تەکنەلۆژیا و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکانی ژنان

09:41 - 2023-08-22
به‌یان ئیبراهیم
580 خوێندراوەتەوە

بەیان ئیبراهیم

سەردەمی ئێستا بەوە دەناسرێت سەردەم و قۆناغی پێشکەوتن و ماف و ئازادییەکانە، بە واتایەکی تر سەردەمی گڵۆباڵ و خێرایی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری و بچووک بوونەوەی دنیایە بۆ گوندێک، بە وێنەیەکی تر سەردەمێک کە ناسراوە بە سەردەمی ئازادییەکانی تاک، ئەمەش بەهۆی ئامێرە زیرەکەکانی پەیوەندیکردن و تێکەڵبوونی کەلتوری شارستانییەتەکان، خۆ ئەگەر لەم نێوەندەدا مۆبایل بە یەکێک لە نیشانەکانی پێشکەوتن و رادەست گەشتن بە زانیاری هەمەچەشن ناوبنێین، ئەوا دەکرێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئایا ئەم پێشکەوتنانە لەگەڵ خۆیدا توانیویەتی تاکەکان سەر بە هەر ئایین و کەڵچەرێک بن بگەیەنێتە ئاستی ئازادی و نەهێڵێت مرۆڤەکان لەژێر هیچ بیانوویەکدا ئازادییەکانی بەرتەسک ببێتەوە؟ واتا بەپێی قۆناغی پێشکەوتن پاشخانی تاک و کۆمەڵگە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی مرۆڤەکان بتوانن ئازاد بن.

قەیدکردنی تاک

لەم روانگە و دیدەوە ئەگەر ئەم پێوەرە بهێنین و کاری لەسەر بکەین لەئاستی جۆری پەیوەندییەکانی کورد و کاریگەری کەڵچەر و دەستڕاگەشتن بە ئامێرە زیرەکەکانی پەیوەندی، خۆ ئەگەر دیوی یەکەمی پێشکەوتن بریتی بێت لە شۆڕشی پەیوەندی و سمارت و ئایتی و دەسەڵاتە شەفافەکان و دیموکراسی و بازاڕی ئازاد و رۆژنامەگەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی کەمینەکان..هتد، ئەوا دیوە شاراوەکەی ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژیایە بۆ خۆمان جگە لە بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان و قەیدکردنی تاک هیچی تری لێنەکەوتووەتەوە بە پلەی سەرەکی.

 

 

ئامێرەکانی پەیوەندی ئەگەر لە ژیانی رۆژانەماندا کارئاسانی کردبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری کاریگەریشی هەبووە لەسەر بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان بەتایبەت بۆ ژنان

 

 

 


بەرزنەبوونەوەی هۆشیاری تاک

بە مانایەکی تر ئەوەی ناو دەبرێت بە بەکارهێنانی دوو سەرە  بۆ ئامێرەکانی پەیوەندی ئەگەر لە ژیانی رۆژانەماندا کارئاسانی کردبێت بۆ پەیوەندی وەرگرتنی زانیاری ئەوا سەری دووهەمی بریتی بووە لە بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان بەتایبەت بۆ ژنان، چونکە کەڵچەرەکە بە پلەیەکی دیاری باڵادەست بوونی هەیە و حوکم دەکات، ئەم پێشکەوتنانە نەیتوانیوە ئاستی هۆشیاری تاک بگەیەنێتە ئاستێک کە مافە کەسییەکان ئازادی تاکە کەسێکی تر بۆی نییە بە حوکمی کەڵچەر و عادات بێت تەحەکوم بە ئازادییەکانی تاکەوە بکات، تاک کۆمەڵێک ئازادی تایبەت بەخۆی هەیە کەس بۆی نییە بازنەی ئەم ئازادییانە ببڕێت خۆ ئەگەر بە یاسا ئەم ئازادییە کەسییانە دیاری کرابێت و دەسەڵات و دادگاکان بەرپرس بن بەرامبەر هەر پێشێلکردنێک بۆ هەر کەسێک کە ئازادییە تاکییەکانی تاکێکی تر پێشێل بکات ئەوا لای خۆمان نەک هەر غائیبە بەڵکو دادگاکانیش ناتوانن یاساکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن.

خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی

لێرەوە لە هەرێمی کوردستان نەک هەر کەسەکان و بە تایبەت ژنان ئازادتر نەبوون بەراورد بە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بگرە سنووری ئازادییان بەرتەسک تر بووەتەوە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و زیرەکەوە، وای لێهاتووە ژنێک ناوێرێت بۆنەیەکی خێزانی خۆی دابنێت بە جۆرەها شێوە کاری لەسەر دەکرێت و وێنەکەی دەبرێت تێکست یان باکگراوندی تری بەبێ رەزامەندی خۆی دەخرێتە سەر، ئەمەش بەهۆی ئامادەگی گەورەی کەڵچەر و عادات و عورفەوە بەر تانە و تەشهیری گشتی دەکەوێت، بە تایبەت لەم کاتانەدا کە سیاسییەکان ململانێیەکی ناتەندروست دەکەن و کۆی کۆمەڵگەشیان بە سیاسی کردووە ، مل شکاندن و یەکتر ناشیرینکردنی سیاسی بووەتە نەریتێکی زۆر خراپ و هەر لەوێوە دادەبەزێت بۆ پەیوەندییەکانی تری کۆمەڵگە و لێرەوە لەبری ئەوەی ئازادییە کەسییەکان فراوان بێت بەرتەسک تر دەبێتەوە ، ژنان قوربانی یەکەمی دەستی ئەم جۆرەن لە ململانێی ناشەریفانە و بڕینی سنووری ئازادی تاکەکان و بەرتەسک بوونەوەی ئازادییەکان.

سەردەمی گڵۆباڵ و خێرایی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری

وتارەکانی نوسەر