دەمێك بوو دەمەویست شتێك لەسەر كوڕەكانی مام بنووسم، بەڵام دەرفەت نەبوو چۆن بنووسم چی بنووسم و چۆن لەناو ئەم هەموو نادادی و دیاردە ناجۆرانەدا باس لە جوانی و شەهامەتی ئەم تێكۆشەرانە بكەم.
مەبەستم لە كوڕەكانی مام ئەو پێشمەرگە و پاسەوانە تایبەتانەی سەرۆك مام جەلالە كە ئەركی پارێزگاری و پاراستنی سەرۆك مام جەلالیان لە ئەستۆ بوو لە زاری مام و هێرۆخانیشەوە بە (كوڕەكان) ناودەبران، واتا (كوڕەكانی مام ) ئەوەش گوزارشتێكی پر خۆشەویستی و وەفا بوو بۆ ئەو پێشمەرگانە كە وەك كوڕی خۆیان تەماشایان دەكردن، بۆیە منیش لەم نووسینەمدا ئاوها ناویان دەهێنم.
بەهۆی كاری میدیایی و پەیامنێرییەوە لە ساڵی 1995 ەوە مامەڵە و نزیكی و دۆستایەتیم لەگەڵ كوڕەكانی مام هەبوو بە ئێستاشەوە هەموویان بگرە زۆربەیان تا ئێستا هاوڕێیەتی و نزیكیم هەیە لەگەڵیان.
چۆن سەركردە و سەرۆكێكی وەك مام جەلال بۆ كورد و كوردستان و عیراق بێوێنە و دەگمەن بوو، ئاوهاش پاسەوانە تایبەتەكانی مام، نەجیب و بێوێنە بوون لە شێوازی پاراستنی مام و مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەری خۆیان و پاراستنی ئاكار و شكۆی مام و ئەركەكەیان.
كاتێك هەندێك رەوشت و هەڵسوكەوت و مامەڵەی ناشارستانی پاسەوانە تایبەتەكانی بەشێك لە سەركردەكانی ئەمڕۆی كوردستان و لێپرسراوە تازە هەڵكەوتووەكان دەبینین و دەبیستین لەگەڵ دەوروبەر و چواردەوری خۆیان، ئەوسا هەست دەكەین چەندە مام جیاواز بووە لەگەڵ سەركردەكانی تر، ئاوهاش كوڕەكانی مام جیاواز بوون لەگەڵ پاسەوانی سەركردەكانی تر.
كوڕەكانی مام كە پاسەوانی تایبەتی بەرزترین سەركردەی سیاسی كوردستان و عیراق بوون، رۆژێك لە رۆژان ئەم تایبەتمەندییەیان بەكارنەهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاخود بۆ خۆ بەگەورە زانین و چاو سووركردنەوە و ترساندنی خەڵكی ئاسایی و یاسا شكێنی و هەڵسوكەوتێكی نەشیاو و دزێو كە نیگەرانی لای خەڵك دروست بكات.
نەمانبینی بۆجارێكیش بێت كوڕەكانی مام لەكاتی دەوامی رەسمی و ناڕەسمیدا ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و شەخسی و ناشەخسی تیژڕەویی و رۆشتنی ناشارستانی سەرشەقامەكان و یاساشكێنی و تەقەكردنی هەڕەمەكی هاووڵاتیان بێزار و ناڕەحەت بكەن و دەستی ناشیرینیان بۆ درێژبكرێت، بەڵام ئەمڕۆ دەیان و سەدان دیاردەی دزێو و ناشارستانی بەشێك لە پاسەوانی هەندێک لە بەرپرسەكان دەبینین بێ ئەوەی یاسا یاخود بەرپرسەكانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەن، لەكاتێكدا نە ئەوان مام جەلالن نە پاسەوانەكانیشیان كوڕەكانی مامن.
لە زۆر كۆڕ و كۆبوونەوەی گشتی و حزبی و جەماوەری كوڕەكانی مام تا ئەوپەڕی هەست بە بەرپرسیاریكردن مامەڵەیان لەگەڵ خەڵك و دەوروبەریان كردووە، بگرە هەندێك جار بۆ خاتری زویرنەبوونی مام و تێكنەچوونی كەشوهەوای كۆبوونەوەكە، نەرمیان نواندووە هەڵسوكەوتی ناشایستەی بەرامبەرەكەیان قبووڵكردووە.
لەناو یەكێتیدا كوڕەكانی مام دەبێت جێگە و پێگەی خۆیان هەبێت بەچاوی رێزەوە سەیری خزمەت و ماندوونەبوون و رەوشتە جوانەكانیان بكرێت و بكرێنە نموونە بۆ پاسەوانە تایبەتەكانی بەرپرسەكان و چاویان لێبكرێت.
ئەم ئازیزانە ئێستاش وەك وەفایەك بۆ مام جەلال و باوكی هەموویان، بەردەوام سەردانی دەباشان و مەزاری مام دەكەن و ئێشك دەگرن و هەندێكیشیان ئەرك و بەرپرسیارێتی تریان وەرگرتووە و بەردەوامن لە خزمەتكردن.
سڵاو لە ماندووبوون و جوانی رەوشتی ئەم ئازیزانە درود بۆ گیانی هاوڕێ شەهید و كۆچكردووەكانیان .
کوڕەکانی مام بەشداریی دەکەن لە پێشوازیکردنی خەڵک بۆ سەر مەزارەکەی