راپرسی بریتیە لە پڕۆسەیەكی زانستیی ئاماریی بە ئامانجی كۆكردنەوە و دەستخستنی زانیاری لەسەر بابەتێكی دیاریكراو، دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە دەتوانرێت سوود لە دەرەنجامی راپرسییەكە وەربیگرێت، یاخود راستییەك لەسەر بابەتی ئامانجدار بەدەستەوە بدات.
هەڵبژاردنی بابەتێكی وەها لەم كاتەدا لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ هەڵبەت هەفتەی رابردوو دەزگایەكی میدیای حزبی دیار دەرەنجامی راپرسییەكی لەسەر هەڵبژاردنەكان راگەیاندبوو كە سەرلەبەری ئەو ئەنجامە نەك هەر تەنها نیشانەی پرسیاری لەسەر بوو، بەڵكو جێگای سەرنج و تێڕامان بوو، هاوكات هیچ بنەمایەكی زانستی پێوە دیارنەبوو.
کردنی راپرسی پێویستی بە میكانیزم و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە كە تایبەتمەندییەكەی بریتیە لە بێلایەنی و هەروەها پێویستە بزانرێت راپرسی چییە؟
كێ دەیکات؟ چەند خەرجی پێویستە؟ چ میكانیزمێك هەڵدەبژێردرێت بۆ بەڕێوەچوونی واتە بە شێوازی ئەلكترۆنی یاخود مەیدانی؟
هاوكات پرسیارەكان سادەو روون و ئامانجدارە، ئاخۆ هەموو چین و توێژێك لە پرسیارەكان تێدەگات؟ یاخود بژاردەكانی ئەو راپرسییە لەبار و گونجاوە؟ هەموو ئەمانە پرسیارگەلێكن پێوست و گرنگن لە راپرسیدا رەچاو بكرێت، وێڕای رەچاوكردنی ناوەڕۆكی ئەو بابەتە، پێویستە راپرسی رەچاوی ناوچە و شارە جیاوازەكان بكرێت، هەڵبەت مەبەستم ناوچەی بارەگا و پارتێكی حزبی نییە، بەڵكو مەبەستم لەسەر ئاستی شارەكانە، دەبێت لە هەموو تەمەنەكان بەشداری پێبكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا توێژەكانی دەوڵەمەند و مامناوەند و هەژار، تەنانەت ئاستی رۆشنبیرییە جیاوازەكان، لە پایتەختەوە تا دەگاتە گوندنشین، لە توێژی نووسەر و هەڵگری بڕوانامە باڵاكان، چینی کرێکار و جووتیار و کاسپکاران تا دەگاتە خەڵكی ئاسایی كۆمەڵگە، خۆ ئەگەر هەموو ئەو چین و توێژانە بەشداری پێبكرێت، ئەوكات دەتوانرێت ئامارێكی نزیك لە راستی بدات بەدەستەوە، بەڵام ئەوەی كە لەم چەند رۆژەدا راگەیانرا، نیشانەی پرسیاری لەسەر میدیای ناوبراو و سەرپەرشتیاری پڕۆسەكە و تەواوی ستافەكە دانا و متمانەی بینەر و وەرگر و خوێنەری لەدەستدا.