هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و ئیداری لە کەرکوک و گرێدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنی غەیرە کوردی، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن و هەروەها قووڵکردنەوەی ناکۆکی لایەنە کوردستانییەکان و فڕێدانی لێدوانی نابەرپرسانە، بەتایبەت لە بەرامبەر یەکێتی لە کەرکوک، پێدەچێت سەرەتای ئەو دۆڕانە خەستە بێت کە بەرۆکی حزبەکەی کەمال کەرکووکی و پاشکۆ نانەتەوەییەکانی دەگرێت، ئەم تەنگەتاوبوونە درێژکراوەی ئەو سیاسەتە ئیداری وحزبیە لۆمپەین و سەقەتەیە کە هەرێمی کوردستانی تووشی شکستێکی مەترسیدار کردووە .
قوتکردنەوەی حزبی تورکمانی لە پێکهاتەی تورکمانەکانی کەرکوک و پێدانی پارە و ئیمتیازات بەوانەی دژی کوردن، بەشێکە لەو سیاسەتە لاستیکی و گووتارە پۆپۆلیستییەی ساڵانێکە بەناوی قەومیەت و نیشتمانپەروەریەوە خەڵکی پێ دەگەوجێندرێت .
سیاسەتی گەوجاندن و لۆژیکی پۆپۆلیستی ئەمانە کە وەک گوتارێکی نەتەوەیی پیشانی خەڵکی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی دەدەن، هەرگیز نەیتوانیوە پلاتفۆڕمێکی سیاسی و ئیداری پێشکەش بە کەرکوک بکات کە لەگەڵ واقعی دیمۆگرافی و پێکهاتە ئەنتی و نەتەوەییەکانی کەرکوک بگونجێت .
ئیشکردن لەسەر کۆمەڵێک چەمکی ئارایشتدراو و سەرنجڕاکێش لەپێناو جەزبی سیاسی جەماوەر و پڕکردنی دیواری سیاسی ئەم حزبە هەلپەرستانە، بەدرێژایی مێژووی زیاتر لەدوو دەیە بەردەوامی هەبووە، دواجار ئاکامەکەی بە شکستی ئابووری و دۆڕاندنی کۆمەڵێ دەسکەوتی نەتەوەیی کە بەخوێنی شەهیدان بەدەستهاتبوو، گەیشت .
دەیانەوێت بە حەماسی بوون و جوڵاندنی باری سایکۆلۆژیەتی خەڵک و داتاشین و فرۆشتنەوەی کۆمەڵێ دروشمی بەتاڵ کە بە درێژایی مێژووی دوای راپەڕین جێبەجێیان نەکردووە، بە خەڵک و جەماوەری کەرکوک بفرۆشنەوە، دواتریش بەڕەی سیاسیان ئاوەژو و دەکەنەوە و مەودای ئابووری و ماف و ئازادییەکانی خەڵک داگیر دەکەن.