ژیریی دەستکرد، بە هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانییەوە بۆتە واقیعێکی حەتمی، لە ساڵانی داهاتوودا دێتە نێو هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ و ئامێرەکان جێی دەستی کار، لە زۆرێک لەو کارانەی مرۆڤ دەیکات، دەگرێتەوە. لێرەدا باس لە لایەنێکی گرنگی ئەم پرسە دەکرێت، کە دەبێ هەزاران حسابی بۆ بکرێت، ئەویش رەخساندنی دەرفەتی کارە لە سایەی ئەم واقیعە نوێیەدا، ژیریی دەستکرد پەیوەندییەکی تۆکمەی بە تەکنۆلۆجیاوە هەیە، کە پێشبینی دەکرێت ئامێرەکان، بە تایبەتی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە زۆر بواری کارکردندا جێی مرۆڤ بگرنەوە.
بازاڕی کار پەیوەستە بە خستنەڕووی خواست لەسەر کار و پێشەکانەوە، چەند ئەو پسپۆرییانەی بازاڕی کار پێویستییەتی هێندە رەنگدانەوەی لەسەر ئیستیعابکردنی بازاڕ بۆ دەرچوانی خوێندن هەیە، پێچەوانەکەشی راستە، لەم دوواییەدا، تێبینی لەناوچوونی هەندێک پیشە و وەزیفە دەکەین کە بەرەبەرە نامێنن و ئەوانەی ئەو پسپۆرییانە دەخوێنن دەبێ لە ماڵەوە لێی دابنیشن.
هەر لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، بەرەبەرە ئامێر جێی بە کاری دەستی چۆڵ کرد و زۆری ئەو کارانەی بە دەست دەکران، ئامێر دەیکرد، زیاتر لەوەش هەندێک لە دەوڵەتانی وەک چین و ژاپۆن کەسی ئامێرییان داهێنا تا لە پێشکەشکردنی هەوڵەکان و میوانداری و پێشوازیی کردندا جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە، هەروەها لە نەخۆشخانەکان یارمەتی نەخۆشەکان بدات و چاودێریی بە تەمەنەکان بکات، تێبینی ئەوەش دەکرێت، کە مرۆڤی ئامێری لە فرۆکەخانەکان خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاتوچۆکاران دەکات و یارمەتییان دەدات، لە چێشتخانەکانیش خزمەتکاریی ئامێری پەیدابوون.
پێشبینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا چەندین جۆری پیشە و وەزیفە لەناو بچن، لەبەرئەوە پێویستە جەخت لەسەر هەندێک وەزیفە بکرێنەوە کە دەشی بازاڕ لەخۆیان بگرێت، کە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەی جیهاندا بگونجێنێت، لە سایەی ژیریی دەستکرد و داتای گەورە و تۆڕی زانیاری و تەکنۆلۆجیای نانۆ و ئامرازەکانی تری کە مرۆڤ خۆی دروستی کردوون و جیهانیان داگیرکردووە.
ئەو ئامرازانە ئێستا کێبڕکێ لەگەڵ مرۆڤ دەکەن و شوێنی دەستی ئەویان لە بەجێهێنانی چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی گرتۆتەوە، رەنگە دیاریترین ئەو پسپۆڕییانەی لە ساڵانی داهاتوودا بازاڕی کار پێویستی پێی بێت، بە پێی ئەوەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار و رێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە ئاماژەیان بۆ کردووە، ئەندازیاریی فێربوونی ئامێری و ئەندازیاری داتا و زانای کۆمپیوتەر و ئەندازیاری رۆبۆت و ئەندازیاری سیستم و بەرنامەسازی و زانای توێژینەوە و شرۆڤەکاری داتا و پەرەپێدەری ژیریی کار و پسپۆریی تۆڕەکان و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و چەندین وەزیفەی تری ئەو بوارە کە داخوازییەکانی بازاڕی داهاتوو دابین دەکەن.
سیستمی گشتیی خوێندن و میتۆدەکان و رێگەکانی وانە وتنەوەی زانکۆ و کۆلیجەکان دەبێ لەگەڵ رەوتی ئەم پێشکەوتنەدا بڕوات و جەخت لەسەر ئەو پسپۆرییانە بکەنەوە کە بازاڕی ناوخۆیی و جیهانی پێویستییانە، تا بتوانرێ نەوەیەک بەرهەم بهینرێت، لە بازاڕی کاردا جێگەی خۆی بکاتەوە، ئەگەر وا نەکرێت و رەوشەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا نەوەیەکی بێکار بەرهەم دەهێنین و دەبنە بار بەسەر کۆمەڵگەوە.