فه‌ره‌نسا وڵاتی شۆڕش و مۆده و فاشیۆن
زۆربه‌مان له سه‌ره‌تاوه فه‌ره‌نسامان وه‌ك وڵاتی شۆڕش وروخاندنی به‌ندیخانه‌ی پاستیل و بێنه‌وایان و قه‌مووری نۆته‌ردامی ڤیكتۆر هۆگۆ و تاوه‌ری ئیڤڵ وپاریسی رووناكی وڵاتی مۆده و فاشیۆن ناسیوه، به‌ڵام كه‌ممان فه‌ره‌نسا وه‌ك یه‌كێك له وڵاته گه‌وره ئیستیعمارییه‌كانی دونیا له‌پاڵ وڵاتانی به‌ریتانیا، ئیتالیا، پورتوگال، ئیسپانیا و هۆڵه‌ندا، ده‌ناسین و زانیاریمان له‌باره‌یه‌وه هه‌یه. فه‌ره‌نسا له خۆرهه‌ڵاتی ئاسیاوه، تا ده‌گاته هه‌ردوو ئه‌مریكای باكوور و باشووریش وه‌ك داگیركه‌ر و ئیستیعمار وجودی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاشی داگیركردبوو.
گه‌وره‌ترین و درێژترین مانه‌وه و خۆسه‌پاندنی فه‌ره‌نسا، له ئه‌فریقا بووه و هه‌یه! به رواڵه‌ت ده‌بوو دوای سه‌ربه‌خۆیی جیبۆتی له ساڵی 1977دا، ئیستیعماری فه‌ره‌نسا له ئه‌فریقا نه‌مایه كه ته‌مه‌نی 400 ساڵ بوو، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو!
له 50 ساڵدا 67 كۆده‌تا له 26 وڵاتی ئه‌فریقا روویانداوه
به ناوی پێشكه‌وتنەوە داگیركارییان كرد
به‌داخه‌وه فه‌ره‌نسییه‌كان به‌قێزه‌ونترین و دڕندانه‌ترین شێواز په‌لاماری ئه‌فریقایان دا، سه‌ره‌تا له ساڵی 1624 دا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌نیگالیان گرت. كاتێكیش تێگه‌یشتن ئه‌فریقا چ سه‌روه‌ت وسامانێكی له‌بن نه‌هاتووی تێیدایه، به ناوی چه‌سپاندنی پێشكه‌وتن و مه‌ده‌نییه‌ته‌وه، داگیركارییه‌كه‌یان فراوانتر كرد و له ساڵی 1830 جه‌زائیریان داگیركرد. 1832 كۆتدیڤوار، 1881 تونس، 1883 بینین و مالی 1890، گینیا و نایجه‌ر، 1920 هه‌موو خۆرئاوای ئه‌فریقایان داگیركرد.
فه‌ره‌نسا ده‌ستی به هه‌رشتێكدا بگه‌یشتایه ده‌یبرد و به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو ده‌ستی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌شی برد و زیاتر له پێنج ملیۆن و300 هه‌زار كه‌سی وه‌ك كۆیله برد و به‌شێكی وه‌ك كۆیله فرۆشتن بۆ كاركردن له‌و وڵاتانه‌ی داگیری كردبوون و ئه‌وانی تریشیان وه‌ك سه‌رباز له سوپای فه‌ره‌نسادا خسته كار و له شه‌ڕ و جه‌نگه‌كانیدا له ریزی پێشه‌وه دایده‌نان. 20 وڵاتی داگیر كرد
له100 ساڵدا فه‌ره‌نسا 20 وڵاتی داگیركردبوو. پاش به‌ناو ته‌واوبوونی سه‌رده‌می ئیستعماری فه‌ره‌نسا، شێوازێكی تری داگیركاری په‌یڕه‌و كرد، كه پێی ده‌وترێ ئیستیعماری ئابووری، یان ئیستیعماری نوێ . پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی دووه‌می جیهان، ویست و خواستێكی به‌رچاو بۆ ده‌ربازبوون له ژێرده‌سته‌یی و سه‌ربه‌خۆیی له‌نێو وڵاتانی ئه‌فریقا په‌ره‌ی سه‌ند، فه‌ره‌نسا هه‌وڵێكی زۆری دا ئه‌و ویسته نه‌یه‌ته‌دی و به هێز به‌ره‌نگاری بۆ‌وه، به‌ڵام بۆی نه‌چووه‌سه‌ر و ناچار بوو، بۆ نموونه له ساڵی 1960دا، دان به سه‌ربه‌خۆیی جه‌زائیردا بنێ و پاش ئه‌وه بیر له رێگایه‌كی تر بكاته‌وه بۆ مانه‌وه له ئه‌فریقا و قایمكردنی شوێنی خۆی، بۆیه په‌نای برده به‌ر پیلانێكی زۆرزانانه، كه وایكرد سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی به‌شی زۆری وڵاتانی خۆرئاوا و ناوه‌ڕاستی ئه‌فریقا، ته‌نیا شتێكی رووكه‌ش بێت. خاوه‌نی بیرۆكه‌ی ئه‌م پیلانه سه‌رۆك شارل دیگۆل سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بوو، به‌یارمه‌تی یه‌كێك له راوێژكاره‌كانی كه ناوی جاك ڤۆكار بوو. ئه‌و وڵاتانه‌ی فه‌ره‌نسا ناچاریكردن له‌ژێر ركێفی ئه‌ودا بمێننه‌وه، ئه‌مانه بوون: سینیگال، گینیا بیساو، كۆت دیڤوار، بۆركینافاسۆ، تۆگۆ، بینین، مالی، نایجه‌ر، چاد، ئه‌فریقای ناوه‌ند، كامیرۆن، كۆماری كۆنگۆ، گینیای ئیستیوایی.
زمانی فه‌ره‌نسی زمانی سه‌ره‌كی بێت
فه‌ره‌نسا چۆن توانی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌دا بسه‌پێنێته‌وه؟ هه‌ر وڵاتێك سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرت، فه‌ره‌نسا ناچاری ده‌كرد رێكه‌وتنێكی هاوكاری له‌گه‌ڵدا ئیمزا بكات و ئه‌م مه‌رجه سه‌ره‌كییانه له‌خۆ بگرێ: زمانی فه‌ره‌نسی زمانی سه‌ره‌كی وڵات بێ، فه‌ره‌نسا بۆی هه‌بێ هه‌ر كاتێ ویستی هێزی سه‌ربازی له‌و وڵاتانه‌دا به‌كار بهێنێت، قه‌ده‌غه‌كردنی په‌یوه‌ندی ئابووری له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری ئه‌فریقا، پێدانی سه‌رجه‌م پڕۆژه حكومییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه به كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان، ناچاركردنی هه‌ر چوارده وڵاته‌كه به به‌كارهێنانی یه‌ك جۆر پاره كه ناوی نرا فرانكی ئه‌فریقایی. ئه‌م پاره‌یه ته‌نیا ناوه‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئه‌فریقاوه بوو، له فه‌ره‌نسا چاپ ده‌كرا و به فرانكی فه‌ره‌نساییه‌وه و دواتریش به یۆرۆوه گرێدرابوو. ئه‌و وڵاتانه ناچاركرابوون له ٪50 پاشه‌كه‌وتی پاره‌ی بیانی له بانكه‌كانی فه‌ره‌نسا دابنێن و بۆیان هه‌بوو له ساڵێكدا ته‌نها له ٪15 راكێشن و گه‌ر زیاتریشیان بویستایه ده‌بوو به قه‌رز وه‌ریبگرن به‌سووده‌وه. به‌مه‌ش پاره‌ی خۆیانیان به قه‌رز وه‌رده‌گرته‌وه. ئه‌و وڵاتانه‌ش مافیان نه‌بوو سیاسه‌تی نه‌قدی خۆیان هه‌بێ. له‌بری ئه‌و پاره‌یه‌ش فه‌ره‌نسا بۆیان چاپ ده‌كات، زێڕ و یۆرانیۆم و سامانه سروشتییه‌كانی تر بۆخۆی ده‌بات. زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه به‌و بارودۆخانه رازی نه‌بوون و به‌شێكیان هه‌وڵیاندا له‌ژێر ركێفی فه‌ره‌نسا ده‌رچن، بۆ نموونه گینیا به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د سیكۆتۆری هه‌وڵیدا ده‌ربازبێ، قسه‌كه‌ی سیكۆتۆری به ناوبانگه كه وتبووی: سه‌ربه‌ست و هه‌ژار بم، نه‌ك دیل و ده‌وڵه‌مه‌ند. له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی بووه‌وه له‌سه‌ر كار لایبرد و گینیای تووشی نه‌هامه‌تی كرد. له‌م هه‌وڵه‌ی سیكۆتۆری له‌چه‌ند وڵاتێكی تر هه‌بوون و هه‌موویان به‌ئاگر و ئاسن رووبه‌ڕوبوونه‌وه. له 50 دواییدا 67 كۆده‌تا له بیست وشه‌ش وڵاتی ئه‌فریقادا روویانداوه، 16 له‌وانه له‌كۆنه موسته‌عمه‌ره‌كانی فه‌ره‌نسادا بوون . له ساڵی 1960 ه‌وه، فه‌ره‌نسا 50 جار ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌و وڵاتانه‌دا كردووه. فه‌ره‌نسا چیی ده‌ستكه‌وتووه له‌م بارودۆخه؟ بۆ نموونه، ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ناو سه‌ربه‌خۆبوون، ده‌بێ قه‌ره‌بووی فه‌ره‌نسا بكه‌نه‌وه، تۆگۆ له ٪40 به‌رهه‌می ناوخۆی ده‌دا به فه‌ره‌نسا، هه‌موو مامه‌ڵه دارایی و ئابوورییه‌كانی ئه‌و 14 ده‌وڵه‌ته‌ی پێشتر ئاماژه‌مان پێداوه، ده‌بێ به ئاگاداری فه‌ره‌نسا بێ.
یۆرانیۆمی ئه‌فریقا نه‌بێ فه‌ره‌نسا تاریك ده‌بێت
له ٪70 به‌رهه‌می كاره‌بای فه‌ره‌نسا كووره ئه‌تۆمییه‌كانی به‌رهه‌می دێنن كه به یۆرانیۆم كار ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌و یۆرانیۆمه‌ش له مالی و نه‌یجه‌ر و بۆركینا فاسۆی ده‌هێنێ، ئەگه‌ر ئه‌و یۆرانیۆمه نه‌بێت، فه‌ره‌نسا ده‌بێته تاریكستان. له‌به‌رامبه‌ردا، له ٪90 مالی ونه‌یجه‌ر بێ كاره‌بان! یه‌ده‌كی ئاڵتوونی فه‌ره‌نسا 2436 تۆنه وخاكه‌كه‌ی یه‌ك گرام زێڕی تێیدا نییه وچواره‌م وڵاته له یه‌ده‌كی زێڕدا. له مالی 860 كانی زێڕی هه‌ن و ساڵانه 70 تۆن به‌رهه‌مدێنێ و یه‌ده‌كه‌كه‌ی خۆی، سفره. فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر خێر و بێری ئه‌و وڵاتانه ده‌ژی، یۆرانیومه‌كه‌ی له نایجه‌ر و بۆركینا فاسۆ و مالی، شۆكۆلاته‌كه‌ی له كاكاوی كۆت دیڤوار، سووته‌مه‌نی له گابۆن و چاد. فه‌ره‌نسا ساڵانه 400 بۆ 500 ملیار یۆرۆی له ئه‌فریقا ده‌ستده‌كه‌وێت. ئه‌م سه‌روه‌ته زۆره‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت، له هه‌ژارترین كیشوه‌ری دونیایه و شه‌ش له‌و وڵاتانه له لیستی هه‌ژارترین 20 وڵاتی جیهاندان. جاك شیراك سه‌رۆكی پێشووتری كۆچكردووی فه‌ره‌نسا وتبووی: به‌بێ ئه‌فریقا فه‌ره‌نسا ده‌چێته ریزی وڵاتانی جیهانی سێیه‌مه‌وه.
تێبینی/ بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته سوود له په‌یجی « تاریخ پوست» له یوتیوب وه‌رگیراوه.