(21)
لەمناڵییەوە، چ ئەو كاتانەی مام سەعید باداوەیی بەخۆی و بە ئەسپ و عارەبانەكەی لە گەڕەكەكەی ئێمە بە دەم فرۆشتنی قوماشی ژنانەوە، بە وتنی (حەیران) شتەكانی دەفرۆشت و بە دەنگێكی خۆش دەیلاواندەوە، چ ئەو كاتانەی لەگەڵ بەهەشتیی دایكم دەچووم بۆ تەعزیە یان لە گەڕەك تەعزیە هەبوایە، ئەوە گوێم لە ژنە حەیرانبێژ و سەردوولكە خوێنەكان دەبوو، واتە هونەری (حەیرانبێژی) هەم لە پیاوان و هەم لە ژنان بە درێژایی دروستبوونی هەبووە، بە تایبەت ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆ كردبێ دەشتی هەولێر بەتایبەت قەراج و كەندێناوە سەرچاوەی حەیرانن.
حەیران، بە بەراورد بە هونەرەكانی تری گۆرانی، كەمترین سەرچاوەی لەبارەوە هەیە و دەتوانم بڵێم كەمترین شتیش لەبارەوە نووسراوە و وتراوە، چونكە هونەری حەیران، هەم بە بەروارد بە وتنەكانی تری گۆرانی و ئاواز نوێیە و تەمەنی لە 200 ساڵ زیاتر نییە، هەمیش حەیران بە سروشتی خۆی زیاتر ناوەڕۆكەكەی و چیرۆكی حەیرانەكە ناوچەیی بووە، واتە زۆر لۆكاڵی بووە.
حەیران، دەتوانم بڵێم دەربڕینی هەستێكی ئەوینداری حەیرانبێژە، یان گێڕانەوەی رووداوێكی ئەوینداری بەناوبانگە، یان باسكردنە لە پاڵەوانێك و حەیرانیش دەتوانین بە گشتیی بیكەین بە دوو جۆر، جۆری یەكەم پێی دەوترێت حەیرانی سەرچیایی، ئەو جۆرە حەیرانە لە دەشت و دەر و چیا و شاخەكان بەدەنگی بەرز وتراوە، جۆری دووەمیان كە پێی دەوترێت حەیرانی مەجلیسی، ئەوە لەو كۆڕ و دانیشتنانەدا وتراوە كە لە گوند و لادێكان پیاوان كۆبوونەتەوە و حەیرانبێژەكان چڕیویانە.
ئەوەی مایەی سەرنجی منە لەو هونەرە، كە دیارە لە هەولێر و مەهاباد و رانیە و قەڵادزێ و شوێنی تریش هەیە، وەكو گۆرانی ئاسایی نەبووە كە تەنیا پیاوان وتوبێتیان، بەڵكو ژنانیش لە حەیران وتن درێغیتان نەكردووە، بەڵام زۆرینەی حەیرانەكانیان لە تەعزیەخانە و پرسەكاندا وتووە و زیاتر ناوەڕۆكەی تراژیدیی بووە، كاتێك حەیرانیان وتووە، هەموو مەجلیسەكە دەستییان بە گریان كردووە زیاتر لەو تەعزیانە ئامادە دەبوون كە مردووەكە (گەنج) بووە، چونكە كاریگەریی حەیرانەكەیان زیاتر بووە لەسەر ئامادەبووانی تەعزیەكە.
دەبێت، ئەوەش بڵێم، كە راستە حەیرانبێژ لە دەشتی هەولێر زۆر بووە، بەڵام تەنیا چەند هونەرمەندێكیان لای خەڵك زۆر ناسراون، ئەویش بە هۆی تۆمارنەكردنی حەیرانەكان لە ستۆدیۆ و ئاهەنگەكان، بۆیە دەبینین، تەنیا حەسەن حەیران، حەسەن سیساوەیی، رەسوڵ بێزار گەردی و عارەب عوسمان زۆر دیارن، ئەویش بەهۆی بوونی كاسێتیان لە بازاڕەكاندا، ئەگینا حەیرانبێژی مەزن زۆربوونە و لە نەوەی ئێستای گۆرانیش بە داخەوە هیچ حەیرانبێژێكی دیار و ناسراومان نییە، چونكە هەموو ئەوانەی لەم سەردەمە حەیران دەبێژن، گۆرانیبێژن و رێگا و رێساكانی حەیران نازانن.