خێزان سەنتەری داڕشتنی کەسایەتی منداڵە

10:07 - 2023-08-07
چنار عەزیز
543 خوێندراوەتەوە

پەروەردەی خێزان بریتییە لە پڕۆسەی پەروەردەکردنی ئەندامانی خێزان و ئامڕازێکە بۆ داڕشتنی کەسایەتی منداڵ و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ بارودۆخی ژیاندا. بەرەبەرە لەگەڵ گەورەبوونیاندا لە تاکێکی ناو خێزانەوە دەگۆڕێن بۆ تاکێکی نێو کۆمەڵگە. خێزان یەکەمین رێگای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ منداڵ. لەم پەیوەندییەشدا دایک و باوک و ئەندامانی خێزانەکەی یەکەمین کەسن منداڵ کارلێک دەکات لەگەڵیاندا.
بنەمای سەرەکی خێزان خودی دایک و باوکه، واتا پەروەردەکردنی کەسایەتی خۆیان پاشان منداڵ. چونکە منداڵ پەروەردە دەکرێت لەڕێی هەڵسوکەوتەوە، واتا منداڵ زیاتر بینەرە به بەراورد بە گوێگر، لە رێگەی بینینی چۆنییەتی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ یەکتر، لەناو ژینگەی خێزاندا، لەگەڵ دەوروبەر کەسایەتی و ئاستی رۆشنبیریی و زیرەکی و لێهاتوویی بۆ دروست دەبێت و لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنیدا زیاتر دەبن. هەموو ئەمانەش بە باش پەروەردەکردنی خودی دایک و باوکەکە دەبێت. پەروەرەدەی خێزان سوود بەخشە و ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ئەو ئامانجەش پەروەردەکردنی منداڵە. لەپێناو کەسایەتییەکی بەهێز و هۆشیار و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو. 
خێزان یەکێکە لە گرنگترین شتەکانی ژیان، توێژەران تێبینیان کردووە لە هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، خێزان رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە سەرکەوتنی تاکەکاندا و بنیاتنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست.
خێزان گرنگە، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بەردەوام ژیانی تاکەکەسی بژی و منداڵان بەردەوام پێویستیان بە خێزان هەیە پشتگیرییان بکەن و خۆشیان بوێن.

وتارەکانی نوسەر