داستانی سەری رەش چۆن روویدا؟

09:56 - 2025-01-28
پشتیوان زاهیر
130 خوێندراوەتەوە

داستانی سەری رەش یەکێکە لە داستانە کەم وێنەکانی شۆڕشی نوێ، کە رقی پیرۆزی پێشمەرگە لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس و سەدام گەیشتبووە راددەیەک، شەهیدبوون و مردن لەو پێناوەدا جوانترین شانازی بوو. 
ئەو رۆژگارە سەری رەش ناوچەیەکی ستراتیژیی بەعس بوو لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کە نزیکە لە شاری هەولێر، هاوکات یەکێک بوو لە هاوینەهەوارە دڵگیرەکان، بۆیە سەدام حسێن چەند کۆشکێکی تایبەتی بۆ خۆی و خێزانەکەی تێدا دروستکردبوو بۆ پشوودان، هاوکات باشترین جۆری پاسەوانی و کەرەستەی سەربازی لێ جێگیر کردبوو.
کاک کۆسرەت بیرۆکەی گرتنی سەری رەشی دەکەوێتە خەیاڵ، بۆیە لە کۆتا شەوەکانی مانگی 1ی زستانی ساڵی 1988 ئەو شەوەی کە دەوترێت ״بەفر گڕی گرت״، ئەو شەوە ساردەبوو لەناو بەفر و زریان و سەرمادا پێشمەرگەی تیپەکانی (85 و 86 و 87 و 90 و 93) بە سەرپەرشتی راستەوخۆی کاک کۆسرەت رەسوڵ بەرەو داستانە مەحاڵەکە ملیاننا و دوای شەڕێکی قارەمانانە، گەیشتنە شوێنی مەبەست و جەیش و جاشیان لێ وەدەرنا.
شەهید رێباز لە کتێبی ״قەندیل بەغدای هەژاند״دا دەگێڕێتەوە: ״ئەو شەوە کۆبونەویەکمان کرد، کاک کۆسرەت وتی: ئەو شوێنەی رێباز لەگەڵ تیپەکەی بۆی دەچێت لە هەمووان قورسترە، چونكە قەسری سەدام حسێن-ی لێیە، بەڵام بە کەمتر لە کاتژمێرێك شوێنەکەمان گرت، پاشان لەگەڵ کاک سەفین مەلاقەرە چووین بۆ ناو قەسرەکە سەیرمان کرد و سەرمان سوڕما لە خۆشی و گەورەیی ئەو کۆشکە و وتمان ئای خەڵکی هەژار و برسی״!.
شەهید رێباز دەڵێت: ״لەوێ قسەم لەگەڵ کاک کۆسرەت کرد، وتی: لە کوێی رێباز؟ منیش بۆ سوعبەت و خۆشی گۆتم لەماڵی کاکم سەدامم״!.
دامودەزگاکانی بەعس بە گرتنی سەری رەش شۆک دەبن، بۆیە هەر ئەو شەوە هێزێکی زۆر لە هەولێرەوە بۆ مەسیف دەنێرن، بەڵام لەڕێگەدا هێزەکەی بەعس دەکەونە بۆسەی پێشمەرگەکانەوە و  ئەوانیش تەفروتوونا دەکرێن.
داستانی سەری رەش دەنگدانەوەی نێودەوڵەتی هەبوو، لە رادیۆکانی ״دەنگی ئەمریکا و مۆنتیکارلۆ و لەندەن״ باسی لێوەکرا کە پێشمەرگە گورزی گەورەی لە هێزەکانی سەدام حسێن وەشاندووە لە سەری رەش و ناوچەکانی دەڤەری پارێزگای هەولێر.
دەستکەوتەکانی پێشمەرگە لە داستانی سەری رەشدا بێ وێنە بوو، جگە لە بەجێمانی لاشەی زیاتر لە 200 سەرباز و جاشی بەعس و بەدیلگرتنی 70 سەرباز، سەدان تانک و زرێپۆشی هێزەکەی سەدام تەقێندرانەوە، هەروەها سەدان پارچە چەکی سووک و قورس کەوتنە دەست پێشمەرگە، دەوترێت دەستکەوتەکان هێندە زۆربوون، کاک کۆسرەت فەرمانی کرد هەر پێشمەرگەیەک دوو پارچە چەک زیاتر لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە.
ئەو داستانە مەزنە بەخوێنی 13 شەهید تۆمارکرا کە 6 لەو شەهیدانە لە سەرماندا رەقبوونەوە، بەڵام وانەیەک درا بە بەعس کە بۆ ئەبەد تێگەیشت کە ناتوانێت هەتاسەر بە ئارامی لەناو دڵی ناوچە ستراتیژییەکانی کورددا بمێنێتەوە.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی 

وتارەکانی نوسەر