منداڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

09:52 - 2023-08-03
سمکۆ چنارەیی
260 خوێندراوەتەوە

سمکۆچنارەیی

تۆڕەکانی پەیوەندی چەند سیستمێکی گشتین و بەکارهێنانیشیان رووبەرێکی فراوان و پێویستن لەم سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایەدا، بەتایبەتیش لەدوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هاتنە ئارای شێوازێکی نوێی خوێندن کە بە ئۆنلاین یان دیجیتاڵی ناسرا.
خێزان و کەسوکاری خوێندکار ناچاربوون تۆڕێکی ئینتەرنێت و ئامێرێک بۆ خوێندنی وانەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن، ئەوەش کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ چوونە ناو سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندی و دروستکردنی چەندین گروپ بۆ یاریکردن و پەیوەندی تری جۆراوجۆر، ئێستاش بەکارهێنانی لەلایەن منداڵ و نەوجەوانان بووە پێویستی و تەنانەت زۆر بە کەمی ناوەندی خوێندن هەیە پەیج یاخود ئەکاونتێکی خۆی نەبێت و لەڕێیەوە خوێندکاران لە شێوازی دەوام و وادەی تاقیکردنەوەکان و گەشت و چەندین چالاکی و ئەرکی تر ئاگادار نەکەنەوە.
هەروەها زۆربەی پۆلەکان گروپی تایبەت بەخۆیان هەیە و تەنانەت وای لێهاتووە زۆر مامۆستاش گروپێکی بۆ وانەیەک داناوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی پێویستە هەموو خوێندکارێک رۆژانە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنێت، مەبەستەکەم لێرەدا ئەوە نییە ئەو گروپ و شێوازە نوێیە بە هەڵە ببینم، بەڵام پێویستە لەڕێی کۆڕ و سیمینار و تەنانەت بە گرنگی دەبینم لەناو پڕۆگرامی خوێندنیش بەهاو ئەتەکێت و هەروەها یاسا و رێسای خراپ بەکارهێنانی سەرجەم ئەو تۆڕانە منداڵی لێ ئاگادار بکرێت و بۆ هەر قۆناغ و تەمەنێک لەنێو پڕۆگرامی خوێندن بخوێنرێن.
 تا وەک منداڵ و لاوان  بەدووربن لە هەر لادان و تاوانێک لەڕێی خراپ بەکارهێنانی ئەو تۆڕانە روودەدەن باشترین وانەش دەکرێت بابەتی لەو جۆرەی تێدا بخوێنرێت، بەهاکۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی ئایین و زمانی کوردییە ئەوەش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بڕیارێکی هەنوکەیی دەوێت.

وتارەکانی نوسەر