لەم ماوەیەی پێشوودا و وەك كاری هەمیشەیی هەفتانەم، بۆ سەردانیكردنی ناوبازاڕ و كتێبخانەكان، لە یەكێك لە كتێبخانەكاندا چاوم بە كتێیی (( 31ی ئاب هەڵگەڕانەوە یان درێژەپێدانی مێژوو؟)) كەوت كە بە بەرگ و دیزاینە سەرنجڕاكێشەكەیەوە كەمەندكێشی كردم و خۆم پێنەگیرا و دانەیەكم كڕی.
دوای خوێندنەوەی لە ماوەیەكی كەمدا حەزمكردم ئەم خوێندنەوەیەی بۆ بكەم.
كتێبەكە لە دووتوێی (466) لاپەڕەی قەبارە وەزیریدا 24*17سم و بە دیزاینێكی جوان و سەرنجڕاكێشی بەرگ و ناوەڕۆكەكەیەوە چاپكراوە.
ئەم كتێبە وەك لە بەرگەكەیەوە دیارە، بە ناوی بەڕێز (جەمال گۆران)ەوە نووسراوە و لە ساڵی 2022دا چاپی یەكەمی لێ بڵاوكراوەتەوە.
پێناسە و چەمکی خیانەت
كتێبەكە لە 9 بەش و 34 پاشكۆ و وێنەی جۆراو جۆری لەخۆگرتووە و سوودی لە 47 سەرچاوەی كوردی و 6 سەرچاوەی عەرەبی و یەک سەرچاوەی فارسی و حەوت پێگەی ئەلكترۆنی وەرگرتووە.
بە راستی كتێبەكە ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە و كاك جەمال پێوەی ماندووبووە.
بەكورتی بەندە تیشك دەخەمە سەر بەشەكانی كتێبەكە و لای خۆمەوە هیچ زیادەیەك یان تێچێنێكی بۆ زیاد ناكەم:
بەشی یەكەم: بە ناونیشانی خیانەتكردنە، كە بەشێوەیەكی زانستی باس لە خیانەتكردن و پێناسەكەی و چەمكی خیانەت و هۆكارەكانی و جۆرەكانی خیانەت و دەرەنجامەكانی دەكات و خیانەت لە روانگەی ئیسلامەوە باس دەكات و چەندین ئایەتی قورئان و فەرموودەی پەیامبەر لەوبارەیەوە دەهێنێتەوە.
دواتریش سزای خیانەتیش باس دەكات لە روانگەی ئیسلامەوە و زیاد لە 17 كەسایەتی خیانەتكاریش لە مێژوودا بەنموونە دەهێنێتەوە.
پەیوەندییە نهێنی و ئاشکراکانی پارتی بە بەعسەوە
بەشی دووەم: باسێك دەربارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەنێوان شكست و هەستانەوەدا دەكات و ئەم بەشەشی دابەشكردووە بەسەر پێشەكییەكی مێژوویی و جیاوازییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و قسەش دەربارەی پەیوەندییە نهێنی و ئاشكراكانی نێوان حزبی بەعسی عیراق و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە دێر زەمانەوە و تا ساتەوەختی 31ی ئابی ساڵی 1996 كە گەیشتە لووتكەی پەیوەندییەكانیان بە ئاشكرا.
بەشی سێیەم: بە ناونیشانی كارەسات و خیانەتی 31ی ئابی ساڵی 1996، كە لەم بەشەشدا باس لە بەرەژانی روودانی كارەساتی 31ی ئاب دەكات و دواتر هەوڵ و كۆبوونەوەكانی ئاشتی و شەڕ راگرتن دەكات و رێكەوتننامەكانی نێوان یەكێتی و پارتی باس دەكات و بە وردیش رۆژژمێرەكانی پێش كارەساتی 31ی ئاب دەخاتەڕوو و دواتریش هۆكاری روودانی كارەساتەكەش باس دەكات و بە دوور و درێژیش كارەساتەكە دەگێڕێتەوە لەلایەن سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە نموونەی مستەفا چاوڕەش، مەحمود سەنگاوی، مەلا بەختیار، سەڵاح رەشید لە كتێبی شەڕی ناوخۆی كورد، مام جەلال دیداری تەمەن، محەمەدی حاجی مەحمود و بەهرۆز گەڵاڵی و دواتریش دەنگدانەوەی كارەساتەكە لە رۆژنامە و گۆڤار و سایتە كوردی و عەرەبییەكاندا باسدەكات.
لەبەشێكی تریشدا رووداوەكانی كارەساتەكە لە رۆژانی كارەساتەكەدا بە وردی باس دەكات.
هۆکارەکانی شکستی کاتی و هەڵسانەوەی یەکێتی
بەشی چوارەم: لەم بەشەدا هۆكارەكانی شكستی یەكێتی و هەڵوێستە جیاوازەكان لە كارەسات و خیاتی 31ی ئابی 1996دا، باس لە هۆكارەكانی شكستە كاتییەكەی یەكێتی دەكات و دواتریش هەڵوێستە جیاوازەكانی وڵاتان لەبارەی كارەساتەكەوە لەلایەن هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و عیراق خۆی و ئێران روون دەخاتەڕوو. دواتریش باس لە شەڕی بزووتنەوەی ئیسلامی دژبە یەكێتی دەکات وەك لایەنێكی شەڕی ناوخۆ و شەریكی پارتی و بە وردی رۆژژمێرەكانی ئەو شەڕانە باس دەكات و دواتریش باس لە هەڵوێستەكانی توركیا و پارتی خۆی و وڵاتە عەرەبییەكان و پەكەكەش دەكات.
بەشی پێنجەم: بە ناونیشانی هەڵمەتەكانی هەستانەوەی یەكێتی کە باس لە گەردەلوولی تۆڵە دەكات و تیایدا بە دوور و درێژی باسی هەڵمەتی هەستانەوەی یەكێتی دەکات لە گەردەلوولی تۆڵەدا كە چۆن توانیوێتی لە ماوەی كەمتر لە 43 رۆژدا زۆربەی ناوچە لەدەستدراوەكانی بگرێتەوە و ئەگەر هەڵوێستە جیاوازەكانی وڵاتان نەبوایە، ئەوا هەولێریشی دەگرتەوە، دواتریش باس لە هەڵمەتەكانی گەردەلوولی تۆڵەی دووەم دەكات و بە وردی ئامادەسازییەكان و رۆژژمێرەكانی دەخاتە بەرباس و وردكردنەوەوە.
پەنابردنی پارتی بۆ تورکیا لە گەردەلوولی تۆڵەدا
پاشان باس لە پەنابردنی پارتی دەكات بۆ توركیا و جارێكی تریش رۆژژمێرەكانی ئەو داگیركارییەی سوپای توركیاش دەخاتەڕوو كە بە خیانەتی سێهەمی پارتی ناوی دەبات و باس لە پەلاماردانە ئاسمانی و وشكانییەكانی سوپای توركیا دەكات بۆ سەر هێزەكانی یەكێتی و دواتریش چۆن سوپای توركیا كشاوەتەوە.
بەشی شەشەم: بەراوردكاری نێوان خیانەتەكانی پارتی، لەم بەشەدا باس لە خیانەتەكانی پارتی دەكات بە درێژایی مێژوو کە چۆن داگیركەرانی كوردستانی پەلكێشكردووە بۆ ناو كوردستان و باس لە خیانەتی پارتی – ئێران و پارتی – توركیا و دواتریش سەرتۆپی خیانەتەكانی پارتی لەگەڵ عیراق و رژێمی بەعسدا لە 31ی ئابی 1996دا و دواتریش باس لە كاریگەرییە خراپەكانی كارەساتەكە دەكات بۆ سەر یەكێتی و دواتریش چۆن پارتی سوود و كەڵكی گەورەی لەو خیانەتە وەرگرتووە.
بەشی حەوتەم: ئەم بەشە کە بە ناونیشانی بۆچی شكست روویدا؟ هاتووە، لەم بەشەدا باس لە كارەساتی 31 ئاب دەكات وەك شكستێكی سەربازیی كاتی بۆ یەكێتی و دواتر ئەو پرسیارە دەوروژێنێت كە بۆچی ئەو شكستە ڕوویدا؟
بەشی هەشتەم: بە ناونیشانی هەڵسەنگاندنی كارەسات و خیانەتی 31ی ئابی 1996 و باس لە هەڵسەنگاندنی كارەساتەكە دەكات و بەرەنجامەكانی ئەو كارەسات و شكستەش دەخاتەڕوو.
خیانەتەکانی دوای 2003
بەشی نۆیەم: جارێكی تر باسی خیانەتەكانی پارتی دەكات لە دوای رزگاركردنەوەی عیراق لە ساڵی 2003دا: باس لە كارە خیانەتكارییەكان دەكات لە ساڵانی 2003 و 2005 و2011 و 2013 و 2014دا و دواتر بە وردەكارییەوە باس لە پاشەكشەی پارتی دەكات لە شنگال و هەڵهاتنی لە بەرامبەر داعشدا و دواتریش دەگەڕێتەوە سەر باسی هەڵوێستە خیانەتكارییەكانی پارتی لە ساڵانی 2015 و 2106 و 2017 دا و پاشان لەو نێوەندەدا باس لە ریفراندۆمەكەی 25 ی ئەیلولی 2017 دەكات و دواتریش سیاسەتی شكستخواردووی ئابووریی سەربەخۆ و شەڕی داعش و دواتریش رێكەوتنی لەگەڵ عیراق، جارێكی تریش درێژە بە باسكردنی كارە خیانەتكارانەكانی پارتی دەدات لە ساڵانی 2018 و 2019 و 2020 و 2022 و دواهەمینیش باس لە رێكەوتنە سێقۆڵییەكی پارتی و سەدر و حەلبوسی دەكات و باس لە هەموو ئەو سەردانانەی سەرکردەکانی پارتی دەكات بۆ لای ئەردۆغان و توركیا كە هەموویان لە دژی كورد و سەربەخۆیی و لە خزمەتی توركیا و ئەردۆگاندا بوون.
دواتریش باس لە هەڵوێستە خیاتەكارانەكانی پارتی دەكات دژبە كوردستانیانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە سەردەمانی شۆڕشی ئەیلولەوە تا ساڵی 2022.
لە كۆتاییشدا نووسەر دەگەڕێتەوە سەر ناونیشانی كتێبەكە و ئەو پرسیارە دووبارە دەكاتەوە كە ئاخۆ كارەسات و خیانەتی 31ی ئاب 1996 هەڵگەڕانەوە بووە لە مێژوو، یان درێژەپێدەری رێبازێك بووە لەلایەن سەرکردایەتیی پارتییەوە؟ و وەڵامەكەشی بەجێهێشتووە بۆ خوێنەر كە خۆی هەڵسەنگاندن بكات و ئەوكات بڕیاریش بدات.
هەستی نیشتمانی و جڵەوی بێلایەنی
لە كۆتایی كتێبەكەشدا 34 پاشكۆ و بەڵگەنامەی خستۆتەڕوو بۆ سەلماندنی كارەساتەكە و چەندین وێنەی رۆژانی كارەساتەكە و دیل و گیراو و سەردانەكانی سەرکردەکانی پارتیشی خستۆتەڕوو.
دواجار دەمەوێت بڵێم ئەم كتێبە ئەگەرچی نووسەر هەوڵیداوە بێلایەنی بپارێزێت، بەڵام گەورەیی كارەساتەكە و خیانەتەكە هەندێکجار وایکردووە کە نووسەر بەهۆی هەستی خەمخۆری و نیشتمانپەروەریی خۆیەوە جڵەوی بۆ نەگیراوە و زۆر جاران بە توندی باس لە خیانەتەكانی پارتی دەكات.
بەهەرحاڵ كتێبەكە ماندووبوون و هەوڵێكی گەورەی پێوە دیارە و دەكرێت وەك سەرچاوەیەكی متمانەپێکراویش لێی بڕوانرێت و گرنگە نەوەی ئێستا و داهاتووش ئەم كتێبە بخوێننەوە.
بە هیوای ئەوەی كە گەل و نیشتمانەكەمان لەسەر دەستی سەركردە و پارتە سیاسییەكانی جارێكی تر ئەو هەڵە مێژووییانە دووبارە نەكەنەوە و واز لە ململانێی ناوخۆیی بهێنن و نێوماڵی كورد یەکبخەنەوە و هەموویان پێكەوە برینەكان ساڕێژ بكەن و قەتماغەكانیان هەڵنەدەنەوە، چونكە كورد تەنها بە یەكگرتوویی و یەكێتییەوە دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی و قوربانییەکانی و خەبات و قەوارەكەی بكات، نەك بە خیانەتكردن و خۆفرۆشی و وڵاتفرۆشی.