رێگاكانی مەرگ

09:49 - 2022-06-13
ئالان رەئوف
543 خوێندراوەتەوە

رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو هۆكارانەی رۆژانە‌ و هەفتانە‌ و مانگانە بەهۆیەوە كەسانێكی زۆر گیان لەدەست دەدەن یاخود ئەندامێكی لەشیان لەدەست دەدەن یان كەفتەكاردەبن ‌و تا ئەبەد لەجێگەدا دەمێننەوە، ئەمە جگە لەو زیانە مادیانەی بەهۆی رووداوەكانەوە دەكەونەوە.
بەشێوەیەكی گشتی ئامارەكانی رووداوی هاتوچۆ لە كوردستان مەترسیدارن ‌و دەتوانین بڵێن لە زۆنی سووری مەترسییەكانداین.
بێگومان خراپی رێگاوبانەكان ‌و یەك ئاراستەیی شەقامە گشتییەكانی نێوان شار‌ و شارۆچكەكان هۆكارێكی سەرەكی رووداوەكانی هاتوچۆن، بەڵام چەند هۆكارێكی تریش هەن سەرچاوەی رووداوەكانی هاتوچۆ ‌و كارەساتەكانی هاتوچۆن وەك تیژڕەوی پابەند نەبوون بە رێنماییەكانی هاتوچۆ، مەست بوون سەركێشی ‌و بێ مۆڵەتی ‌و  بێ مۆراڵی لە لێخورینی ئۆتۆمبێلدا.
بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، چاكردنی رێگاوبانەكان‌ و دروستكردنی شەقامی نوێ ‌و دوو ئاڕاستەیی ئەركێكی گرنگ ‌و هەنوكەیی حكومەت ‌و وەزارەت ‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانە، لایەنی دووەمی پشتی رووداوەكانیش ئەركی وەزراەتی ناوخۆ ‌و بەرێوەبەرایەتییەكانی پۆلیسی هاتوچۆیە.
توندكردنەوەی ئیجرائاتەكان ‌و دەركردنی بڕیاری توند ‌و قورس بۆ سەرپێچیكارانی رووداوەكانی هاتوچۆ سەرچاوەیەكی گرنگی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆن .
دانانی كامێراكانی چاودێری هاتوچۆ  نابێت هۆكارێك بێت بۆ غەرامەكردن ‌و وەرگرتنی پارە لە شۆفێرە سەرپێچیكارەكان، بەڵكو دەبێت هۆكارێك بێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، چۆن؟
ئەو شۆفێرەی لە مانگێكدا زیاد لە سەرپێچییەكی هەبوو مۆڵەتەكەی لێ وەربگیرێتەوە بۆ چەند ساڵێك، ئەو شۆفێرانەی دەبنە هۆكاری رووداوی گەورەی هاتوچۆ بەهۆیەوە خەڵك گیان لەدەست دەدات بەهەمان شێوە مۆڵەتی شۆفێریان لێ وەرگیرێتەوە ئەوانەی بە مەستی ‌و بێ هۆشی شۆفێری دەكەن مۆڵەتەكانیان لێ وەرگیرێتەوە ئەوانەی چوونەتە تەمەنەوە ‌و چاویان كزە ‌و نابینن مۆڵەتەكانیان لێ وەرگیرێتەوە ئەمانە ‌و چەندین ئیجرائاتی تر دەبنەهۆی كەمكردنەوەی رووداوەكان.

وتارەکانی نوسەر