ئێمە لە وڵاتێکی دەوڵەمەند به سامانە سروشتییەکان و داهاتەکانی وەک گومرگ و ....هتد دەژین، رۆژانە نەوتمان هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرد، سەرەڕای کەمیی ژمارەی دانیشتوانیشمان، بەراورد بە وڵاتانی تر، بەپێی داتای دەزگا رەسمییەکان، بەڵام رێژەیەکی بەرچاو لە هەژاری لەناوماندا هەیە و بە زەقی هەستی پێدەکەین.
دیاردەیەکی تریش هەیە کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا سەریهەڵداوە، ئەویش بەشێک لە خزمەتگوزارییە پێویستەکانی هاووڵاتیان خراوەتە ژێر دەستی کەرتی تایبەتەوە کە ئەمەش بۆتە بارێکی گران بەسەر شانی هاووڵاتیانی هەژار و تەنانەت خودی حکومەتیشەوە.
ئێستا بە ئاشکرا کۆمەڵگە لە بوونی چێنێک بەناوی چینی مامناوەند لە رووی ئابوورییەوە بێبەش بووە و تەنها دابەشبووین بەسەر دوو چیندا، چینێکیان لە رووی داهات و داراییەوە یەق دەداتەوە و چینەکەی دیکەش کەم دەرامەت بە جۆرێک خەریکە دەگاتە خوار هێڵی هەژارییەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی کایەی سیاسی هەرێم، پاڵپشت بە بیری چەپ و سۆسیال دیموکرات، یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی سەرشانی بریتییە لە خەبات و تێکۆشانی دیموکراسییانە لە پێناوی هاوکاریی هەژاران و نەهێشتنی ئەو جیاوازییە چینایەتییە، ئەویش بە پراکتیزەکردنی چەمکێکی سەرەکیی بیری سۆشیال دیموکرات کە بریتییە لە هێنانەدیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی هەر چوار کۆنگرەی رابردووی ئەم حزبەدا بە روونی و بە دەق پەسەندکراوە.
لە سەرەتای دروستبوونیییەوە کاریگەریی بیری مارکسی-لینینی لە رووی خەباتی چینایەتی و ئەزموونی ماوی، لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەییدا بەسەرییەوە رەنگی داوەتەوە و ئەو دوو خەباتەشی لە مێژووی خۆیدا پێکەوە گرێدابوو و لە مانێفێستی یەکێتیدا لە ساڵی 1975-ەوە چەسپێنراوە کە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان هێندەی نەتەوەییە، هێندەش چینایەتییه و بگرە زیاتریش لە دوای قۆناغی دەستپێکردنی حوکمڕانی و بەجێهێشتنی قۆناغی شۆڕشی چەکداری.
كهواته ئیتر پێویسته لەم سەروبەندەدا کە هەنگاو بەرەو پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنێین، یهكێك له ئهركه ههره سهرهكی و نیشتمانی و نەتهوهیی و چینایەتییەکانی ئەم حزبە، ههوڵدان و پێداگریی بێت لەسەر گرێدانەوەی چەمکی نەتەوایەتی و چینایەتی بە مەبەستی هێنانەدیی خۆشگوزهرانی بۆ كۆمهڵانی خهڵك و كهمكردنهوه و نەهێشتنی ئاستی زۆری جیاوازیی چینایهتی نێوان ئەو چینانە و رێگرتن له گهندهڵی و بهرزكردنهوهی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان، ئەوەش له رێی پێشكهشكردنی پڕۆژه یاسا و كۆكردنهوهی بیروبۆچوونی ئهو حزب و کەسایەتییانهی كه پاڵپشتی ئهو تێز و تێڕوانینە دهكهن تا له پهرلهمانی داهاتوودا بتوانرێت دهنگی زۆرینهی بۆ كۆبكرێتهوه و له قۆناغی پڕۆژه یاساوه بپەڕێنرێتەوە بۆ یاسا، ئهمهش به خۆنزیکكردنهوه له حزبه چهپهكان دێتەدی، تهنانهت ئەو حزب و لایەنە ئیسلامییانەش کە بڕوایان بە چەمکەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەیە، چونكه سۆشیالیزم بهو مانایهی كه هاوكاریكردن و بهرزكردنهوهی ئاستی ژیانی ههژاران بێنێتهدی، هیچ دژ نییه به ناوهڕۆكی فیكری ئابووریی ئیسلامیش، ئهو بۆچوونهشم له ههردوو بیرمهندان (عهلی وهردی و عهلی شهریعهتی ) وهرگرتووه.
جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئاسایی زیاترە