سەردانەکانی (سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت) لە مانگی رابردوودا بۆ قەتەر و تورکیا، کە بە ناوی دوو دامەزراوەی گرنگی ئەم هەرێمەوە کردوویانە، کەلێنێکی دیکەی لە پەیوەندیی سیاسیی بۆ دەرخستین، هەروەک دووپاتی تاکڕەهەندیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر تۆخ دەکاتەوە.
بینینی ئەم جۆرە مامەڵەیەی ئەو دوو سەۆکایەتییە، لە هەلومەرجی ئێستای جیهان و ناوچەکە و عیراقدا بەتایبەتی، پێمان دەڵێن کە ئەم شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانی هەرێم دوورە لە روئیا و دنیابینیی سیاسییەوە بۆ کاری پێکەوەیی و خەباتی هاوبەشی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی پرس و ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.
چونکە نەخوێندنەوەی حزب و لایەنە کاریگەرەکانی دیکەی هەرێم، چاوەڕوانیی ئەنجامی باش و ئەرێنی لێ ناکرێت، بەتایبەتی کاتێک بە ناوی گەلی کوردستانەوە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا هەوڵی رێکەوتن لەسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان بدرێت کە سامانی نیشتمانیی هەموو گەلی کوردستانە.
تیێگەیشتن لەم مامەڵەیە دەشێت بەوە پێناسە بکرێت کە بۆخۆی جۆرێکە لە خولانەوە لە بازنەی تاکڕەویی سیاسیدا، لە دوای ئەو سەردان و چوون و هاتن و یەکتر لە باوەشگرتنەش، گرنگە لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتدا بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیشانەیەکی پرسیار بخاتە سەر حکومەتی تەوافوقی و هەڵوێستەیەک لەسەر ئەو دۆخە بکات، پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی رێکەوتنێکی ناڕوون و یەکلایەنە ببێتەوە، وەک چۆن تائێستا نازانرێت ناوەڕۆکی رێکەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیادا چییە و چی بۆ گەلی باشووری کوردستان تێدایە؟
ئێستا لەپاڵ پرسی نەوتدا، پرسی نەوتی هەرێم یەکێکە لەو پرسانەی کە جێی بایەخ و چاوتێبڕینی تورکیا و قەتەرە، بەجۆرێک خەریکە بێ ئاگاداریی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمدا مامەڵەی پێوە دەکرێت. بێگومان ئەگەر ئەم مامەڵەیە وەک مامەڵەکانی پێشوو و نادیاری فرۆشتنی پەنجا ساڵەی نەوت بە تورکیا سەر بگرێت لە نزیک مەودادا رووبەڕووی دۆخ و قەیرانێکی سەختی ئابووریی و سیاسیی و تەنانەت ئەمنیش دەبینەوە بەتایبەتی لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە بەرامبەر پرسی نەوت و غازی هەرێم.
ئەو دوو سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بەبێ گوێدانە نیگەرانییەکانی حکومەتی عیراق و هەنگاوەکانی خەریکن مەترسییەکی دیکە دەخەنە سەر مەترسییەکانی پێشتر و کۆی قەوارەی سیاسی هەرێمیش، وا پێدەچێت و ئەگەریش زۆرە کە ئەم گوێ پێنەدانە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو شتێک پێچەوانە بکاتەوە کە رەنگە بوارێک بۆ گفتوگۆی سیاسی لە بەردەم هەرێمدا نەهێڵێتەوە.
ئێستا دۆخی سیاسی و ئابووریی جیهان و ناوچەکە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو زۆر هەستیارترە، بەتایبەتیش لە دوای هەڵایسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، خەریکە نەخشەیەکی نوێی سیاسی جیهان دەکێشرێتەوە و ئێمەش دەچینە ناو جیهانێکی دیکەوە.
مامەڵەکردنی لەو جۆرەی ئەو دوو سەرۆکایەتییەی هەرێم، بەبێ گوێدان بەم نەخشە نوێیە و بەو شێوازە بێباکانەیە، بە ئەگەری زۆرەوە پێناچێت خێری بۆ ئەم قەوارەیەی خۆمان تێدا بێت و رۆژانی داهاتووش وەڵامی ئەو شێوازە لە مامەڵەیە لەگەڵ ناوخۆ و هۆشدارییەکانی عیراق و دابەشبوونە ئیقلیمییەکان و نەخشەی چاوەڕوانکراوی دوای جەمسەرگیرییە نوێیەکان دەداتەوە.