یەکێتی کەرکوک دەکات بە شاری ئاشتی

10:49 - 2023-11-22
ئارام هادی
198 خوێندراوەتەوە

یەکێتی بە ستراتیژ و پلانی نوێ، لەپێناوی کەرکوکی قودسی کوردستان، چاوی لە ململانێ ناوخۆییەکان داخست و دەستی برایەتی بۆ حزبە کوردییەکان درێژکرد، تا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکوک، بە ئامانجی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی کورد و دروستکردنی تێگەیشتنێکی نوێی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی شارەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکان و گرتنەبەری چارەسەر، بەڵام هەر زوو دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی، لەلایەن زۆرێک لە حزبە کوردییەکان رەتکرایەوە، جگە لە حزبی شیوعی کوردستان. 
مێژووی رابردووی مامەڵەی سیاسیی هەڵە لەگەڵ دۆزی کورد لە هەرێم و کەرکوک، زیانی زۆری بە کورد گەیاندووە و رۆڵی کوردی لە شارەکە لاواز کرد، ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا پارێزگاری بەوەکالەت بە شێوازی نادادپەروەریی بەرامبەر کورد بجوڵێتەوە. 
خواستی یەکێتی ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە بکاتە دەرفەت بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ شارەکە، تا لە رێگەی بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانەوە پۆستی پارێزگاری شارەکە بگرێتەوە دەست و وەک رابرژو پیشانی خەڵکی بدات کە چۆن دادپەروەرانە مامەڵە دەکات.
 یەکێتی دەیەوێت، شارەکە بکاتە شوێنی خزمەتکردن بۆ هەموان بەبێ جیاوازی و دیسان بە هیممەتی هەموو لایەنە کوردییە دەرچووەکان.
ئامانجی یەکێتی ئەوەبوو لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە ئەم هەنگاوە بنێت، بەڵام هێشتاش کە سەرینەگرتووە، بوار ماوە بۆ دوای هەڵبژاردن و دروستکردنی کەشی هاوکاری و رێکەوتن بۆ بەشدارییکردن لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی کەرکوک.
خاڵێکی گرنگ هەیە پێویستە هەموان بیزانین ئەویش ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە لە هەرێمی کوردستان نییە تا دەنگەکان لەناو بازنەی حزبە کوردییەکان بخولێتەوە و دواجار بنیشێتەوە بەسەری یەکێکیاندا، بەم حاڵەی ئێستاوە ئەگەر دەنگدەرە کوردەکان وریایانە دەنگ نەدەن، ئەوا دەنگەکانیان دەبێتە قازانج بۆ لایەنە نەیارەکان بە کوردستانیی کەرکوک.
بۆ ئەوەی دەنگدەرانی کەرکوک چیتر نەبنە کەرەستەی یاریکردن بە چارەنووسیان، با دەنگەکانیان بکەنە چەکی جەنگی دیموکراسییانە و دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بەژمارە ١٤٢، لەبەرئەوەی یەکێتی سیاسەت پلانی نوێی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە و ئامانجیەتی کەرکوک بکاتەوە بە شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان و مافی هەموان وەکو یەک پارێزراو بێت، ئەمەش بە بەهێزیی پێگەی یەکێتی دەکرێت کە بەستراوەتەوە بە دەنگی کەرکوکییەکانەوە.

مێژووی کەرکوک بێ جێدەستی یەکێتی مانای تەواو نادات

وتارەکانی نوسەر