لەدوای هاتنی گلۆبالیزم و کرانەوەی دەرگا داخراوەکانی گەلان بە رووی یەکتردا، خاڵێکی گرنگی ئەمە گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و لابردنی سانسۆر و ئازادیی رادەربڕین و تێکەڵاوی و ئاشنابوونی زیاتر بە دابونەریت و کەلتوری گەلان و بچووک بوونەوەی جیهان بوو وەک ئەوەی دەڵێن جیهان بوو بە گوندێکی بچووک.
یەکێک لە کاریگەرییەکانی جیهانگیری لەسەر گەلانی جیهان و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیان، بە پیرۆز نەمانی سنوور یان دەوڵەت و نەتەوەیە، ئەمە لە کاتێکدایە دەیان و سەدان ساڵە گەلان قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت و کیانی نەتەوەیی خۆیان بەجێهێناوە و ئێستا بە ئاسانی دەتوانن و سوودمەندیش دەبن لەم کرانەوە جیهانییە و بەرەو پێشچوون و دانەبڕان لە رەوتی پێشکەوتنی گەلانی جیهان، چونکە لە پاڵ کرانەوە و وەرگرتنی زانیاری و بەرەو پێشچوون لە هەموو رووێکەوە لەهەمانکاتیشدا سنووری وڵات و ناسنامەی نەتەوەییەکەیان پارێزراوە و هەرواش دەمێنێتەوە.
ئێمەی کورد وەک گەلێکی بێناسنامەی داگیرکراوی دابەشکراوی جینۆسایدکراو، بە ئاسانی ناتوانین، لەگەڵ رەوتی گۆڕانکارییەکانی جیهان هەڵبکەین و خۆبگونجێنین، چونکە بۆچوونی جیهانی و باردۆخەکە بەگشتی، لەگەڵ ماف و خواست و ویستی ئێمە یەکانگیر نەبوو.
هەر ئەمەش هۆکارێک بووە لەپاڵ هۆکارە خۆییەکان کە نەتوانین دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مسۆگەر بۆ گەلەکەمان بەدەستبهێنین، لەکاتێکدا کورد هەموو هەوڵ و خەباتی چەندین ساڵەی شۆڕش و قوربانییەکانی لەژێر ناو و دروشمی رزگاریی نەتەوەیی و دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆ بووە، بەڵام ئاڕاستەی گشتی جیهان پێشوازی بووە لە گلۆبالیزم، واتە هەڵتەکاندن و سڕینەوەی سنوورەکان و پێداگری بووە لەسەر پێکەوەژیان و ئاوێتەبوونی زیاتری گەلان و ئایینەکان و ئیتیکە جۆراوجۆرەکان و نەهێشتی جیاوازییە رەگەزی و جێندەری و کەلتورییەکان، لەلایەکی تریشەوە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و لاوازیی ئاستی رۆشنبیری و نەتەوەیی خودی کورد، هۆکارێکی گەورەتری دواکەوتن و بێبەشبوونی بووە لە گەیشتن بە خەونی بەدەستهێنانی ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، بەجۆرێک تا ئێستاش بیرکردنەوە و هەوڵ و کۆششەکانی کورد هێندەی لە چوارچێوەی پاراستن و دەرخستنی خێڵ و بنەماڵەیی دەسووڕێتەوە و هەنگاو دەنێ، نیو هێندە نەپەڕیوەتەوە بۆ پێکهێنان و دروستکردنی هێزێکی سیاسی و فکری و فەلسەفی لە چوارچێوەی رێکخستنێکی تۆکمەی خاوەن ئایدیا و ستراتیژ بە بیری نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانی، واتا کورد بەگشتی تائێستاش نەیتوانیوە قۆناغی خێڵ بەجێبهێڵی و بە حزبی ببێ جا چ جای بەناسیۆنالیست بوون.
ئەمەش پێمان دەڵێ دەکرێ دۆخی ئێستای کورد وەک قۆناغی پێش دروستبوونی نەتەوە ئەژماربکرێ، چونکە هەمیشە خێڵ و بنەماڵەکان هێندەی ئینتیمایان بۆ خێڵەکەیان و سەرۆکەکەیان هەبووە، هیچ کاتێک بەدوای بەرژەوەندیی گشتی نەتەوەیی و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی گەلەکەیاندا نەبوون. بەجۆرێکی تر خێڵ هەڵگری ناسنامەی نەتەوەیی نەبوون، ئەمە جگە لەوەی کورد لە رووی چینایەتییەوە، لە نێوانی قۆناغی دەرەبەگایەتی و نیمچە سەرمایەداری دەخولێتەوە و قۆناغەکانی چینایەتی بەشێوەیەکی تەندروست و وەک خۆی نەبڕیوە، بۆئەمەش بێگومان جیۆسیاسی و بەکارهێنانی کارتی ئایینی و دڵڕەقی و تموحی ئیمپراتۆرەکانی مێژوو و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە هۆکارێکی تری دواکەوتن و بێبەشبوون و بەجێمانی کورد بوون لە گۆڕنکارییە چینایەتی و نەتەوەیی و جیهانییەکان .