بەرهەم جەبار کەڵهوڕی
کۆمەڵێکی تر لە شارەزایانی مێژوو، وەکو دکتۆر شاکر خەسباک و دکتۆر کەمال مەزهەر، مێژووی کەرکوک دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی( گووتی، لۆلۆیی، خۆری) کە لە باپیرانی ئێمەی کوردن
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کۆن و تازەی کورد بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کورد هەرگیز داگیرکەری خاکی هیچ نەتەوەیەکی تر نەبووە، بەڵکو تەنها بۆ بەرگریکردن لەخۆی و لە خاکەکەی شۆڕشی کردووە، بەراورد بە نەتەوەکانی تر لێی دوور نەکەوتۆتەوە، ئەگەر جارجارێک بەهەر هۆکارێک بووبێت، بەڵکو پێیوابووە کە خاک بەشێکه لەناسنامەی بوونی و دوورکەوتنەوە لێی کاریگەری نەرێنی دروستدەکات لەسەر ئەو ناسنامەیە.
هەر بۆیەش زۆرترین شەڕی بەرگری لەپێناویدا کردووە و یەکێکیشە لەو نەتەوە دێرینانەی سەرەڕای ئەو هەموو رەشەبایانەی هێرشی نەتەوەکانی تر، کەچی هەر لەسەر خاکە دێرینەکەی خۆی بەزیندوێتی لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە کە ئەمەش خاڵێکی هەرە جیاکەرەوەی ئەرێنی نەتەوەکەمانە کە نیشانەی زیندوێتی دەگەیەنێت.
بوونی کورد لە کەرکوک مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین. دکتۆر جەمال رەشید ئەحمەد، پێیوایە بە ئەگەری زۆرەوە قەڵای کەرکوک لەلایەن ( گووتی ) ییەکانەوە بونیاد نراوە، کۆمەڵێکی تر لە شارەزایانی مێژوو وەکو دکتۆر شاکر خەسباک و دکتۆر کەمال مەزهەر، مێژووی دێرینی کەرکوک دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی (گووتی، لۆلۆیی، خۆری) کە باپیرانی ئێمەی کوردن.
مێژووی هاتنی نەتەوەکان بۆ ئەم شارە بەراورد بە کورد نوێیە و مێژووناسان دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئەمەوییەکان تا دەگاتە سەردەمی ئێستامان.
ئەو سیفەت و ئاکارە جوانەی کە کوردی پێ دەناسرێتەوە، هەرگیز رۆحیەتی سڕینەوەی ئەوانی تری نییە، بەڵکو هەمیشە حەز به پێکەوەژیان و رێزگرتن لە ئەوانی تر دەکات و پێیوایە فرەیی بابەتێکی زۆر سروشتییەوە و رێزگرتن لەو فرەییەش، ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆییە.
با هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوک لەوە دڵنیا بن کە پارێزگاری نوێ، خوێندکاری خوێندنگەکەی سەرۆک مام جەلال- ە کە هەمیشە جەختی لە لەگۆڕنانی شۆفێنیستی و بەرجەستەکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکە دەکردەوە.
کورد زۆر ئازاری ستەمی چێشتووە، بۆیە ناهێڵێت هیچ کەس ستەمی لێبکرێت بە هۆکاری جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی یان مەزهەبی، با هەمووان دڵنیابن کە پارێزگاری نوێیان دەبێت بە چەترێک بۆ هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوک و سایە و سێبەرەکەی بۆ هەمووان دەبێت بەبێ جیاوازی.