هەڵە ستراتیژییەكانی پارتی

10:28 - 2023-08-16
ئارام هادی
255 خوێندراوەتەوە

لە هەڵەی ریفراندۆم ستراتیژیتر، سەرباری هۆشدارییەكانی دۆستانی، ئەوە بوو پارتی هەوڵی لێكترازانی ناوماڵی شیعەی دا بە رێكەوتن لەگەڵ (موقتەدا و حەلبوسی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق، لەناوخۆی هەرێمیش پشتی كردە پڕۆژە و پێشنیازەكانی یەكێتی و لایەنەكانتر بۆ گۆڕینی یاساكانی تایبەت بە هەڵبژاردن. 
لەوەزارەتی پێشمەرگە فەرزی ئیرادەی بەسەر یەكێتیدا، خەونی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی دواخست، لەیەك لیستیی كورد لە كەركوك رایكرد و بەرە و پێكهێنانی لیست لەگەڵ توركمان و عەرەب هەنگاوی نا، بەناوی حكومەتی هەرێمەوە مامەڵەی دوژمنکارانە لەگەڵ سلێمانی دەكات، لە ساتەكانی گەیشتن بە رێكەوتنی (یەكێتی و پارتی) كەمال كەركوكی و نموونەكانی بە شەكر شكاندنێك ریسەكە دەكەنەوە بەخوری! ئەرێ‌ بە راست كەسێك نییە لەناو پارتیدا بە سەركردایەتییەكەیان بڵێ‌ "وانابێ‌".
بەردەوامبوونی پارتی لەسەر هەڵە ستراتیژییەكانی، ئایندەی هەرێم بەرە و نادیاری دەبات، خوێندنەوەی ئەم دۆخەی ئێستا لە ئایندەیەكی نزیكدا قەوارەی هەرێم بە جۆرێك دەخاتە مەترسییەوە تا لێواری لەناوچوونی دەبات، وادەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی داهاتووش نەکرێت. 
هەرێمی كوردستان بەرە و دوو ئیدارەیی یان مامەڵەی راستەخۆی پارێزگاكان لەگەڵ ناوەند دەبات، پەیوەندییەكانی هەرێم بە جیهانی دەرەوە و دەروازە سنووری و فڕۆكەخانەكان دەخاتە ژێركۆنترۆڵی بەغداوە، رەنگە كونسوڵخانەكان نوسینگەكانیان لە هەولێر دابخەن، حكومەتی عیراقیش لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە هێندەی تر گوشارەكانی لەسەر هەرێم بەردەوام دەكات، ئەمەش  باجی هەڵە ستراتیژییەكانی پارتییە كە هەموومان دەیدەین، لەبری ئەمانەش باشترین رێگای چارەسەر رێكەوتن و یەكخستنی بۆچوونەكان و وەلانانی ناكۆكیەكانی ناو ماڵی كوردە.
كورد لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، بە هەڵگیرساندنی دەیان شۆڕش و سەدان هەزار قوربانی، تاكە دەستكەوتێك كەبەدەستی هێناوە "هەرێمی كوردستانە"، گوناهی هەزاران شەهید و كەمئەندام چییە كە بە خوێنی خۆیان و بەخشینی پارچەیەك لە جەستەیان قەوارەی هەرێمیان دروستكرد؟ ئێستاش هەڵەكانی پارتی پێگەی قەوارەكەی لاوازكردووە و نزیكی كردۆتەوە لە فەوتان! 
بەم حاڵەوە كامە ئامادەكاری و پڕۆژەی هاوبەشی كوردە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی بەردەمی؟ ئەی ستراتیژی كورد بۆ دوای كشانەوەی سەربازی ئەمریكا لە عیراق چییە؟ 
بەرنامەی كورد بۆ پێشهاتە نوێیەكان و گۆڕانكاری لە سیستمە جیهانی و ناوچەییەكە بۆ گۆڕینی هاوكێشەی هێز كامانەن؟ بەم سیاسەتەی پارتی یەكڕیزی و یەكگوتاریی كورد بەرامبەر مەترسییەكان 
دروست نابێت.

وتارەکانی نوسەر