جینۆسایدکردنەوەی ئێزدییەکان

10:09 - 2023-08-06
‎‎سۆزان حەمە تاتە
491 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ یادکردنەوەی هەر جینۆسایدێکدا کە بەسەر نەتەوەکەماندا هێنراوە، مرۆڤ زیاتر خەم دایدەگرێ و ئازارەکانی نوێ دەبێتەوە، چونکە سەدەیەکە کورد جینۆساید دەکرێت و هێشتاش هەر ئەگەری روودانەوەی هەیە. 
بۆ ئەوەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی پێویستدا مامەڵەی لەگەڵ جینۆسایدکردنی کورددا نەکردووە، بەتایبەتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال  30-08-2014، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی کردە سەر شنگال و خەڵکەکەی جینۆسایدکرد، بە گوێرەی ئامارەکان جگە لە کوشتوبڕی و کۆمەڵکوژکردنی بەشێکی زۆری خەڵکەکەی، هاوکات لەو هێرش و جینۆسایدکردنەدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە 6417 کەس رفێنراون، لەو ژمارەیەش 3584 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێربوون. 
هەر بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی هاتووە داعش لەکاتی داگیرکردنیدا 68 مەزارگەی لە ناوەوە و دەرەوەی شنگال لەناوبردووە، لەو کاتەوە تائێستا 83 گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، کە سەدان ژن و منداڵیان تێدا بووە. 
لە کۆی ژمارەی گشتیی ئێزدییەکان کە 550 هەزار کەسن، بەگوێرەی ئامارەکان 120 هەزار کەسیان بۆ دەرەوەی کوردستان و عیراق کۆچیان کردووە، هەروەها 135 هەزار و 860 ئێزدی لەناو کەمپەکاندا لە هەریمی کوردستاندا دەژین.
ئەو ئامارانەی ئاماژەم پێکردوون رەسمین، لەگەڵ ئەوەشدا شۆکهێنەرن یان مەترسیی گەورە پیشان دەدەن بەجۆرێک کە یەکەم: جینۆسایدەکە کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی خستۆتە بەردەم مەترسیی لەناوچوون، چونکە جگە لە کۆچکردنی 120 هەزاریان بۆ دەرەوەی وڵات، 135 هەزاریشیان لە شوێنی خۆیان هەڵکەندراون و گیرۆدەی ژیانی ناو کەمپەکانن و ژیانی ئاسایی ناژین.
رفێنراوەکان و گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش دەریدەخەن کەوا چەندیان لێ شەهیدکراوە، بۆیە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئیزدی لە مەترسیدایە.
دووەم: لە کۆی رفاندنی 6417 ئێزدی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، تائێستا 3570 کەسیان رزگارکراون، دوای نۆ ساڵ لەو جینۆسایدە روونە کەوا بەرپرسانی ئەو کەیسە کەمتەرخەم بوون و نەیانتوانیوە رفێنراوەکانی ئێزدییەکان رزگار بکەن، ئەوەش هۆکاری مانەوەی ئاسەوارەکانی ئەو جینۆسایدەیە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی. 
سێیەم: کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی بۆنە و سروت و مەزارگەی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئامارەکەی پێشوو ئەوەی خستەڕوو کەوا داعش 68 مەزارگەی ئێزدییەکانی لەناوبردووە، ئەوە تەنها مانایەک نییە بۆ رووخاندنی خانوویەک یان مەزارگەیەک، بەڵکو ئاماژەیە بۆ عەقڵیەتێک کە جیاوازیی ئایینی قبووڵ نییە، بەڵکو بنەمای بیرکردنەوەی کوشتن، تێکدان و لەناوبردنە.
داعش لە رووی سەربازیی و پانتایی دەسەڵاتەکەیەوە تێکشکێنرا، بەڵام کارکردن لەسەر ئاسەوارەکانی، بیرکردنەوەی، ئەو ترس و شۆکەی لەگەڵ خۆیدا هێنای، هێشتا بەجدی کاری لەسەر نەکراوە، بەڵکو جۆرێک لە ئامادەیی هەیە، رەنگە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی باشترین زەمینەبن بۆ ئەبدەیتکردنەوەی فیکری داعش. 
مانەوەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی ئێزدی لە کەمپەکان، ئاوارەیی و دوورە وڵاتی، مانەوەی رفێنراوەکان لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش، قەرەبوونەکردنەوەیان و ژیانکردنیان بە کوڵەمەرگی، یادکردنەوەی ساردی ساڵانەیان، بریتین لە دووبارە جینۆسایدکردنەوەی ئێزدییەکان، پێویستە ئەو بارودۆخە بەتەواوەتی بگۆڕدرێ.

ئەو کارەساتەی بەسەر کوردی ئێزیدیدا هات بەئاسانی لەبیرناچێتەوە

وتارەکانی نوسەر