عەبدوڵڵا سەکری
راپرسیی ساختە و ئەنجامی کۆمیدی، بەشێکن لە ئاماژەکانی فۆبیای هەڵبژاردن.
چەند رۆژێکە هەندێک دەزگای راگەیاندن کە زمانحاڵی پارتین، دەستیان داوەتە راپرسیی ساختە و خستنەڕووی کۆمەڵێک ئەنجامی پێکەنیناوی، کە پێدەچێت لەناو بارەگاکانیان ئەم راپرسیانەیان کردبێت، چونکە ئەم جۆرە ئەنجامە لە راپرسیدا لە بەرژەوەندیی حزبەکەیان، تەنھا لەناو بارەگاکانیان بەدەست دێت.
راپرسی و داتای ساختە
بەدرێژایی مێژووی سیستمی نوێی دیموکراسی لە سەدەی هەژدەهەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە دیموکراسی لیبراڵی خاوەنی مافی دەنگدانی گشتگیر تیایدا زاڵە، هەندێ حزبی سیاسی داخراو و کۆنزەرڤاتیڤ، بە باسکردنی هەڵبژاردن، تووشی شڵەژاوی سیاسیی دەبن و راپرسی پێکەنیناوی و داتای ساختە دەخەنەڕوو.
ئەم جۆرە حزبانە، بۆ درێژەدان بە واقعی نامەعقول و سیاسەتی نالۆژیکی، بەردەوام ئیش لەسەر ساویلکەیی و گەوجاندن و هۆشیاریی سادەی جەماوەر دەکەن، لە سنوور و ناوچە لۆکاڵییەکانی خۆیان تا بۆیان بکرێت، دەست دەبەن بۆ چەپاندن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانی تاک و هێشتنەوەی خەڵک لە پانتایی غیابی هۆشیاریدا، ئەم جۆرە حزبانە رێگە نادەن ئاستی هۆشیاریی خەڵکی گەشە بکات و سیاسەت و ئایدیای چەقبەستوو کۆنزەرڤاتیڤانەی ئەوان تێپەڕێنێت، لەبەر ئەوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کار لەسەر نائومێدکردن و تێکدانی سایکۆلۆژیایی خەڵک دەکەن.
فۆڕمێک لە گاڵتەجاڕیی سیاسی
ئەم فۆڕمە لە گاڵتەجاڕیی سیاسی، رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە حزبانە لەڕێگەی ئەو جومگە هەستیارانەی کە پەیوەندیدارن بەژیانی هاووڵاتیانەوە، هەیمەنەی سیاسیی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و لەڕێگەی ملکەچپێکردنەوە لەبەرژەوەندیی خۆیان ئاڕاستەیان بکەن.
ئەزموونی رابردووی پڕ لە شکست بەهۆی سیاسەتی ناکامڵەوە، یەکێکە لەو هۆکارانەی ئەو جۆرە حزبانە لە سەروبەندیی هەڵبژاردندا تووشی فۆبیای هەڵبژاردن ببن و دەست ببەن بۆ جۆرەها پڕوپاگەندەو سەرەنجامیش دەگەڕێنەوە ناو چوارچێوەی ئەو کەلتورە سیاسییە نادیموکراسییەی کە لەمپەڕێکی مەترسیدارە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسیدا .