ته‌مه‌ن به‌هایه‌كی مه‌زنی هه‌یه، به‌های ته‌مه‌ن له گرنگی و به‌های ناخی مرۆڤه‌كان دا ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك مرۆڤ به‌ها به‌ته‌مه‌نی خۆی ده‌دات، ئه‌وا به‌وێنه‌ی ئاوێنه به‌های ته‌مه‌نیش ئاوێنه‌دانه‌وه‌ی ده‌بێت و به‌ها به‌ژیان ده‌دات، ئه‌گه‌ر بتوانیت به‌های ناوه‌كی خۆت بدۆزیته‌وه و گرنگی پێ بده‌یت ئه‌وا ده‌بیته ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌مه‌نت و ژیانیشت پڕ به‌ها ده‌بێت.
شته به‌هاداره‌كانی ژیان خواستیان زیاتر له‌سه‌ره و ئاوات و خۆزگه‌ی مرۆڤه‌كانن، بێ ئاگا له‌وه‌ی به‌های سه‌ره‌كی خۆت له‌ناخی خۆتدایه و خوودی ته‌مه‌نیش گرنگترین و به‌هادارترین به‌خششی تۆیه، هه‌رگیز ناگه‌یت به به‌های شته‌كانی چوارده‌ورت تا له‌ناخی خۆتدا به‌ها دیارینه‌كه‌یت، هه‌ر بۆیه له‌كه‌ناری ناخی خۆت دا پشوویه‌ك بده و هه‌ست به گرنگی و به‌های خۆت بكه و پاشان هه‌وڵبده به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆت هه‌نگاو بنێیت، هیچ كات هه‌ست به به‌های خۆت و ته‌مه‌نت ناكه‌یت تا به‌كه‌شتی ئارامیی له ده‌ریای ناخت‌دا نه‌په‌ڕیته‌وه.
ژیان گۆڕه‌پانێكی به‌رینی یاریكردنه، كارامه‌یی و توانای خۆت بدۆزه‌ره‌وه و بڕیار بده چ جۆره یارییه‌ك ده‌كه‌یت، كاتێك هه‌ست به به‌های خۆت ناكه‌یت و نازانیت توانا و به‌هره‌و ئاستی تۆ چییه، چۆن بڕیار له‌سه‌ر جۆری یاری له‌ژیان ده‌ده‌یت، زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ڵه یاری ژیانیان هه‌ڵبژاردووه و ژیان یاری پێكردوون و سه‌ره‌نجام تووشی شكست و دۆڕان هاتوون.
ته‌مه‌نت بۆ رێكخستنی شته به‌هاداره‌كانی ژیانت ته‌رخان بكه، ده‌نا ژیان هێنده به‌شتی بێ به‌هاوه سه‌رقاڵت ده‌كات ناپه‌رژێیته سه‌ر رێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌ردیله‌كانی ته‌مه‌نت و سه‌ره‌نجام جگه له‌په‌رته‌وازه‌یی هیچی ترت ده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵام كاتێك به‌ئارامیی به‌ها و نرخی خۆت و ته‌مه‌نت ده‌دۆزیته‌وه ئه‌وا ژیانت پڕ ده‌بێت له‌به‌رهه‌م و سه‌ره‌نجامیش ژیان نرخ و به‌هایه‌كی نه‌بڕاوه‌ت پاش بڕانه‌وه‌ی ته‌مه‌ن پێده‌دات و به‌نه‌مریی ده‌مێنیته‌وه.
مه‌زنه‌كان ئه‌وانه‌ن كه به‌به‌خشینی نرخ و به‌های ته‌مه‌نیان ژیان رووناك ده‌كه‌نه‌وه و ده‌توانن ببنه مه‌شخه‌ڵ و چرا بۆ ئه‌نگوسته‌چاوی ژیان و شه‌وگاری پڕ له تاریكی نه‌هامه‌تییه‌كان رووناك ده‌كه‌نه‌وه.