا پانتۆڵەكەی نیشان بدرێ
لە رادێودا باسی بكرێت و لە دوایشا
بكرێت بە ریكلام و كتێب