شەن و کەو

دوایین کۆبوونەوە فرسەتێک بۆ رێکەوتن

10:03 - 2023-08-03
مستەفا محەمەد
210 خوێندراوەتەوە

مستەفا محەمەد



کاتێک کە بوار بۆ رێکەوتنی هاوسەنگ و دانوستانی بەرهەمدار دەکرێتەوە و نیەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و سەقامگیریی سیاسی لایەنەکان لەئارا بێ، هیچ دۆسییەیەک نییە قابیلی چارەسەر نەبێت، بەپێچەوانەشەوە هەر ناتەواویەک لە پەیوەندیی لایەنەکاندا بەتایبەت پێکهێنەرەکانی حکومەت و لەسەرووشیانەوە «یەکێتی و پارتی»، دەبێتە مایەی قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکان و تێکچوونی باڵانسی سیاسی لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانیش دەکەوێتە مەترسیەوە.
دوایین کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، کردنەوەی دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ شکاندنی بەستەڵەکی نێوان ئەم دوو حزبە و دەرفەتێکی زێڕینیشە بۆ یەکلاییکردنەوەی زۆر پرسی هەڵواسراو کە چیتر دواخستن هەڵناگرن، راگەیاندراوە هاوبەشەکەشیان دەرخەری پەرۆشیی هەردوولایە بۆ ڕێکەوتن بەتایبەتیش لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تییایدا دەستی سەرۆکایەتی هەرێم واڵا کراوە بۆ دیاریکردنی رۆژێک و پابەندبوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێوەی.
وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد لە رێکەوتن و سازان زیاتر هیچ بژاردەیەکی تر لەبەردەم کورددا گرنگ نییە، بەوپێیەی کلیلی چارەسەرکردنی زۆر گرفتی نێوخۆیی و دەرەکیش تەنها و تەنها « کۆدەنگی سیاسی و تەبایی و یەکڕیزیی»ە، هەر لەو رێگەیەشەوە دەتوانرێت ئەم قەوارەیە لە مەترسییەکانی بەردەمی «کە لەمڕۆدا کەم نین» بپارێزرێت!
ئەولەوییەت دان بە پرسی ژیان و بژێویی هاووڵاتیان و وەرگرتنی را و سەرنجی لایەنەکان و گەڵاڵەکردنی راسپاردە و خاڵی هاوبەش لەبارەی پرسی مووچە و بودجە و بەئاکام گەیشتنی گفتوگۆکانی نێوان «هەولێر و بەغدا» لەڕێگەی وەفدێکی باڵای هەماهەنگ و پێکەوەییەوە گرنگترین ئەو خاڵانەن کە بێ کۆدەنگی نیشتمانی ئەستەمە بمانگەیەنێتە هیچ کوێ، خۆشبەختانە لە کۆبوونەوەکەی «30»ی تەمووزی دەباشاندا لەنێوان هەردولا جەختی لەسەرکراوەتەوە.
لەڕاستیشدا ئەم رێکەوتنانە بۆ ناوبانگی حکومڕانی هەرێمیش لەهەموو بارێکدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی هەنگاوەکانی حکومەت و دانانی نەخشەڕێیەکی ستراتیژی هاوبەش و گشتگیر لەپێناو ریفۆرمی ئابووریی و  تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەهۆی تاک جەمسەریی لە بڕیارداندا تووشی هاتووە و لە هەلومەرجێکی ناجێگیر و مەترسیداردایە ، خۆ بەبێ ئەو رێکەوتنانە ئەستەمە بتوانرێت زەمینەسازیی هیچ هەوڵێک بە ئاراستەی باشترکردنی ئەدای حکومڕانی بەرهەمداربێت.

وتارەکانی نوسەر