چەندین ساڵە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا نازی ئۆکراینا ئەکێشن، لەم چەند ساڵەی دواییدا ئارامی و ئازادییەکی وەهای بۆ فەراهەم کرابوو گەنجانی زۆربەی وڵاتانی دونیا بە هی کوردستانیشەوە خەونیان بەوەوە دەبینی بچن لەوێ بخوێنن و نیشتەجێ ببن.
بەڵام ئەو ئۆکراینا ئارامەی دراوسێی ناتۆو ئەوروپاو دۆستی ئەمریکا ئێستا ئەیبینین بەبەرچاوی هەموو دونیاوە خەریکە هیچ باڵەخانەیەکی بەپێوە نامێنێ و یەکسان دەکرێ لەگەڵ زەوی لەسەر دەستی رووسیا.
کچ و کوڕە قژ زەردو چاوشینەکانیان ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپاو دراوسێیان بوون، هیچ ئومێدێک لەچاوی تاکی هاووڵاتی ئۆکراینی بەدی ناکرێت.. ئاخر چەند مانگێک لەمەوبەر ئەوان پۆزی ئەوەیان لێدەدا کە هێندەیان نەماوە ببن بە ئەوروپی و بچنە یەکێتی ئەوروپاوەو ببن بە ئەندامیش لە ناتۆ، بەڵام خۆ بینیتان چۆن خەونەکەیان پێچەوانە بووەوە.
ئاخر نە ئەمریکاو نە ئەوروپاش فریایان نە کەوتن و رۆژانە هەزارانیان لێ شەهید دەبێت کەچی هەموو دونیا هەر تاماشاکەرە.
ئەگەر ئۆکراینا جارێکی تریش شەڕ تێیدا بووەستێ چەندین ساڵی تری پێویستە بۆئەوەی ببێتەوە بەو وڵاتەی خەڵک خەونی پێوە ئەدی کە رووی تێبکات.
دەمەوێت بڵێم خوێنی ئێمەی کورد لای ئەمریکاو ئەوروپا ئازیز تر نییە لە خوێنی ئۆکراینییەکان، ئەوەی زامنی پارێزراوی کەرامەت و شکۆمان دەکات یەکگرتوویی ریزەکانمانەو ژیرانە مامەڵەکردنە لەگەڵ ناوخۆو دراوسێکانمان.
خوا نەکردا ئەگەر بقەومێ ئۆکراینا دراوسێی ئەوروپایە دەرگا لە ئاوارەکانی دەکاتەوە، ئێمە دەبێ وەک ساڵی ١٩٩١ لەسنوورەکان قاچ و دەستی جەندرمەی تورک و پاسداری ئێرانی ماچ بکەین ئینجا دەرگاشمان لێ ناکەنەوە.