یەک لیستیی کورد بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

10:11 - 2023-08-07
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
415 خوێندراوەتەوە

ئێستا لە چوارەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق نزیک دەبینەوە، ئەم هەڵبژاردنانە لەدوای هاتنی داعش لەساڵی 2014ەوە نەکراو، بۆیە دەبێت بە گرنگییەوە بۆی بڕوانین و ئەنجامی بەدەستهێنانی کورسییەکان چارەنووسی کورد تیایاندا دیاریدەکات.
پارێزگاکانی عیراق بەتایبەتی (نەینەوا و کەرکوک) بۆ هەرێمی کوردستان لە رووی دیمۆگرافیا و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسییەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، چونکە جیا لەو پرسانەی کە بە چارەسەر نەکراوی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا ماونەتەوە، ناوچە کێشەلەسەرەکانیش کە سنووری هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک دەگرێتەوە تا ئێستا جێی مشتوموڕن.
ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، گرنگە لایەنە سیاسییـە کوردییەکان هەڵگری یەک وتار بن و لەپێناوی پاراستنی دەستکەوت و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن بۆ کێبڕکێکردن و بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی.
بە بۆچوونی من، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان رێگە نەدەن دەنگی کورد پەرتەوازە ببێت و بە یەک لیست بەشداری بکەن، ئەوا کورد دوو سوودی زۆر گرنگ بەدەست دەھێنێت.
یەکەم، یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان لەپێناوی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی پێگە و هەژموون و دەسەڵاتی ئیداری و سەربازیی و سیاسی کورد بۆ پێش قۆناغی سەرهەڵدانی داعش.
دووەم، چارەسەرێکی جدی دەبێت بۆ زۆرێک لەو کێشانەی کە تا ئێستا لە نێوان هەردوو حکومەت بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و هاوکاریش دەبێت بۆ پرسی رێکەوتنەکان و بودجە و پێکەوە ژیانی زیاتری پێکهاتەکان .

وتارەکانی نوسەر